کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ لە پێوەندی لەگەڵ بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شۆرای شار و گوندەکان

16:51 - 16 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا، هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شۆرای شار و گوندەکانی بایکۆت کرد.

دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراو

خەڵکی ئازادیخوازی ئێران

نەتەوەکانی ژێر زوڵمی ئێران


کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕدا،جارێکی دیکە شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شۆرای شار و گوندەکان بەڕێوە دەبات.

ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران بە ناوی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەی دەبات لە ڕاستیدا دەنگ وەرگرتن لە خەڵکی ئێرانە بۆ شانۆی نێودەوڵەتی. چونکە هەڵبژاردن لە ئێراندا هیچ کام لە تایبەتمەندیەکانی هەڵبژاردنێکی ئازادی نیە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت ناوی هەڵبژاردنێکی دێموکراتیکی لە بنرێت، چونکه ڕێژیم خۆی کاندیداکانی خۆی هەڵدەبژێرێت.

لە کاتێکدا که نەتەوەکانی زوڵملێکراوی لەژێر ستەمی کۆماری ئیسلامیی لە ئێراندا لە سەرەتاییترین مافی هاووڵاتی و مرۆیی خۆیان بێبەشن، ڕێژیمی چەقبەستووی ویلایەتی فەقیهـ لەو شانۆی هەڵبژاردنانەدا هەم بۆ درێژەدان بە سەرکوت و دیکتاتۆریی دینی کەڵک وەردەگرێت و هەم بۆ خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئیدعای مەشروعیەت و پشتیوانیی خەڵک دەکات، هەر وەک لە ماوەی تەمەنی لە نگریسی خۆی بەردەوام لە هەڵبژاردنەکان و بەشداری خەڵک کەڵکاژۆی وەرگرتووە.

بەم هۆیە، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ داوا لە هەموو نەتەوە زوڵملێکراوەکان و هەموو ئازادیخوازەکان، چالاکانی مەدەنی و سیاسیی ئێران دەکات کە لە بەرابەر ئەو زوڵم و ئازادی کوژییەی ڕێژیم، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕدا بەشداری نەکەن و با کردەوەی خۆیان پەیامێکی ڕوون بە ڕێژیم و خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بدەن. ڕێژیمێک کە هیچ ترسی لە سەرکوت، جیاوازی و جینایەتێک نیە.

بایکۆتی هاوئاهەنگ و هەمە لایەنەی شانۆی هەڵبژاردنەکان، لە لایەن نەتەوەکان و هەموو ئازادیخوازەکانی ئێران دەتوانێت، ڕێگایک بێت بۆ پێشگرتن لە سەرکوت و گوشاری زیاتر بە بیانووی هەڵبژاردنەکان و هەم بە ڕیسالەتی ئازادیخوازانەی خۆیان عەمەل بکەن.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ