کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بایکۆت کرد

00:31 - 18 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتوو لە پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵات هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بایکۆت کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە پێنج ڕێکخراوی ژنی کوردی ڕۆژهەڵات پێکهاتووە بە دروستکردنی کەمپەینێک لەژێر ناوی لە پێناو وڵاتەکەم شار چۆڵ دەکەم هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بایکوت کرد.

ئەو کەمپەینە ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕ، لە پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان لە بەر دەم پەیکەری مەستوورە ئەردەڵان وەک هێمای خۆڕاگریـی ژنی کورد، لە پرێس کۆنفرانسێکدا دەستبەکاربوونی خۆی ڕاگەیاند.

لەو پرێس کۆنفرانسەدا پەیامی ڕاگەیاندنی کەمپەینەکە لە لایەن فاتمە عوسمانی و پەیامی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن سۆهەیلا قادریخوێندرایەوە.

ئەو کەمپەینە داوا لە خەڵکی کوردستان و بە تایبەت ژنانی ڕۆژهەڵات دەکات کە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی بە نیشانەی ناڕەزایەتی شار چۆڵ بکەن.

دەقی ڕاگەیەندراوی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات لەم بارەوە:

هاونیشتمانیانی خۆڕاگر، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان


لەم ڕۆژانەدا کۆمەڵگا و بەتایبەتی ژنانی کوردستان بەرەوڕووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شووڕای شار و گوندکانن. لەم پەیوەندییەدا پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە هاودەنگییەکدا لە سەر بایکۆتکردنی ئەم هەڵبژاردنانە ڕێککەوتن. ئەم رێکەوتنە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە کۆی سیاسەت و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی پێشانی داوە کە کۆمەڵگای کوردستان هیچ رێگەیەکی بۆ نەماوە بێجگە لەوەی کە خۆی بۆ بەرەنگاری و ڕابوون بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات. دیارە بایکۆتکردن ڕەفتارێکی شیاوە و هەڵگری ئەو ماناییەیە کە ئێمەی کورد کۆی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی بە دژ و نەیاری ویستەکانی خۆمان دەزانین، بەتایبەت کە ئیتر مانایەک نەماوە لەم هەڵبژاردنانەدا تاکو واتاداری بکات.

جیا لە پارتە سیاسی و کەس و لایانە جیاوازەکانی کوردستان بابەتی هەڵبژاردن بابەتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشە. لەو بوارەوە کە ئاخۆ ئەم هەڵبژاردنە هەڵگر یان واتادارە بۆ ژنان؟ لێرەوەیە کە خوێندنەوە و ڕۆڵی ژنانی ڕۆژهەڵات دەتوانێ مانادار بێ.

ئەوەی لەم کاتەدا ئێمە وەک ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم هەڵبژاردنانە دەگەین ئەوەیە کە ئەم بە ناو هەڵبژاردنانە ئەگەر بۆ بەشێک لە ئەقلییەتی پیاوسالارانە کە دەرهاویشتەی کۆماری ئیسلامییە مانای هەبێ، بەدڵنیاییەوە ناتوانێ بۆ ئیمەی ژنان واتادار بێ. ئەم بێواتاییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە بەر لە هەموو شتێک یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا ژنان لە بەرێوەبەری وڵات بێبەری دەکات و بە بێ سڵکردنەوە ژنانی وەک هاوڵاتیانی پلە دوو و سێ هەژمار دەکات. پێدەچێ هێندێ کەس هەڵبژاردنی شووڕاکان وەک نمونە بێننەوە کە ژنان مافی خۆپاڵاوتنیان هەیە و دەتوانن رۆڵ بگێڕن لە بەڕێوەبردنی شار و گوندەکاندا.

بەڵام ئەمە ڕێک ئەو شوێنەیە کە کۆی ئەقلی بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا دەکات. ئەو شوێنەی کە کۆماری ئیسلامی ژن بە شایانی سەروەری نازانێ و لەم سونگەوەیە کە پلەی تواناکانی دێنێتە ئاستێکی بچووک تاکو پێمان بڵێ کە ژن ناتوانێ سەروەر و سەردار بێ.

بەڵکوو تەنیا دەتوانێ لە خوارەوەی ئەقلییەتی پیاوسالارانەی کۆماری ئیسلامی لە پەراوێزەکاندا خەریک بێت، ئەویش بەدەیان مەرجەوە.

بەلەرچاوگرتنی راستییە حاشا هەڵنەگرەکان، ژنانی ڕۆژهەڵات دەبێ وڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە کە ئایا ئامادەن بەشداری ئەم سوکایەتی و کۆیلەبوونە بن یان دەیانهەوێ توانا و هێزی خۆیان بەرانبەر بەم ئەقلییەتە پێشان بدەن. ئایا ژنانی ڕۆژهەڵات دەبنە بەشێک لەوەی بۆ چەندین دەیەیە ڕێگای چەوسانەوەی ژنان پەیڕەو دەکات،! یان بەرەنگاری دەبنەوە و هێز و توانای خۆیان پێشان دەدەن؟

لەم ڕوانگەوە ئێمەی ژنانی ڕۆژهەڵات جیا لەوەی کە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەقلییەتە ژن کوژەکەی بایکۆت دەکەین، لەهەمانکاتدا بەتەمای ئەوەین کە ئەم بایکۆتکردنە شێوەی چالاک بە خۆیەوە بگرێت و لەم بوارەدا ژنانی رۆژهەڵات هاوشان لەگەڵ ڕۆڵەکانی نیشتمان، هەڵبژاردن بکەن بە گۆڕەپانێک کە هەم هێز و ئیرادەی ژنانی ڕۆژهەڵات پێشان بدات و هەمیش یەکگرتووی و یەک دەنگی خەڵکی ڕۆژهەڵات بەرجەستە بکاتەوە.

لەم پەیوەندییەدا ژنانی ڕۆژهەڵات هاوکاری ئەو توانایەیان دەبێ کە بە نا گوتن بە هەڵبژاردنە دروین و سیستەمە ژن کوژەکەی کۆماری ئیسلامی، دەیانهەوێ ڕیزەکانی کۆمەڵگای کوردی پتەوتر بکەن و هەموومان پێکەوە چالاکانە ئەم هەڵبژاردنانە بایکۆت بکەین.

ناوەندی ژنانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لەو ڕێکخراوانە پێک هاتوە :

ـ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی
ـ کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات
ـ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
ـ ئاسۆی ژنی کورد