کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی سۆران شافێعی لە گۆڕستانی شەهیدانی ناوەندی ٣ی کوردستان بە خاک سپێردرا

18:45 - 21 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: تەرمی سۆران شافێعی ناسراو بە سۆران سەقزی کوڕی شەهید پەرویز شافێعی، لە گۆڕستانی شەهیدانی جێژنیکان بە خاک سپێردرا.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵەی سۆران شافێعی و بنەماڵەی پێشمەرگەکان، تەرمی ناوبراو له گۆڕستانی شەهیدانی ناوەندی ٣ی کوردستان بە خاک سپێردرا.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند؛ لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ناوبرادا ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزب و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان و ئەندامانی ڕێبەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵە ـ ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەشدار بوون.

لەو ڕێوڕەسمەدا محەممەد ساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

قادری وێڕای سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی سۆران شافێعی و هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکرات، ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی بە خەسارێکی گەوره بۆ بنەماڵەی ناوبراو و حیزبی دێموکرات وەسف کرد.

ناوبراو لە بەشێكی قسەکانیدا داوای کرد کە؛ لێکۆڵینەوەی لایەنەکانی پێوەندیداری ئەمنییەتیی هەرێمی کوردستان بتوانێت هۆکاری گیانلەدەستدانی ناوبراو ڕوون بکاتەوە.

سۆران سەقزی، کە ناوی ئەسڵی خەبات بووە، کوڕی شەهید پەرویز شافعی بووە کە باوکی ناوبراو لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا گیانی فیدای ڕزگاریی کوردستان کردووە و بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و ناسراوی شاری سەقزن.