کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران لە ئامریکا بەڕێوەچوو

17:47 - 26 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: کوردانی ڕۆژهەڵاتی نیشتەجێی واشینگتۆن سێمینارێکیان لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران لە ئامریکا بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٣٩٥ هەتاوی، سێمینارێک لە لایەن هەندێک لە کوردانی ڕۆژهەڵات، نیشتەجێی ناوچەی واشینگتۆن بەڕێوە چوو. لەم سێمینارەدا کە بە بەشداریی ژمارەیەک لە کوردانی نیشتەجێی ئەو دەڤەرە بەڕێوە چوو، هەریەک لە ئارەش ساڵح نوێنەری حدکا لە ئامریکا، ناسر باباخانی نووسەر و لێکۆڵەر و هەروەها شاهێد عەلەوی ڕۆژنامەوان بە بەشداری لە پەنێلێکدا باسیان لە هەڵبژاردن کرد و هەڵوێستی هەر شەش لایەنی کوردستانی ئێرانیان لەمەڕ بایکۆت کردنی هەڵبژاردن هێنایە بەر باس.

لەم سێمینارەدا سەرەتا هەریەک لە ئامادەبووان بۆ ماوی ١٢ خولەک باسە سەرەکییەکانی خۆیان پێشکەش کرد و پاشان پێشکەشکاری پانێلەکە چەند پرسیارێکی ئاراستەی بەشداربووانی پانێلەکە کرد. لە بڕگەی سێهەمی ئەو پانێلەدا ئامادە بوان پرسیاری خۆیان ئاراستەی هەر سێ بەشداربوو کرد و بە بۆچوون و پرسیار بەشدرییان لە باسەکاندا کرد.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەو پانێلەدا وێڕای ئاماژە بە هەڵوێستی حیزبە کوردستانییەکان گوتی ؛ کاتێک کە هەڵبژاردن هیچ مەرجێکی دێموکرات بوون و ئازاد بوونی تێدا نیە و جێگایەک بۆ حیزب و لایەنە جیاوازەکان لە نێو ئەو هەڵبژاردنەدا نیە، بۆیە باری نۆرماڵ لە ئاوا هەڵبژاردنێکدا بەشداری نەکردنە، چوونکە خودی نەبوونی ئەو مەرجانە باشترین ئاماژەن بۆ بەشداری نەکردن و ئەوانەی کە دەیانەوێ بەشداری بکەن پێویستە ئێستێدلال بۆ قسەکانیان بێننەوە و خەڵک بەو قەناعەتە بگەیەنن کە بەشداری بکەن.

پاشان ئارەش ساڵح بە ئاماژە بە چەند ئێستێدلال کە بۆ بەشداری کردن دێتە ئاراوە گوتی کە؛ هەمووی ئەو ئێستێدلالانە یان لە هەلومەرجی ئەمڕۆی ئێراندا کاراییان نیە یان لە بنەڕەتدا لەڕوانگەی زانستییەوە هەڵەن.

لە کۆتایی‌دا نوێنەری حیزب لە وەڵامی هەندێک لە ئامادەبوواندا گوتی؛ سیاسەتی فەرمیی حیزبی دیموکرات ئەوەیە کە ئێمە بەشداریی هەڵبژاردن ناکەین و داواش لە خەڵکی دەکەین کە بەشدار نەبن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە ئەوانەی دەیانەوێ بەشداری بکەن تاوانبار بکەین، بەڵکوو پێمان وایە کە لێکدانەوەی ئەوان لەسەر بابەتەکە بنەمای زانستیی نیە و زیاتر لەسەر ئاواتی بێ‌بنەما بنیات نراوە. هەروەها لە درێژەی باسەکەدا بە ئاماژە بە ڕاسان وەکوو مودێلێکی هەبووی سیاسەت کردنی ڕاستەقینە لە کوردستانی ئێراندا، باسی لەوە کرد کە؛ بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا زیاتر لە هەرشتێک بۆتە هۆی پێکهاتنی دوورەپەرێزی لە سیاسەت کردن لە ئێراندا و ئێمە پێمان وایە بە بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردندا، خەڵک ئامادە دەکەین کە بیر لە سیاسەتی ڕاستەقینە بکەنەوە و بەم شێوەیە ڕێگا دەکەینەوە بۆ ئەوەی کە ئاڵتێرناتیڤێک کە ئێمە دەمانەوێ ئاراستەی بکەین، هەوڵی هێنانە دی لە نێو کۆمەڵگادا زیاتر بکرێت.