کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لە وڵاتی سۆئێد بەرز ڕاگیرا

17:45 - 12 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سۆئێد بەشدارییان لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران‌دا کرد.

بە بۆنەی ١ی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکار ، لە وڵاتی سۆئێد وەک نەریتێکی ساڵانە لە چەندین شار بەشێوەی جۆراوجۆر یادی ئەو ڕۆژه کرایەوە.

بەم بۆنەوە له شاری ستۆکهۆڵم بە دەستپێشخەری پارتی سوسیال دێموکراتی سۆئێد لەژێر ناوی مۆدێلی سۆئێدی دەبێ بەهێز بکرێ - نەک هەڵبوەشێنرێتەوە\'\' ڕێپێوانێکی درێژ لە هیومل گۆردـەوە بەرە و بان تۆریەت لە ناوەندی شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو.

لەو ڕێپێوانەدا جگە لە ڕێکخراو و سەندیکاکانی سەر بە پارتی سوسیال دێموکراتی سۆئێد، ژمارەیەکی بەرچاو لە پارت و ڕێکخراوە سیاسیی و مەدەنییەکانی نەتەوە جیاوازەکانی وڵاتانی تر کە لە سۆئێد نیشتەجێن، بەشدار بوون.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەک لەو هێزە سیاسییانە بوو کە بەشداری لەو ڕێپێوانەدا کردبوو.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وتنەوەی درووشم دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئیران و هەڵگرتنی پلاکارد، هەوڵیان دا پشتیوانی خۆیان لە خەڵکی زەحمەتکێش و کۆڵبەرانی کوردستان بگەیەننە گوێی بەشدارانی ڕێپێوانەکە و هاوکاتیش وێڕای لەقاودانی شانۆی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێراندا، داوایان دەکرد پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکرێت و دروشمی بژی کوردستان، بژی پێشمەرگەیان دەگووتەوە.

لە خاڵی کۆتایی ڕێپێوانەکەدا ڕێوڕەسمی وتارخوێندنەوە بۆ بەرپرسانی ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی سەر بە پارتی سوسیال دێموکراتی سۆئێد بەڕێوەچوو کە لەناویاندا لیلی بێکلووند بەرپرسی سوسیال دێموکراتەکانی ستۆکهۆڵم تایبەت بە ڕۆژی کرێکار و مافەکان و داواکانیان، وتاری پێشکەش کرد.