کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حدکا: هەڵبژاردن هیچ گۆڕانێک لەنێو سیستمی ڕێژیمی ئێراندا بەرهەم ناهێنێت

22:45 - 24 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: حەسەن شەرەفی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتوێژێکدا باسی لەوە کردووە کە؛ هەڵبژاردن لەنێو سیستمی ئێراندا پێچەوانەی پێوەرە دێموکراتیکەکانە و باسکردنی پرسی نەتەوەکان پێگە و پێکهاتەی ڕێژیمی ئێران دەخاتە مەترسییەوە.

حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێر و گوتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی باسنیوزدا لەبارەی ناوەرۆک و جەوهەری هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ڕێژیمی ئێران لەم خولەی هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ خولەکانی دیکە، باسی لەوە کردووە کە؛ ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر هەڵبژاردنەکان لە کۆماری ئیسلامی، لە هەموو خولەکاندا بەپێی سیاسەت و ناوەرۆکی ئەو ڕیژێمە، هەڵبژاردن لەو وڵاتە لەگەڵ چەمک و واتای هەڵبژاردنی ڕاستەقینە و دێموکراتیک یەکجا دوورە و دەکرێ بڵێین لە پارادۆکسدایە. ئەم خولەش و لە خولەکانی دیکەشدا ناوەرۆکی نایاسایی و نادێموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانەوە دیارە و لە ئەنجامدا هیچ ئاکامێکی دروستی لێ ناکەوێتەوە.

شەرەفی هەروەها باسی لەوە کردووە کە؛ چوونکە بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران، چەند فیلتێرێکی ڕێژیم بەربژێرەکانیان پاڵاوتووە و پلاندارێژیی بۆ کراوە و کەسانی دڵخوازی خۆیان دادەنرێن، نزیکەی زیاتر لە ٧٥%ی خەڵکی ئێران لە خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران بێبەرین و مافی ڕەوایان زەوت کراوە، کەوابوو هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران لە جەوهەری خۆیدا دێموکراتیک نییە.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی دیکەی وتەکانی‌دا باسی لەوە کردووە؛ لەنێو دەسەڵاتی ئیراندا سیما و دەموچاوەکان هەرچی بن، هیچ گۆڕانێک لە سیاسەتی گشتیی ئێران، چ لەنێوخۆ، بارودۆخی ژیانی خەڵک و چ لە سیاسەتی دەرەوە و درێژەی سەرکوت و سێدارە نایەتە گۆڕێ، بۆ وێنە کاتی خۆی خاتەمی هاتە سەرکار و پاشان گوتی ئەمن هیچ دەسەڵاتێکم نییە، پاشان ئەحمەدی نەژاد دوای دوو دەورە سەرکۆماری، ئەمجارە شیاوێتیشی پەسەند نەکرا. کاتی خۆی مووسەوی سەرۆک وەزیر بوو، کەڕووبی کە سەرۆکی پەرلەمان بووە و وەلا نراون، بۆیە دەسەڵاتی ئیران وەفای بۆ کەسە دڵسۆزەکانی خۆشی نییه.

شەرەفی، لە پەیوەندی لەگەڵ هەڕەشە و هۆشدارییەکانی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند؛ خامنەیی بۆیە پێشنیاری بە کاندیداکان کرد کە باسی پرسە نەتەوەیی، ناوچەیی و زمانی و ئایینییەکان نەکەن، لەبەر ئەوەی بەربژیرەکان لەڕاستیدا هیچ شتێکیان نییە کە وادە و بەڵێنیی بە خەڵکی بدەن.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەبارەی هەڵوێستی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە لایەن شەش لایەنی ڕۆژهەڵاتەوە گوتی: بایکۆتی ئەمجارەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەچاو جاران جیاوازییەکی هەبوو، یەکەم ئەگەر جاران حیزب، یان ڕێکخراوێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی هەندێک گومانی لە بایکۆت، یان هەوڵدان بۆ بەشداری هەبوو، بەلام بۆ ئەوانیش دەرکەوت کە ئەو ڕێژێمە ئەو دەرفەتە بە کەس نادات و ئەو زەمینە دەرفەتە لەو ڕێژێمەدا نییە کە ئاڵوگۆڕێک بۆ ماف و ویستەکانی نەتەوەی کورد بێنێتە دی، بۆیە ئەمجارە هەر شەش ڕێکخراو پێکەوە بایکۆتی هەڵبژاردنی سەرکۆمارییان ڕاگەیاند، هاوکات لەباری کرداریشەوە هەر ڕێکخراوێک ئەوەندەی بۆی کرابێت، لەڕێگەی ڕاگەیاندن و پێگەی خۆی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، داوای کردووە کە خەڵکەکە لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری نەکەن.