کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شانۆی هەڵبژاردنەکان بە چالاکیی تەبلیغی بایکۆت کرا

17:52 - 24 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بە مەبەستی بایکۆت کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەران و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شار و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ بایکۆت کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

سەقز

ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری سەقز بۆ بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکان، ئەو شوێنانەی کە ڕێژیمی ئێران پێشتر بۆ پڕۆپاگەندای هەڵبژاردنەکان کەڵکی لێوەر دەگرت، لە لایەن تیمی تەشکیلاتیی شاری سەقزەوە بە تەواوەتی ئاگری تێبەر درا.

ئەو هەڵوێستە بوێرانەی قارەمانانی دێموکرات بوو بە هۆی ڕق‌ و تووڕەیی هێزەکانی ڕێژیم و میلیتاریزەکردنی شار.

شنۆ

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری شنۆ بەمەبەستی پشتگیری لە بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکان، له ڕێگای شنۆـ نەغەدە، ڕێگای ئاڵیاوێ بۆ گورگاوێ و هەروەها ئاڵیاوێ بۆ نەڵیوان و هەروەها نێو گوندی ئاڵیاوێ، تراکتی تایبەت بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان بڵاو کردۆتەوە و دروشمیان لەو پێوەندییەدا نووسیوەتەوه.

لە شۆێنەکانی بەرچاوی ئەو گونده وەک نانەوایی، مەدرەسە، مزگەوت و تەوای ماڵەکان، دانە بە دانە تراکتی تایبەت بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لێ بڵاو کراوەتەوە.

لەو چالاکیانەدا زیاتر لە ١٥٠٠ تراکتی بایکۆتی هەڵبژاردن بڵاو کراوەتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، گوڵستانی بەرپرسی بەسیجی عەشایری پارێزگای ورمێ لەگەڵ حاجی مێهران نێعمەتی سەرۆکی عەشایری ناوچەی دەشتەبێڵ دانیشتنیان هەبووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند؛ لەو دانیشتنەدا ئەو دوو بەکرێگیراوەی ڕێژیم لە سەر بابەتەکانی، درێژەدان بە ئەمنیەتی سەقامیگری خەڵک لە سەر بنەمای قسەکانی خامنەیی، هاندانی هەموو عەشایرەکانی دەشتەبێڵ لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکان بۆ دەنگ‌دان، ڕوونکردنەوە بۆ عەشایری ناوچەکە بە مەبەستی هەڵبژاردنی کاندیدی باوەڕپێکراوی خۆیان.

پیرانشار

قارەمانانی دێموکرات لە شاری پیرانشار بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان ڕێژیم ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شوێنەکانی وەک زەرگەتەن، فەلەكەى مامۆستا هەژار، دەوروبەرى فەلەكەى كشاوەرز، مەدرەسەى كارودانش – شەقامى مەلا دۆنەخۆر و شەقامی كاسەكەران چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.