کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پێشەوادا سێمینارێکی لە خوێندنگەی پێشەوا بەڕێوە برد

01:23 - 13 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد، سێمینارێکی لە خوێندنگەی پێشەوا لە شاری کۆیە بەڕێوە برد.

لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم سەرکۆماری کوردستان، مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات سەردانی خوێندنگەی بنەڕەتیی پێشەوا لە شاری کۆیە کرد.

هیجری لەو سەردانەدا لەگەڵ بەڕێوەبەر، مامۆستایان و خوێندکارانی خوێندنگەکە دیداری کرد و سێمینارێکی لە سەر کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد بۆ خوێندکارانی خوێندنگەکە پێک هێنا.

لەو سەردانەدا مامۆستا ڕەنج بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە سپاسی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد کە سەردانی خوێندنگەی پێشەوای کردووە و گوتی جێگای شانازیی ئێمەیە کە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات سەردانی خوێندگایەکی کردووە کە ناوی نراوە پێشەوا.

پاشان مستەفا هیجری وێڕای سپاس لە بەڕێوەبەرانی پەروەردەی کۆیە و خوێندنگەی پێشەوا، سپاسی کردن کە وشیاریی نەتەوەی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان گیان فیدایی و زەحمەتەکانی ڕێبەرانی لە یاد ناکات.

هیجری لەو سێمینارەدا بۆ خوێندکارانی خوێندنگەکە باسی کەسایەتی و دەور و نەقشی پێشەوا قازی محەممەد لە مێژووی کورددا بۆ باس کردن و دواتر به هاوڕێیەتی بەڕێوەبەرانی پەروەردە و مامۆستایانی خوێندنگەکە سەردانی چەند پۆلێکی کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ خوێندکاران دوا و باسی لەوە کرد کە به خۆ پێگەیاندن و چەکی زانست داهاتووی کوردستان پڕشنگدار بکەن.

لە کۆتاییدا خوێندکاران سپاس مستەفا هیجریان کرد و هیوایان خواست ڕێبەرانی ئێستای نەتەوەکەمان لە نزیکەوە ئاشنای کار و چالاکیی خوێندکارانی کورد بن و سەردانیان بکەن.