کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی گاردی تایبەت بۆ سەر زیندانییەکانی زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج

23:11 - 7 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: چەند ڕۆژ پێش گاردی تایبەتی زیندانی گەوهەر دەشتی شاری کەرەج بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامرۆڤانە هێرشیان کردە سەر زیندنیانی ئەو زیندانە و ئازار و ئەشکنجەیان دان.

هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە؛ ڕۆژی دووشەممە ٤ی بانەمەڕ، زیندانیانی زیندانی گەوهەر دەشتی شاری کەرەج، لەلایەن گاردی تایبەتی ئەو زیندانەوە هێرشیان کراوتە سەر و لە گەڵ لێدان و بێڕیزی ئەو هێزە بەڕەوڕوو بوونەتەوە.

گاردی تایبەت لە کاتی هێرش بۆسەر زیندانیانی مانگرتوو، هاوکات لەگەڵ لیدان و ئازار و ئەشکنجەی زیندانییەکان، پێیان وتوون؛ مان دەگرن هەتا دەنگتان بگاتە میدیاکان، هەڵسووکەوتێکی واتان لەگەڵ دەکەین هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەتان بۆ ڕاگەیاندنەکان لە بیر بچێتەوە.

چەند ڕۆژ پێش، هێزە جینایەتکارەکانی ڕیژیمی ئیڕان دوو زیندانییان بە ناوەکانی عەباس یووسفی و بێهروز حوسێنی پاش حەوتوویەک ڕاگرتن لە ژووری تاکەکەسی بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بارودۆخی نالەباریان، ئازار و ئەشکنجە داوە.

عەباس یووسفی بە هۆی ئەو ئازار و ئەشکنجەوە چووەتە حاڵەتی کۆما.

بەرپرسی زیندانی گەوهەردەشت لە کاتی هێڕش بۆ سەر زیندانیان گوتبووی؛ بە کەرەستەی تێژ لێیان دەن و بیانکوژن، خۆم وەڵامی بنەماڵەکانیان دەدەمەوە.