کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لە عەرەبستان کرد

16:09 - 18 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لە عەرەبستانی سعودی کردووە کە جگە لە مەککە و مەدینە هەموو ئەو وڵاتە خاپوور دەکات.

پاش لێدوانەکانی وەزیری بەرگری عەرەبستان سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی کە گووتبووی ئیزن بە ئێران نادەین شەڕ لە خاکی عەرەبستان وەڕێ بخات، پاسدار حسەین دێهقان وەڵامی ناوبراوی دایەوە و لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کاناڵی ئەلمنارە هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر سعودیە لە خاکی ئێراندا شەڕ و هەڵا بنێتەوە دژکردەوەمان دەبێت و هەموو خاکی عەرەبستان جگە لە مەککە و مەدینە خاپوور دەکەین.

دێهقان ڕوو لە مۆحەممەد بێن سەلمان لە کاناڵی ئەلمەنارەی حیزبوڵای لوبنان وتوویەتی: ئەمە گەمژەیی تەواوە ئەگەر کەسێک بیهەوێ شەڕ بکێشێنێتە نێو خاکی ئێران لەنێوی دەبین.

هاوکات غوڵامعەلی خۆشڕوو نوێنەری ڕێژیم لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئەم ڕێکخراوە عەرەبستانی تۆمەتبار کردووە بەوەیکە لەدژی ئێران هاوکاری لایەنە تێرۆریستییەکان دەکات.

ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕیش بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەوڵەتی ڕیازی تۆمەتبار کردبوو بە وەهابیگەری و قەیران خوڵقێنی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا.

ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕ مۆحەممەد بێن سەلمان لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کاناڵی ئێم بی سی گووتبووی: ئێمە چۆن دەتوانین لەگەڵ ڕێژیمێکدا دیالۆگ و وتووێژ بکەین کە هەڵگری ئیدئۆلۆژییەکی زێدەخوازانەیە و هەموو هەوڵەکانی بۆ زاڵ کردنی هێژمۆنی خۆی بەسەر جیهانی ئیسلام و ناوچەدایە.

ناوبراو وتبووی: ئیدئۆلۆژییە توندئاژۆکانی سەرانی کۆماری ئیسلامی سەرچاوەگرتوو لە یاسای بنەڕەتی و بیرۆکەکانی خومەینییە کە دەڵێ پێویستە بەسەر هەموو جیهانی ئیسلامدا زاڵ بین و پەرە بە مەزهەبی شیعەی ١٢ ئیمامی بدەین تاکوو ڕێگە بۆ هاتنی ئیمام مەهدی خۆش بکەین.

لە درێژەی ئەم وتووێژەدا وەزیری بەرگری سعودیە دەڵی: سەرانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٣٠ ساڵە خەڵکی ئێرانیان لە گەشەکردن و پێشکەوتن بێبەش کردووە و برسیەتی و داماوییان بە دیاری بۆ هێناون؛ دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دوکتۆرینی پەرەدان بە دەسەڵات و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەیان گرتۆتە بەر؛ یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیشی لێدانی عەرەبستانی سعودییە بۆیە ئێمە ڕێکاری بەرگری جیددیمان لە بەرانبەر ئەم زێدەخوازییانە گرتۆتە بەر و ناهێڵین تاران بە ئامانجەکانی خۆی بگات.

ئەم لێپرسراوەی سعودییە لە لێدوانەکەیدا ئاماژە بەو وڵاتانە دەکات کە کۆماری ئیسلامی لە رێگەی میلیشیا و گروپە توندڕەوەکانیەوە هەوڵی کاول کردنیان دەدات کە زەقترینیان عێراق و یەمەن و سوریەیە.