کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەنانەت لە دروشمەکانیش دەترسن

17:20 - 26 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سپای پاسدارانی ڕێژیم لە گوندی کێلەشینی سەقز، سەرقاڵی سڕینەوەی دروشمەکانی دژ بە ڕێژیم بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ پاش نووسینی دروشمی شۆڕشگێڕانە لەلایەن لاوانی دەروەست و ئازادیخوازی کوردستان بۆ پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات و لە دژایەتی کۆماری پەت و سێدارە، هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیم لە ناوچەی سەقز، بۆ سڕینەوەی درووشمە نووسراوەکان وەخۆ کەوتوون.

بەپێی زانیارییەکان دوای ئەوەیکە لە ماوەی ڕابردوودا ئازادیخوازانی ناوچەی سەقز دیوارەکانی گوندی کێلەشینیان بە درووشمی شۆڕشگێڕانەی وەک بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی، بژی قازی محەممەد و قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە و ... ڕازاندەوە، هێزە دژی گەلییەکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران نەیانتوانی ترسی خۆیان بشارنەوە و لە هەڵمەتێکی ترسنۆکانەدا ئەم دروشمانەیان سڕییەوە.

بەپێی ئەم هەواڵە، هێزەکانی سپا پاش سڕینەوەی دروشمەکان هەڕەشەیان لە خەڵکی ئاسایی کردووە کە چیدیکە نابێ کاری لەم شێوە بکرێت.

لاوانی شۆڕشگێڕی کورد لەمبارەوە ڕایانگەیاندووە: لە هەوڵەکانیان بۆ پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد و ڕاسانی ڕۆژهەڵات لەدژی تاریک پەرستان بەردەوام دەبن و ئەم جۆرە کارانەی ڕیژیم ناتوانێ ئیرادەیان لاواز بکات.

دروشم نووسین یەکێک لە چالاکییە کاریگەرەکان بەدژی ڕێژیمە کە لاوانی کورد کەڵکی لێ وەردەگرن و هەموو کات تووڕەیی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی لێکەوتۆتەوە.