کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ئازادیی کوردستان کۆچی دوایی کرد

16:35 - 9 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: دایە خەدیجە محەممەد بەیگ دایكی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ماڵئاوایی له ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٧ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی دایە خەدیجە محەممەد بەیگ دایکی شەهید خالید پژگوڵ بەهۆی پیری و بەساڵاچوویی لە شاری بۆکان کۆچی دوای کرد.

دایە خەدیجە ژنێکی دڵسۆزو نیشتمانپەروەر بوو؛ هەروەها کەسێکی وەفادار بە ڕێبازی کوڕەکەی بوو و تا دوایین ساتەکانی ژیانی ژنێکی جێگای بڕوا و باوەڕی خەڵک بوو وهەمیشە بەشانازیەوە باسی شەهید بوونی کوڕەکەی دەکرد.

شەهید خالید پژگوڵ ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە گوندی گۆڵێ سەر بەشاری بۆکان لەدایک بوو؛ ناوبراو یەکێک لە پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هێزی بەیان بوو کە لە شوێنێک بە ناوی گردی قەبران لە تێکهەڵچونێکدا لەگەڵ بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی شەهید بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە وسەرەخۆشی خۆی لە بنەماڵە، خزم وکەس وکاری ناوبراو دەکات وخۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.