کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕیادێک بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان لە فینلاند

18:32 - 20 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: کۆڕیادێک بەبۆنەی 10ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان، لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ فینلاند، بەڕێوەچوو.

به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ ماڵپه‌ڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی 19ی خاکەلێوەی 1391ی هەتاوی، کۆڕیادێک بەبۆنەی 10ی خاکەلێوە ــ رۆژی شەهیدانی کوردستان ــ لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ــ فینلاند، بە بەشداریی خەڵکێکی بەرچاو، لە شاری تامپێرێ بەڕێوەچوو.

رێوڕه‌سمه‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌ڕێووه‌چوو:

ــ کۆڕیادەکە بە پێشکەش کردنی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب لەلایەن کۆڕی سروودی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و راگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە، دەستی پێکرد.

ــ پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران ــ فینلاند، لەلایەن بەرپرسی کۆمیتە، بەڕێز عەلی مورادییەوە پێشکەش کرا.

ــ پێشکەش کردنی پەخشانێک لەلایەن فازیل سوڵتانپەنا.

ــ بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، فیلمێک پیشان درا لە وێنەی ‌شەهیدان، بەتایبەت ئەو شەهیدانەی کە بنەماڵەکانیان نیشتەجێی وڵاتی فینلاند بوون.

ــ پەیامی هاوبەشی یەکیەتییه‌کانی ژنان و لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن شەهین سوڵتانییەوە پێشکەش کرا.

ــ پێشکەش کردنی پەخشانێک، لەلایەن خاتوو کەژاڵ نەقشبەندی.

بەشی دووهەمی کۆڕیادەکە تەرخان کرابوو بۆ سمینارێک لەسەر 10ی خاکەلێوە، کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد و ئاڵۆگۆڕەکانی ئەمڕۆی ناوچەکە و کورد، کە لەلایەن به‌ڕێز سادق زەرزا بەڕێوەچوو.

دواتر نامەی رێزلێنانی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ــ فینلاند، لەلایەن بەڕێزان سادق زەرزا و عەلی مورداییەوە، پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان کرا.

لە دوایین بەشی بەرنامەکەدا، سروودی ئەی شەهیدان لەلایەن کۆڕی سروودی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوه‌ پێشکەش کرا.