کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠ هاووڵاتی عەرەب دەستبەسەر کران

18:22 - 10 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: لە حەوتووی ڕابردوودا هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم ٢٠ هاووڵاتی عەرەبیان لە شاری شوشتەر دەستبەسەر کرد.

هەواڵدەریی هەرانا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە سەر لەبەیانی ڕۆژی ٣شەممە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕ هێزەکانی قەرارگای ئەبولفەزڵی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات، وێڕای هێزە بەسیجییەکان هێرشیان کردۆتە سەر یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری شووشتەر و ٢٠ هاووڵاتی عەرەب زمانی سووننی مەزهەبی ئەم شارەیان لەکاتی نوێژ خوێندندا دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ئەم هەواڵە وێڕای دەستبەسەر کردنی ئەم ٢٠ کەسانە دەست بەسەر کەل و پەلی شەخسییان لەوانە مۆبایلەکانیان دا گیراوە.

شوناسی بەشێک لەم کەسانە بریتییە لە: رەمەزان سوارى، رەسوڵ سوارى، سەعید سوارى، عەبدولکەریم کەعبى، بەشیر سوارى، ئەحمەد چلداوى، سەعید سوارى، حەسەن کەعبى، عەلى کەعبى و ساحێب کەعبى.

تا ئێستا لە هۆکار و شوێنی ڕاگیرانی ئەم کەسانە زانیارییەک بڵاو نەبۆتەوە.

ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوەش ٣ چالاکی ئەهوازی دیکە بەناوەکانی حسەین کەعبی ۲۶ ساڵ، رەحیم کەعبى ۲۳ ساڵ و مۆحەمەد کەعبى ۲۲ ساڵ لە گوندی گوریەی شووشتەر لەلایەن مەئمورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران کە ئەم کەسانەش تا ئێستا چارەنووسیان ڕوون نەبۆتەوە.

نەتەوەی عەرەبیش هاوشێوە باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران سەرەڕای بوونی حەشیمەتی بەرچاو و کۆمەڵێک کانگای بەپیتی ژێرزەوینی و سەر زەوینی لە هەموو مافێکی ڕەوای خۆیان بێبەش کراون.