کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‌ئامانجی ئێمە

23:42 - 17 بانەمەڕ 2717

کەریم پەرویزی

ئێمە کە بە دڵمانا نەدەهات خاوەنی چاپخانە و ئینتشارات بین؛ ئەوا بە یارمەتی خودا نامەی کوردستان داندرا و هەوەڵ ژمارەی بڵاو کراوە، ئەم نامەیە کە لە لایەن حزبی دێموکراتی کورستانەوە بڵاو دەبێتەوە دەیەوێ قەڵایەکی ئاسنین لە ئیتحاد و برایتەی بێنێتە بەرهەم کە بناغەکەی بە زانست و هونەر و لەشساغی داندرابێ و بتوانێ دەگەڵ سێڵاوی دوبەرەکی و بێدینی و هەموو جۆرە رەوشتێک کە بۆ سەربەستی زەرەر بێت بەربەرەکانێ بکا، هیوامان وایە ئەم قەڵایەی کە خەریکین قایمی بکەین؛ وەها قایم و بەهێز بێت کە هیچ هێزێک نەتوانێ بەربەرەکانی لەگەڵا بکا. سید محمد حمیدی

ئەمە سەروتاری ژمارە یەکەمی ڕۆژنامەی کوردستانە کە ڕۆژی ٢٠/١٠/١٣٢٤ بەرانبەر بە ١١ی ژانویەی ١٩٤٦ لە مەهاباد پێتەختی کۆماری کوردستان بڵاو کرایەوە.

ئەم قەڵایە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دایمەزراند و بناغەی دانا، ٧٠ ساڵە کە بەپێوەیە و نەک مەترسیی ڕووخانی لەسەر نیە، بەڵکوو لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژ و مانگ و ساڵدا، پتەوتر و قایمتر لە جاران، دەبێ بە قەڵای بەرخۆدانی ڕووناکبیری و هزری و چاوی وشیار و تیژی کۆمەڵگای کوردستان.

٧١ ساڵ بە سەر بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی کوردستان و ٧١ ساڵ بەسەر دامەزراندن و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا تێپەڕێوە و ئەم ژمارەیەی کوردستان دەبێتە ژمارەی ٧٠٠. لە ڕاستیدا دەبێتە حەوت سەد نهۆمی سەروەری و خانەی تۆماری ئازار و خولیاکانی نەتەوەیەکی خەباتکار و خاوەن ئیرادە وەک نەتەوەی کورد.

ڕۆژنامەی کوردستان هەر وەک لە سەردێڕە سەرەتاییەکانی سەید محەممەدی حەمیدیی نەمردا هاتووە، بۆتە قەڵایەکی ئاسنین بۆ ئەوەی نەتەوەیەک خەونەکانی سەربەستیی تێدا ببینێ. بۆ ئەوەی کە ئەم نەتەوەیە لەگەڵ سەردەمدا خۆی ڕێک بخا و لە ئامرازی سەردەم کەڵک وەربگرێ و قەڵایەک لە یەکڕیزی، لەسەر بناغەی زانست و هونەر و تەندروستیی کۆمەڵایەتی بونیات بنێ.

ئامانجی ڕۆژنامەی کوردستان، ئەوە بووە کە زمانی پاراوی نەتەوەیەک بێ کە دەیانەوێ زمانەکەی بسڕنەوە. ئامانجی ئەوە بووە کە پێشکەوتن و زانستی سەردەم و دەسکەوتی نەتەوەکانی دیکە بکاتەوە بە زمانی نەتەوەیی و نەتەوەی کوردی لێ ئاگادار بکاتەوە. ئامانجی ئەوە بووە کە هەم ڕێز لە هونەر بگرێ و هەم هونەری کوردستان گەشە بستێنێ و لەو پێناوەدا چیی لە دەست دێ وەگەڕی بخا. ئامانجی ئەوە بووە کە بڵاوکەرەوەی ئەخلاقێکی خاوێن و شارستیانانە بێ کە کۆمەڵگای کوردستان دوور بخاتەوە لە زیانە کۆمەڵایەتییەکان و نزیک ببنەوە لە سەربەستیی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی.

ئەمانە ئامانجی ڕۆژنامەی کوردستان لە سەرەتاوە و بە درێژایی ٧٠٠ ژمارەی ئەم ڕۆژنامە و لە ڕاستیدا ٧٠٠ نهۆمی ئەم قەڵا ئاسنینەدا بوون کە دەتوانین وەکوو پرەنسیپەکانی پڕبایەخی ئەخلاق و ئامانجی ڕاگەیاندنی کوردی ناویان ببەین.

بۆ وەسەریەک خستنی ئەم ٧٠٠ نهۆمە، بەدرێژایی ٧١ ساڵ، بە هەزاران نووسەر و ڕووناکبیر و کادر و پێرسۆنێلی فەننی و تێکۆشەرانی تایبەت بە گەیاندنی ڕۆژنامەی کوردستان بە دەستی ئەوینداران و ئۆگرانی، لە بیری پێشکەوتوانەیان کەڵکیان وەرگرتوە و زەحمەتیان کێشاوە و ڕەنجیان داوە و ئارەقیان ڕشتوە و تەنانەت لەپێناوی ئەو ئامانجانەدا شەهیدیش بوون. کەم نین ئەو کەسانەی کە بە تاوانی لەگیرفاندا هەبوونی لەتێک لە بەڵگەکانی ڕۆژنامەی کوردستان زیندانی کراون و ئەشکەنجە دراون و تەنانەت لە ژێر ئەشکەنجەشدا بەدەستی جەللادەکانی پەهلەوی و ویلایەتی فەقیهی، شەهید کراون.

بەناوی دەستەی نووسەران و کارگێڕانی ڕۆژنامەی کوردستانەوە ڕێز لە ڕەنج و تێکۆشانی هەموو ئەو کەسانە دەگرین کە لە ماوەی ٧١ ساڵ و ٧٠٠ ژمارەدا، ئەم قەڵا ئاسنینیەیان پاراستوە و پتەو و گەورەیان کردۆتەوە. یادی هەموو تێکۆشەرانی سەرەتا و دواتری درێژەی کاری ڕۆژنامە و ئێستای ئەم قەڵا گەورەیەی کوردستان دەکەینەوە و ڕێزیان دەگرین. لە ئێستاشدا جیا لە ژمارەی کەمی پێشمەرگەکانی نێو سەنگەری ڕۆژنامەی کوردستان بە دەیان کەس لە هەموو شوێنێکی دونیادا یارمەتیدەری پاراستن و گەشەپێدانی ئەم قەڵایەن. دەستی ماندووی هەموویان دەگوشین و پیرۆزبایی ژمارە ٧٠٠، لە هەموو کەس لە مێژوو و لە ئێستادا دەکەین کە ڕۆڵێکیان لە پتەوکردنی ئەم قەڵا ئاسنینەدا هەبووە.