کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە

16:35 - 16 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: گرووپی اتحاد برای دمکراسی در ایران شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، گرووپی اتحاد برای دمکراسی در ایران ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٥ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی لە بەیانییەکەدا هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ڕێژیمی بە شانۆ وەسف کردووە و داوای لە هێزە دێموکراسی‌خواز و چالاکانی سیاسی کردووە کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن.

لەو بەشێکی ئەو بەیانییەدا هاتووە: ئەگەر لە ڕابردوودا، بەشداری هەڵبژاردنەکان بە مانای دیاریکردنی خراپ و خراپتر بووە، بەڵام ئەمڕۆ ڕاستییەکان دەرخەری ئەوەن کە هەڵبژاردنەکان مانای لانیکەمی خۆشی لە دەست داوە و هەروەها هەڵبژاردنەکان لە کۆماری ئیسلامیدا تەنیا لە چوارچێوە کەسانی سەر بە ویلایەتی فەقیهـ ئەنجام دەدرێت و تەواو مەهەندیسی کراوە.

گرووپی اتحاد برای دمکراسی در ایران جەختی کردووەتەوە کە ئەوەی لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا بە ناوی هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەچێت کەمترین ویکچوویی لەگەڵ مانا و پێناسەی ئەودا نیە و بۆیە نابێت بەشداری لەو هەڵبژاردنانەدا بکرێت.

ئەو گرووپە له ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسیی دژبەری ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی وڵات پێکهاتووە.

تا ئێستا ژمارەیەک لە حیزب و لایەن و کەسایەتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کردووە.