• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٥ی سێپتامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٣ی رەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

تاوتوێ کردنی هەڵبژاردن لە چەند پرسیاردا

زایینی: ٠٧-٠٥-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٢/١٧ - ١٨:٥٥ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
تاوتوێ کردنی هەڵبژاردن لە چەند پرسیاردا
ئاگری ئیسماعیل نژاد

پێشەکییەکی پێویست:

بابەتی هەڵبژاردن وەک چەمکێک کە لە دەسەڵاتێکی دێموکراتیکەوە، چۆتە نێو کۆماری ئیسلامی و هەر وەها بوونی دوو باڵی جیاواز لە پێكهاتەی سیاسی ڕێژیمدا، وای کردووە، کە لە ئێراندا هەم کۆمەڵگا و هەم لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی پێکهاتەی ڕێژیم لە هەڵوێست گرتن، لەسەر هەڵبژاردن تووشی جۆرێک دڕدۆنگی و ڕاڕایی بێن، و دەرئەنجامی ئەو ڕاڕا بوونەش، دەبێتە ئاوێک و دەچێتە ئاشێ کۆماری ئیسلامییەوە.

بابەتی ئەو وتارە هێنانە ئارای چەند پرسیار و خاڵێکە بۆ ئەو مەبەستەی تاوتوێی ئەوە بکرێت، ئایا هەڵبژاردن لە چوارچێوەی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامییدا دەکرێ، وەک دەرفەتێکی سیاسی یان تەنانەت وەک دەرفەتێک بۆ زەربە لێدان، لە کۆماری ئیسلامی کەڵکی لێ وەرگرین؟!

لەوەی کە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامییدا ناچێتە، جەغزی هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک هیچ ڕاڕاییەک نییە، زۆربەی نزیک لە تەواوی لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کەم هەتا زۆر ئامادە نین هەڵبژاردنەکانی ئێران وەک هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک و ساغ و ئازاد سەیر بکەن، بەڵام باس و خواسی سەرەکی لە دەرهاویشتەکانی هەڵبژاردن، دەست پێدەکات، بەو مانایەی کە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لەو باوەڕەدان کە هەڵبژاردن لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامییدا دێموکراتیک نییە، بەڵام چون جیاوازی سیاسی و کرداری لە نێو باڵەکانی ڕێژیمدا هەیە، ئەوەش وادەکات کە دەرهاویشتەی هەڵبژاردنەکان گرینگ بێت و دەرهاویشتەی جیاواز وا دەکات، چارەنوسی کۆمەڵگای ئێران جیاواز بێت، و بۆیەش بەشداری کردن، لە هەڵبژاردن گرینگ و تەنانەت چارەنووس سازیشە.

یەکەم پرسیار ئەوەیە، ئایا ڕێفۆرمخوازەکان بە هەڵبژاردن دەتوانن ئامانجە ستراتژییەکانیان بێنە دی؟

بابەتی دوباڵی و جیاوازیی سیاسی و کرداریی ئەو دووباڵە لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامییدا، لە هەڵبژاردنی ١٣٧٦دا هاتۆتە ڕوو، لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ١٢ ساڵی دەسەڵات بە دەستی ئەو بەرەیە یان باڵە بووە، کە خۆی وەک ڕێفۆرمخواز دەناسێ، و ٨ ساڵیشی دەسەڵات لە دەست ئەو باڵەدا بووە کە خۆی وەک بناژۆخواز دەناسێت، ئەگەر هەڵبژاردنی ٢ی جۆزەردانی ١٣٧٦ بکەینە بنەما بۆ بابەتی ڕێفۆرمخوازی، دەبێ بڵێین کە ئەو هەڵبژاردنە دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕێفۆرمخوازەکان ڕەخساند هەتا گرینگرتین جومگەی دەسەڵاتداریی نێو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی کە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەتوانێ بەدەستیەوە بگرێ، بەدەستێوە بگرن.

لە ماوی دوو ساڵی یەکەمدا مەرجی وەدیهاتنی بەڵێنەکانی باڵی ڕێفۆمخوازەکان ئەوە بوو کە ئەوان تەنیا حکوومەتیان بەدەستەوەیە، و بێ‌مەجلیس ناتوانن هیچ کارێک بەرنە پێشێ، ئەو مەرجە یان بیانووە وای کرد، کە لە هەڵبژاردنی مەجلیسی شەشەم لە ساڵی ١٣٧٨دا، ڕێفۆرمخوازەکان زۆرینەی ڕەهای مەجلیسیان بەدەستەوە گرت، بەڵام بۆ ئەوەی بزانین، پاش ئەو بابەتە چی ڕوویدا، وا باشە، سەیری نامەی ١٢٧ نوێنەری ئەو کاتی مەجلیسی ئێران بکەین کە لە مانگی گوڵانی ١٣٨١ ڕوو بە خامنەیی نووسییان. ئەو نوێنەرانە لەو نامەیەدا کە بە نامەی "جامی ژەهر" ناسراوە دەڵێن:
"هەڵوەشانەوەی بریارەکانی مەجلیس و حکوومەت، و ڕاگواستنی دەسەڵات لەو دوو ڕێکخراوەیەوە بۆ ڕێکخراوەگەلی وەک : "شورای نگهبان"، "مجمع تشخیص مصلحت "و "شورای انقلاب فرهنگی" و تەنانەت بە سەرتر زانینی، ئەساسنامەی "کمیتە امداد" و بڕیارنامەی فرۆشتنی شتومەکی لەکەڵک کەوتووی "نیروی انتظامی" لە قانونێکدا کە مەجلیس بریاری لەسەر داوە، و بێ ئیختیار و بێ ئیرادەکردنی بەڕێوەبەران و بەرپرسانی حکوومەت لە ڕێگای مەلۆتکە پێچ کردن و درۆ هەڵبەستن، و دژایەتی کردن و سەرکوت کردنی ڕێكخراوەگەلی سەربەخۆی وەک حیزبەکان، ڕێکخراوی پارێزەرانی ئێران، ڕێکخراوی زانستی و توێژینەوە و فەرهەنگی، بمانەوێت یان نەمانەوێت دەرهاویشتەی ئەو کردەوانە بۆتە هۆی ئەوەی بۆ هەموو خەڵکی ئێران و دنیاش بسەلمێنین کە لە ئێران هیچ ئالۆگۆڕێک ڕوونادات و ئەوە بۆ هەموو لایەک ڕوون بێتەوە کە دەنگی خەڵک کە خواستی سەرەکییان گۆڕینی ڕوانگە و شێوازەکانە، هیچ کارتێکەرییەکی نییە، بەو شێوەی دەرکەوت کە ناوەندەکانی دەسەڵات هێمای ئیرادەی نەتەوەیی نین و ڕوون بۆوە کە ئەو ناوەندانەی کە دەبێت و پێویستە چەقی چارەسەری کێشەکان بن و هێمای سەروەری نەتەوەیی و یەکگرتوویی بن، ڕادەستی دەمارگرژترین کەسەکانی دژی ڕێفۆرمخوازی دەکرێت، تەنیا بۆ ئەوەی بگوترێ کە دەنگی خەڵک هیچ بایەخێکی نییە".

لە دەقی ئەو نامەیە کە لایان ١٢٧ نوێنەری باوەڕمەند بە ڕەوتی ڕێفۆرمخوازییەوە نووسراوە بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئەگەر ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی لە ئێراندا درۆ و دۆڵابێکی سیاسیش نەبێت و باوەڕێکی ڕاستەقینەش بێت، ناتوانێ ئامانج و ستراتژی خود بێنێتە دی.

بۆ ڕوون بوونەوەی زیاتری ئەو باسە پێویستە کورتەیەک لەسەر شێوازی پێکهاتەی دەسەڵاتداری لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامییدا باس بکرێت:
بەپێی دەستووری کۆماری ئیسلامی لە فۆرمی پێکهاتەی ئەو ڕێژیمەدا، دوو جۆر ناوەندی دەسەڵاتمان هەیە، ئەو ناوەندانەی کە داندراوان(انتصابی) ئەو ناوەندانەی کە هەڵبژێردراون(انتخابی) سەرەڕای ئەوەی کە گرینگە باس لەسەر ئەوە بکرێت کە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ناوەندە هەڵبژێردراوەکان چۆنە و بە چ ئاقارێکدا تێدەپەرێت و هەڵبژاردن بە چ شێوازێک بەڕێوە دەچێت؟!! هەتا چەندە دەرفەتی بەرانبەر هەیە بۆ ئەوەی لایەنێکی سیاسی دەسەڵاتە هەڵبژێردراوەکان بەدەستەوە بگرێت، بەڵام گرینگترە کە بزانین هەم لە دابشکاریی دەستووری و هەم لە دابشکاریی کردەکی‌دا، ڕێژەی دەسەڵاتی ئەو ناوەندانەی کە هەڵبژێردراون لە چاو ئەو ناوەندانی کە داندراون چۆن و چەندەیە؟

ئەگەر ئەو قسەی محەممەدی خاتەمی کە لە کۆتایی خولی دووهەمی سەرۆک کۆماریی خوێدا باسی لێکرد "سەرۆک کۆمار ئامادەکارێکە(تدارکاتچی)" و هاوکات لەگەڵ ئەوە نامەی "جامی ژەهریش" وەک نامەیەک کە لەلایەن باوەڕمەندان بە ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی نووسراوە بێنینە بەر چاو و هەروەها ڕووداوگەلی وەک ڕێگەنەدان بە خۆ کاندیدا کردنی "مەحموود ئەحمەدی‌نژاد" بە هۆی ئەوەی کە وەک ڕوون بۆوە خامنەیی بە باشێ نەدەزانی، لە پاڵ یەک دابنێین، بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە بەکردەوە سەرۆک کۆمار، لە پێکهاتەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامییدا "ئامادەکارە"، ئامادەکارێکە بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی عەلی خامنەیی و ناوەندە داندراوەکانی نێو دەسەڵات.

بەڵام لە ڕووی دەستوورییەوە چی؟

بە پێی مادەی ١١٠ی دەستووری کۆماری ئیسلامی، سەرۆک کۆمار بەپێی دەستوور هیچ دەسەڵاتی بەسەر هێزە چەکدارەکانی نێو کۆماری ئیسلامیی و ڕاگەیاندندا نییە و تەنانەت سەرۆک کۆمار ناتوانێ سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامییش دیاری بکات. بەڵکوو هەموو ئەو دەسەڵاتانە، لەگەڵ دەسەڵاتی دیاری کردنی ناوەندە داندراوەکانی نێو دەسەڵاتیش دراوە بە "وەلی فەقیهـ".

ئەگەر کۆی دەستووری کۆماری ئیسلامی و چەند خاڵی وەک مادەی ٥٧، ٩٣ ،٩٨ ،٩٩ و ١١٠ لە دەستووری کۆماری ئیسلامییدا لەبەر چاو بگرین، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە پلەی سەرۆک کۆماری لە ئێراندا پتر پلەیەکی ڕواڵەتییەوە و زیاتر بۆ ئەوە داندراوە کە هەڵە و پەڵەکانی "وەلی فەقیهـ"ی پێ داپۆشرێ، نەک ئەوەی خۆی بڕیاردەر بێت و بتوانێ ئاراستەی کارەکان بەدەستەوە بگرێت.

کە وایە ئەگەر هەموو ئەو دروشمانەی، کە ڕێفۆرمخوازەکان لە کاتی هەڵبژاردندا دەیدەن، ڕاستیش بێت و هیچ فێڵ و چاوبەستنێکی سیاسی لە پشت نەبێت، وەدی هاتنی ئەو دروشمانە لە ڕێگای هەڵبژاردن لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی و بە بەدەستەوە گرتنی پلەی سەرۆک کۆماری نەک دژوار، بەڵکوو نامومکین و ئەستمە و وەک دەڵێن خەیاڵێکە و هیچی تر.

گەندەڵیی پێکهاتەمەند و ئاڵۆگۆڕی سیاسی لە کۆماری ئیسلامییدا

لە پاش ئەو باسە ئێمە لە ئێستادا لەگەڵ بابەتێکی تر لە کۆماری ئیسلامییدا بەرەوڕووین، بابەتی گەندەڵیی پێکهاتەمەند لە نێو دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامییدا، بۆ دەرکەوتنی ئاستی گەندەڵی لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامییدا پێویست بە لێکۆڵینەوەی زۆر بەرین و دژوار نییە، وەک ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنەکانی نێوخۆی ئێران و ژێردەستی کۆماری ئیسلامی ڕا بڵاودەکرێتەوە، ڕوونە کە گەندەڵییەکی سیاسی، چەکداری، ئابووری و بڵاڤۆکی لە چوارچێوەی پێکهاتەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامییدا بوونی هەیە و دەکرێت بەو گەندەڵییە بڵێین، ململانێی "مافیای دەسەڵات".

ئەو مافیای دەسەڵاتە، لە هەموو جومگەیەکی دەسەڵاتداریی نێوکۆماری ئیسلامییدا بوونی هەیە، وەک دەبینین، بە پێی ڕاگەیاندنی خۆیان سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، لە کۆماری ئیسلامییدا، ساڵانێکە، چەندین ژومارە حیسابی تایبەتی خۆی هەیە و سەروەت و سامانی دەسەڵاتی دادوەری لە نێو حیسابی تایبەتی ئەو سەرۆکەدایە، دیارە گەندەڵیی سپای پاسداران کە مەحموودی ئەحمەدی‌نژاد پێی گوتن: "برایانی قاچاغچی" و گەندەڵیی ناوەندگەڵی وەک بەڕێوەبەرانی قەبری ئیمام ڕەزا، قەرارگای خاتەم، بنەماڵەی مەلا دەسڕۆشتووەکان و نووسینگەی مەرجەعی تەقلیدەکان بە ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنەکان بە بەڵگەوە بڵاودەبێتەوە و بەشێکی زۆر لەگەڵندەلییەکانیش لەو ساڵانەی دواییدا لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە دانی پێداهێندراوە.

لێرەدا دوو پرسیاری سەرەکی دێتە گۆڕێ، یەکەم ئەوەیە، لە کاتێکدا کە دەسەڵاتداریی سەرۆک کۆماری تەنیا "ئامادەکارییە" چۆن دەتوانێت بەرەوڕووی ئەو مافیا زەبەڵاحە بێتەوە و ئاڵوگۆڕی پێویست لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامییدا ساز بکات؟ چون ناکرێت بڵێین بۆ ئاڵوگۆڕ پێویست ناکات مافیای دەسەڵاتی نێو کۆماری ئیسلامی لەنێو بچێت.

دووهەم پرسیار ئەوەیە، چ گارانتییەک هەیە کە ئەو کەسانەی کە هەڵدەبژێردرێن، جا چ سەرۆک کۆماریی بێت و چ شوێنەکانی تر، دواتر بە هۆی ئەوەی هێزیان بە مافیای نێودەسەڵات ناشکێ خۆیان نەبن بە بەشێک لەو مافیایە و وەک کورد دەڵێ: "ئەو دەستەی کە بۆت نابڕدرێ، ماچی بکە".

ئەگەر وابێت بوونی مافیای پێکهاتەمەندی نێودەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی لەخۆیدا بەربەستێکی گەورە بۆ وەدیهاتنی ئامانج و خواستی سیاسییە و دەبێت لە هەر خوێندنەوەیەکی سیاسیی ئێران لەبەرچاو بگرێت.

ڕێفۆرم وەک پرۆسەیەکی بەڕێوە

هیچ نکوڵی لەوە ناکرێت کە ڕێفۆرم لە هەر پێکهاتە و دەسەڵاتێکدا پرۆسەیەکی یەکشەوە نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی درێژخایەنە و کات گرە و پێویستی بە پشوودرێژی و لەسەرخۆیی هەیە، بەڵام گرینگیی ڕێفۆرم ئەوەیە کە پرۆسەیەکی بەڕێوەیە، بەو مانایەی کە ڕێفۆرم دەبێت بێ‌پسانەوە و گەڕانەوە بەردەوام بێ، کە وایە ئەگەر پرۆسەی ڕێفۆرم لە دوو تایبەتمەندیی سەرەکی پێکهاتووە؛ یەکەم: بەرەبەرەیە؛ بەو مانایەی کە بەردەوام و بێ‌پسانەوە هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێت.

دووهەم: درێژخایەن و کات گرە

ئەگەر لە ئێستادا و پاش ٢٠ ساڵ ململانێی ڕواڵەتیی نێوان ڕێفۆرمخواز و بناژۆخواز وەک مێژووی ڕێفۆرمخوازی لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامییدا سەیر بکەین، بە ئاشکرا بۆمان دەردەکەوێت کە سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆر لە کەسایەتییەکانی نێو ڕێفۆرمخوازەکان لە دەسەڵات وەدەرنراون، خواست، داخوازی و دروشمی ڕێفۆرمخوازەکانیش قۆناغ بە قۆناغ کورت کراوەتەوە، تەنانەت لە هەڵبژاردنی دوازدەهەمین خولی سەرۆک کۆماریدا وەک دەبینین ڕێفۆرمخوازەکان لەگەڵ ئەوەی کە ڕۆحانی لە ماوەی چوار ساڵی یەکەمی سەرۆک کۆمارییدا هیچکام لە خواستەکانی ئەوانی نەهێناوەتە دی و بە فەرمی خۆی لەبەرەی ئەوان نازانێ، بەڵام ئەوان خۆیان لەگەڵ دروشم و خواستی ڕۆحانی گونجاندووە و پاش ئەوەش هەر لاینگری لە ڕۆحانی دەکەن و وەک کاندیدای خۆیان دەیناسن.

ئەو کردەوەیە پیشاندەری سێ شتە:

١: لە ڕووی پێگە لە دەسەڵاتدا، ڕێفۆرمخوازەکان قۆناغ بە قۆناغ پاشەکشەیان کردووە و بە تەواوی لە دەسەڵات پەراوێز خراون، کە وایە ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی لەگەڵ ئەوەی بە پێوەری خۆیان ١٢ ساڵی لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری بەدەستەوە بووە، بەڵام لە ڕووی واقعەوە کەمدەسەڵات کراوە و بۆیە گرەوکردن لە سەریان لە ڕاستییدا "گرەو لەسەر ئەسپی دۆڕاوە".

٢: پرۆسە یان پرۆژەی ڕێفۆمخوازی لە ئێران بە تەواوی شکستی خواردووە و ڕەوتی ڕێفۆرمخوازیی نێو ڕێژیم ناتوانێ هیچ ئاڵوگۆڕێک لە پێکهاتەی ڕێژیم و تەنانەت لە پێناوی مانەوەی خۆی لە بازنەی دەسەڵاتدا بێنێتە دی، باشترین وێناش بابەتی "ئاشتیی نەتەوەیی" "محەممەد خاتمی"یە کە پاش ئەوەی عەلی خامنەیی بە پرۆژەیەکی هەڵە و ناپێویستی دانا، هەموو ڕێفۆرمخوازەکان بێ هیچ کردەوەیەک پێملی ئەو قسەی خامنەیی بوون و خۆیانیش بوون بە ڕەخنەگری پرۆژەکەیان و وەک جۆرێک زێدەخوازی باسیان لێ کرد.

٣: ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی لە ئیستادا، پرۆژەیەک بۆ ئاڵوگۆر پێکهێنان لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامییدا نییە، لە نەرمترین خوێندەوەدا پرۆژەیەکە بۆ گەڕانەوەی بەشێک لە ئەو کەسانەی کە لە دەسەڵات پەراوێز خراون، ئەگەر پرۆژەیەک نەبێت بۆ ئەوەی بەر بەو ڕوانگانە بگرێت کە باوەڕیان بە ئاڵۆگۆرە لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆماری ئیسلامییدا.

کوردستان و هەڵبژاردن

لایەنە سیاسییەکانی کوردستان زۆربەی جاران کە ڕەخنە لە هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی دەگرن، باسی ئەوە دێننە گۆڕێ کە هەڵبژاردنەکان دێموکراتیک نییە، ئەوە لە کاتێکدایە کە لایەنی سیاسیی کوردستان پێوەری سەرەکیی بۆ بەشداری کردن یان بەشداری نەکردن لە پرۆسەیەکی سیاسیدا دەبێت ئەوە بێت کە ئەو پرۆسەیە هەتا چەند دەتوانێ بە قازانجی نەتەوەی کورد و کۆمەڵگای کوردستان بێت. ئەوە بەو مانایە نییە کە هەڵبژاردنی نادێموکرات بە قازانجی کوردستانە، بەڵکوو بەو مانایەیە کە هێزی سیاسیی کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا دەبێت داکۆکیکاری بەرژەوەندیی کوردستان بێت و هەموو خوێندنەوەکانی بە چاویلکەی ئەو بەرژوەندییەوە بێت.

ئەگەر لایەنێکی سیاسیی کوردستان باس لەسەر هەڵبژاردن لە ئێران دەکات، یان باس لە یاریی سیاسیی نێو باڵەکانی ڕێژیم دەکات، دەبێ بنەمای هەموو خوێندنەوەکانی لەسەر دابین کردنی بەرژەوەندیی کوردستان بێت، پێویست ناکات لایەنێکی سیاسیی کوردستانی ئەوە بۆ ڕای گشتیی ئێران بسەلمێنێت کە ململانێی نێو باڵەکانی ڕێژیم هەتا چەند ڕاستە و هەتا کوێی درۆیە، بەڵکوو لایەنێکی سیاسیی کوردستانی دەبێت باس لەسەر ئەوە بکات کە ململانێی نێو ڕێژیم ڕاست یان درۆ هەتا چەندە بە قازانج یان زەرەری کوردستانە. وەک ڕەخنەیەک دەبێ بگوترێ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان زۆرترین ڕەخنەیان لە هەڵبژاردنی ئێراندا، بابەتی دێموکراتیک بوون و نادێموکراتیک بوونی ئەو هەڵبژاردنەیە، لە کاتێدا ئەوان دەبێت چەقی بابەتەکەیان لەسەر ئەوە بێت ئایا هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامییدا قازانجی تاکتیکی یان ستراتژی بۆ دۆزی کوردستان هەیە، یان نا؟!! و لەسەر ئەو بنەمایە هەڵبژاردنی ئێران تەحریم بکەن یان تێدا بەشدار بن. هیچ لایەنێکی سیاسیی کوردستانی نابێ ترسی لەوە هەبێت کە ئەگەر پرۆژەیەک لە ڕواڵەتیشدا دێموکراتیک بوو، بەڵام قازانجی کوردستانی تێدا نەبوو، نەهی لەو پرۆژەیە بکات و بەشدار نەبێ تێدا.

دەنگی کورد وەک کارتێکی فشار

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆک کۆماریی ئێراندا، بابەتێک هاتۆتە گۆڕێ کە دەڵێت: دەکرێت دەنگدانی کوردستان بکرێتە کارتی فشار بۆ سەر دەسەڵاتی ناوەند بە تایبەتی بۆ سەر ڕێفۆرمخوازەکان و لەو ڕێگایەوە ئاوانسی تایبەت لە ناوەند بە قازانجی کوردستان وەرگیرێت.

ئەو خوێندنەوەیە لەسەر ئەو بنەمایە داندراوە کە کۆمەڵگای کوردستان ئەگەر لە دەنگدانی کۆماری ئیسلامییدا بەشداری دەکات، لانیکەمی لە ٦ هەڵبژاردنی ڕابردوودا دەرکەوتووە کە ڕووی دەنگی کوردستان لە کاندیدایەک بووە کە وەک کاندیدای دژبەری سیاستەکانی خامنەیی ناسراوە و بە هۆی ئەوەی لە دوایین هەڵبژاردندا ڕێژەی ئەو دەنگەی کە کاندیدای ڕێفۆرمخوازەکانی کردە سەرۆک کۆمار زۆر کەم بوو، دەکرێت دەنگی کوردستان لە ئاستی ئێراندا وەک دەنگێکی گرینگ و چارەنوسساز سەیری بکرێت، ڕەنگە ڕواڵەتی ئەو خوێندنەوەیە لۆژیکی و تەنانەت زیرەکانەش بێت، بەڵام ئەو خوێندنەوەیە دوورە لە واقع و پتر لەسەر قاقەز دەتوانێ مانای هەبێت، چون هێزێک دەتوانێ لە سەر بنەمای هەڵبژاردن دانووستان بکات کە ئەو هێزە وەک لایەنێکی قانونی لە گۆڕەپانی سیاسی‌دا ناسرابێت، کاتێک کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان وەک لایەنی قانونی نەناسراون و هەروەها هیچ هێزێکی باوەڕ پێکراوی ئەوانیش لە چوارچێوەی ئێراندا وەک لایەنێکی قانونی نەناسراوە، باس کردن لە کارتی هەڵبژاردن وەک دەرفەتێکی سیاسی نەک هەر خۆفریودانە، بەڵکوو ئەگەری ئەوی هەیە ئەو هێزەی یاری بەو کارتە دەکات پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی تووشی جۆرێک سەرلێشێواوی و ناهومێدییش بکات.

هێزە سیاسییەکانی کوردستان هەتا ئەو کاتەی بە شێوەی قانونی ڕێگایان پێ نەدرێ، لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا چالاکی بکەن، ناتوانن هەڵبژاردن وەک کارتی دانووستان بەکار بێنن.

بۆچی بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردندا گرینگە؟

کۆماری ئیسلامی وەک خۆی دەڵێت، لە دوو چەمک پێکهاتووە ١: ئیسلامی ٢: کۆماری

بەردەوام ڕێژیم ڕەوایی خۆی چ لە سیاسەتی نێوخۆییدا و چ لە سیاسەتی دەرەکیدا، لە یاری کردن لە نێو ئەو دوو چەمکەدا بەرهەم دێنێ، ئەوەی خەڵکانێک تەنیا بە "وەعدەی گوێلک بڕینەوە" و یان ترسی نابەجێ لە دەزگای سەرکوتی ڕێژیم، بەشداری لە هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی دەکەن، لە ڕاستییدا تەنیا دەرفەتێک دەخەنە بەردەم ڕێژیم کە لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکییدا باشتر بتوانێت کایە بە چەمکی "کۆماری" بکات.

هۆکاری ئەوەی تەواوی سەرۆک کۆمارەکانی سەردەمی دەسەڵاتداری خامنەیی وەک خائین بە کۆماری ئیسلامی ناسراون، بەڵام بەردەوام خامنەیی لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا پێداگرە لەسەر ئەوەی : "گرینگ ئەوەیە ڕێژەی بەشداربووان زۆر بێت" و تەنانەت دەڵێت: ئەگەر باوەڕت بە کۆماری ئیسلامی نییە، خۆ ئێرانی هەیت، کە وایە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، ئەوەیە کە بەشداریی ڕێژەی بەرچاو لە هەڵبژاردنەکاندا دەرفەتی یاری کردن بە چەمکی "کۆماری" بۆ کۆماری ئیسلامی لە دوو ئاستی سیاسەتی دەرەکی و نێوخۆیدا دەخوڵقێنێت.

ئەگەر چەند هەڵبژاردن ڕێژەی بەشدار بوو تێدا کەم بێت، بێگومان ڕێژیم بۆ ئەوەی چەمکی "کۆماری " بوونی خۆی بسەلمێنێت و بتوانێ ئەو ڕەهەندە بۆ کایە سیاسییەکانی کراوە بێلێتەوە، ناچارە بۆ ئەوەی خەڵک بکێشێتە سەر سندووقی دەنگدان، دەبێ هێندێ ئاڵوگۆر بە کردەوە بکات، لێرەدا ئامانج لە تەحریمی هەڵبژاردن ئەوەیە کە ڕێژیم ناچار بکرێت لانیکەمی ئاڵۆگۆڕی دڵخوازی خەڵک بێنێتە دی، چون وەک باسی لێکرا، دەنگدان و هەڵبژاردنی کاندیدای ڕێفۆرمخواز یان بناژۆخواز هیچ کام لە لانیکەمەکانی کۆمەڵگای ئێران و کوردستانی نەهێناوەتە دی، بۆ وێنە لە هەڵبژاردنی دووی جۆزەردانی ١٣٧٦ هەتا ئێستا کە ٢٠ ساڵ و ٦ هەڵبژاردن لە خۆ دەگریت، کاندیدای ڕێفۆرمخوازەکان بەڵێنی بەڕێوەبردنی مادەی ١٥ و ١٩ دەستووری کۆماری ئیسلامی دەدات، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لە کوردستان بەو بەڵێنەوە دەنگی هێناوەتەوە، بەڵام هیچکات، بەڵێنەکەی بەجێ نەگەیاندووە، کەوایە دەنگنەدان بێگومان لە درێژخایەندا دەبێتە، هۆی ئەوەی کە ڕێژیم بۆ ئەوەی کارتی کۆماری بوونی لە نێو گۆڕەپانی سیاسەتدا نەسوتێ، ئاڵوگۆڕی جیددی و دڵخوازی خەڵک پێکبێنێت، تەنانەت ئەگەر هێزێکی سیاسی نەبێت کە ئەو دڵخوازییانەی خەڵک لە ویستی کۆمەڵایەتییەوە بۆ ویستی سیاسی وەرگێڕێتەوە.

قسەی کۆتایی

بابەتی کۆتایی ئەوەیە، "هەڵبژاردن" دەبێ بەپێی قەوارە و پێگەی خۆی لێکدانەوەی بۆ بکرێت و هەڵبژاردن لە هەموو کۆمەڵگایەکی دێموکراتیکدا ئالیەتێکە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی نەرم ئاڵۆگۆڕ لە کردار و ڕوانین و بۆچوونی بازنەی دەسەڵاتدا ساز بکرێت، ئەگەر هەڵبژاردنێک ئەو تایبەتمەندییەی نەبێت ، دیارە هیچ بایەخ و پێگەیەکی نامێنێ. کە وایە هەڵبژاردن بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی ستراتژی نییە، بەڵکوو ئالیەتێکە کە بەپێی بەرژوەندی، دەبێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧٠٩ لەم ژمارەیەدا:

ــ شەرەفکەندی و ڕاسان
ــ دەوڵەتی کوردستان، کیانێک بۆ ژیانی سەربەست
ــ مستەفا هیجری: ئیرادەی خەڵکی کورد لە باشوور وەک بەشەکانی دیکە بۆ ئێمە جێگای ڕێزە
ــ شەرەفکەندی، قارەمان یا پاڵەوان؟
  • ئەحمەد شێربەگی: دوكتور سه‌عید پێی وابوو كه‌ هه‌ر به‌شێكی كوردستان ڕزگاری بێ، كارتێكه‌ری خۆی له‌سه‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌بێ ئەحمەد شێربەگی: دوكتور سه‌عید پێی وابوو كه‌ هه‌ر به‌شێكی كوردستان ڕزگاری بێ، كارتێكه‌ری خۆی له‌سه‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌بێ
    بە بۆنەی ٢٥ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی بێرلین لە لایەن دیپلۆمات تێرۆریستانی نێردراوی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتووێژێکی لەگەڵ "ئەحمەد شێربەگی" بێژەری بەناوبانگی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئیران پێک هێناوە کە دەقی ئەم وتووێژە بەم چەشنەیە:
  • شەرەفکەندی، قارەمان یا پاڵەوان؟ شەرەفکەندی، قارەمان یا پاڵەوان؟
    لە ڕاستیدا خودی وشەی "شۆڕش" (انقلاب) واتە گۆڕانێکی بنەڕەتی لە ناوەڕۆکدا؛ ئەوەش پێویستی بە هەندێک هۆکاری تایبەتی و گشتی هەیە کە هۆکارە تایبەتییەکە ئەوەیە سەرتاسەری شۆڕشەکانی مێژوو بە دەست کەسانی نوخبه و زانای کۆمەڵگای نێوخۆی خۆیان کراوە جا ئەم کەسانە لە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگا بن و بە هەر جۆرە بیرۆکەیەک.
  • کرماشان، لانکەی کولتوور و ژیاری مرۆیی لە کوردستان کرماشان، لانکەی کولتوور و ژیاری مرۆیی لە کوردستان
    لە ساڵانی ١٣٣٠ی (١٩٥٢ی زایینی) هەتاوی بەئەملا لەسەر دەستی كەسانێكی تر و نەوەیەكی تر شەپۆل و رەهەندێكی دیكە لە نووسین و داهێنانی ئەدەبی و بەتایبەت ژانری شیعر لە كرماشان و ئیلام سەر هەڵدەدەن و دەبنە ئاوێنەی باڵانوێنی كۆمەڵ و لەباری فەرهەنگییەوە پێشەنگایەتیی ئەو قۆناغە دەگرنە ئەستۆ.
  • شەرەفکەندی و ڕاسان شەرەفکەندی و ڕاسان
    ڕاسان هەڵقووڵاوی بیر و ڕێبازی قاسملوو و شەرەفکەندییە. ئەمساڵ کە یادی دوکتۆر شەرەفکەندی دەکەینەوە، لە جێگای خۆیدایە بە خوێندنەوەی دەقەکانی سەردەمی شاخ لە کتێبی "‌هەڵبژاردەیەک لە وتارەکانی سادق شەرەفکەندی (١٣٦٨-١٣٦٢)" بنەما فکری و سیاسییەکانی ڕاسان بخەینە ڕوو.
  • مستەفا هیجری: ئیرادەی خەڵکی کورد لە باشوور وەک بەشەکانی دیکە بۆ ئێمە جێگای ڕێزە مستەفا هیجری: ئیرادەی خەڵکی کورد لە باشوور وەک بەشەکانی دیکە بۆ ئێمە جێگای ڕێزە
    بەختەوەرین لە دەرفەتێکی مێژوویی، لە خەباتی سەد ساڵەی کورد لە هەموو بەشەکاندا، جارێکی دیکە دەرفەتێک هاتووەتە پێش بۆ بەشێک لە کوردستان، دانیشتوانی باشوور کە دەتوانن لە چەند رۆژی داهاتوودا دەنگ بدەن بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆیان.
  • دەقی قسەکانی \ دەقی قسەکانی "مستەفا هیجری" سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی
    ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەڕێگای دەوڵەتی ئەوکاتەی ئاڵمان و تەنانەت هەڕەشەکردن لە قازی دادگا هەموو هەوڵی خۆیدا کە لانیکەم ڕێژیم بە تاوانبار نەزانرێت، بەڵام قازییەکانی دادگا بە هیچ جۆرێک نەچوونە ژێرباری هەڕەشەکان و زۆر بەجورئەتەوە، دوای چوارساڵ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، حوکمی دادگایان ڕاگەیاند، حوکمێک کە نە کۆماری ئیسلامی و نە دنیا چاوەڕوانی نەدەکرد.
  • دەوڵەتی کوردستان، کیانێک بۆ ژیانی سەربەست دەوڵەتی کوردستان، کیانێک بۆ ژیانی سەربەست
    بەواتایەکی تر گەر نەتزانی هەنگاوەکانت چەندە گرینگن، بە رووخساری دوژمنانتدا بزانە کە چەندەی لێ نیگەرانن!
  • کاوە بەهرامی: ڕاسان هێمای خەباتی ڕۆژهەڵاتە و رێژیم بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆی دەزانێ کاوە بەهرامی: ڕاسان هێمای خەباتی ڕۆژهەڵاتە و رێژیم بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆی دەزانێ
    چالاکانی سیاسی لەو باوەڕەدان، ناوەندە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا بە بەڕێوەبردنی مانۆڕ و میلیتاریزە کردنی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، ویستوویانە سیمایەکی نائەمن لە ناوچە کوردنشینەکان نیشان بدەن و بەو هۆیەشەوە هەتا ئێستا بە شێوەی پلان بۆداڕێژراو پیشیان بە گەشە سەندنی ئابووری ناوچە کوردنشینەکان گرتووە.
  • ڕەساڵەتی تەنز له شێعری \ ڕەساڵەتی تەنز له شێعری "مەلا مارف کۆکەیی"دا
    ته‌نز یه‌کێک له شێوازە کاریگه‌رەکانی ئاخاوتنی ئه‌دەبی و هونه‌رییه. ئه‌م شێوازه ئاخاوتنه یه‌کێک له لقەکانی ئه‌دەبیاتی ڕەخنه‌گرانه و کۆمەڵایه‌تییانه‌ به ئه‌ژمار دێت.
  • خاکی سووتاو وەک تاکتیک یان ستراتێژی؟ خاکی سووتاو وەک تاکتیک یان ستراتێژی؟
    تێکدانی سرووشتی کوردستان بەمەبەستی تێکدانی ژیانی خەڵک و دەربەدەرکردنیان دەکرێ؛ بۆیە دەبێ ئەو سیاسەتە چەپەڵ و گەماڕەی داگیرکەران هەرچی زیاتر لەقاو بدرێ و پێش بەو وێرانکارییە بگیردرێ. ئەو سیاسەت و پیلانانەی دوژمن لە پێش هەموو شتێکدا دژی زاگۆن و کونوانسیۆنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەتایبەتی کونوانسیۆنی مافی مرۆڤە.
  • کرماشان، لانکەی کولتوور و ژیاری مرۆیی لە کوردستان کرماشان، لانکەی کولتوور و ژیاری مرۆیی لە کوردستان
    لە سەدەی سێیەمی کۆچیدا کرماشان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی "سەفارییەکان"دا بووە، بەڵام گرووپێک لە شیعە کوردەکانی کرماشان بەناوی "حەسەنویە" (حکوومەتی ئالی حەسەنویە)یان دامەزراندووە کە نزیکەی نیو سەدە لەوێ دەسەڵاتیان هەبووە.
  • سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ ڕەخساندنی دۆخی ئانۆمی لە كوردستان سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ ڕەخساندنی دۆخی ئانۆمی لە كوردستان
    ئەگەر ڕێگای ئەوەشمان پێ بدرێت كە بتوانین وەك گریمانەیەك سیاسەت لە دەرەوەی پانتایی كۆمەڵایەتی دابنین بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندی نێوان ئەم دووانە لە ئاستی ئانۆمیدا شی بكەینەوە، پێویستە بڵێین دوای هەر گۆڕانێكی بناغەیی لە كۆمەڵگا نۆڕم و بەها كۆمەڵایەتییەكان بە شێوەیەكی بنچینەیی دەگۆڕێن و نۆڕم و بەهای كۆمەڵایەتی نوێ جێگایان دەگرنەوە.
  • سەرنجێک لە بایەخ و دیاردە مودێڕنەکان لە ئێراندا سەرنجێک لە بایەخ و دیاردە مودێڕنەکان لە ئێراندا
    ئەوە حاشاهەڵنەگرە کە کۆمەڵگەی مەدەنیش وەک زۆرینەی بەها ئەوڕۆییەکان چەمکێکە کە لەسەر دیاردەیەکی بەرهەست و عەینی لە نێودڵی کۆمەڵگەی رۆژئاوایی هاتووەتە دەر.
  • توتالیتاریزم وكۆمەڵگا توتالیتاریزم وكۆمەڵگا
    هەربۆیە ئیدی ڕێبەر دەبێتە ئەفسانە و بەقەولی "ئینیا تسیۆسیلۆنێ" كە لە كتێبی مەكتەبی دیكتاتۆرەكان‌دا دەڵێ: «ڕێبەر دەبێتە ئەفسانەی تاكی خۆبە زلزان .» جارێك دەبێتە "سێبەری خودا" و جارێك دەبێتە "نوێنەرو جێبەجێكاری فەرمانی خودا".