کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر خەڵکانی خۆجێیی

23:01 - 13 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: ڕێکەوتی ٥ی مەی کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە بینای ئەو رێکخراوەیە لە نیۆیۆرک بەڕێوە چوو کە تێیدا ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆبوونەوەیە دا بەشدار بوو.

ئەم کۆبوونەوەیە کە هەموو ساڵێک بە مەبەستی تاوتوێ کردنی کێشە سەرەکییەکانی خەڵکی خۆجێ بەرێوە دەچێت لە راستی دا دەستەیێکی بەربڵاو لە کێشەکانی ئەو خەڵکانە دەداتە بەر بەراورد و لێکۆڵینەوە کە خاوەنی کیانی خۆیان نین و مافیان لە لایەن دەوڵەتەکانەوە لە مەترسی پێشێل کرانی سیستماتیک دایە.

ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا لە یەکێک لە باسە گرینگەکانی ئەم زنجیرە کۆبوونەوە بەشداری کرد کە لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە مەبەستی تاوتوێ کردنی چۆنییەتی پێشێل کرانی مافی کەمینەکان لە پڕۆسەی دەنگدان و بەربەستە بنەڕەتیەکانی بەشداری کەمینەکان و خەڵکانی خۆجێ لە پرۆسەی دەنگدان دا بوو.

لەم کۆبوونەوە دا بە وردی باس لەوە کرا کە یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی سیستەمی هەڵبژاردن لەو شوێنە دەردەکەوێت کە کاتێک کەمینەیێک لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی مافی بەڕێوەبردنی کاروباری خۆی نییە و هەمووکاتێک پێشێل کرانی مافی ئەو لایەنە لە بەشداری لە هەڵبژاردن روون و ئاشکرایە و هەندێک لەمپەڕی سیستماتیک وا دەکات کە دەنگدانی ئەو نەتەوانە کێشەی بنەڕەتی هەبێت و پێشێل بکرێت.

نوێنەری حیزبی دێموکرات هەروەها لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوانە دا لەگەڵ نوێنەرانی چەندین رێکخراوی ئامریکایی و نێونەتەوەیی کۆ بووەوە و باسی جۆربەجۆری هێنایە بەر باس.

ئارش ساڵح لە یەکێک لە دیدارەکانی دا بەتایبەت لەگەڵ بەرپرسانی رێکخراوی کێنێدی کۆ بووەوە. ئەو رێکخراوەیە بە تایبەتی لەسەر هەڵبژاردن و چاوەدێری هەڵبژاردن کار دەکات. ئارش ساڵح لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو رێکخراوەیە باسی هەڵبژاردنی داهاتووی ئێران و هەڵوێستی حیزبە کوردستانیەکانی لەو بارەوە هێنایە ئاراوە و وتی کە بە باوەڕی ئێمە، وەکوو حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، ئەو هەڵبژاردنە کە لە ئێران بەڕێوە دەچێت بەهیچ شێوە و بە پێی هیچ پێوەرێک جێگەی متمانە نییە و بە هیچ شێوە ئەو هەڵبژاردنە گوزارشت لە رەوایی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ئێران ناکات.

کۆبوونەوەی ئەمساڵی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان زیاتر تاوتوێ کردنی کێشە سەرەکیەکان لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەیی لەخۆ دەگرێت و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانەی یاسا نێونەتەوەییەکان لەم بارەیەوە دەخرێتە بەر باس و لێکدانەوە.

شایانی باسە یەکێک لە باسە سەرەکیەکانی کۆبوونەوەی ئەمساڵ گەڕانەوەی ئەو خەڵکە خۆجێیانە بۆ شوێنی خۆیان بوو کە بە هەرهۆیێکەوە لە ماڵ وحاڵی خۆیان کۆچیان کردووە کە یەکێکی تر لەو کێشانە بوو کە کوردستان و بەتایبەت پێکهاتەی ئیزیدی دەخاتە بەر کاریگەری خۆی.