کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە لایەن خەڵکەوە بەردەوامە

22:38 - 26 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بە مەبەستی بایکۆت کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەران و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شار و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ بایکۆت کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ڕۆڵە قارەمانەکانی دێموکرات لە گوندەکانی کێلە چەرموو، شیان، مێراو، تەنگیسەر و هەمرۆڵە لە پەیامی ویدیۆیی جۆراجۆردا هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بایکۆت کردووە و دوایان لە خەڵک کردووە کە دەنگ بە ستەم و زوڵم نەدەن.

هەروەها ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموكرات له‌ شاری بۆكان چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بە مەبەستی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم بەڕێوە برد که له‌گه‌ڵ پێشوازیی خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ به‌روڕوو بووەته‌وه‌.

تێکۆشەرانی دێموکرات له‌ ماوه‌ی ٢ڕۆژدا زیاتر له‌ ١٥٠٠ به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شی كۆمیسیونی ته‌شكیلاتی حیزب دێموكرات و كۆمه‌ڵه‌ و ١٥٠ دانه له‌ پۆستێری شارچۆڵ ده‌كه‌ین، له‌ زۆربه‌ی شه‌قام و به‌ ناو ستاده‌كانی كاندیداكانی شۆڕای شار و سه‌ركۆماری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بۆته‌ جێگای خۆشحاڵیی خه‌ڵک.

ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چوو بریتین له؛‌ گه‌ڕه‌كی باغی قازی، شەقامی ئه‌بوزه‌ر، شەقامی ورزش، سێ‌ڕێیانی سەنگینی، سێ‌ڕای حه‌مامیان، شەقامی میراوا، شەقامی سه‌قز، شەقامی سه‌ردار عه‌زیزخانی موكری، عه‌لیاباد، جادده‌ی سه‌د بۆ نەخۆشخانەی شار، فه‌رهه‌نگیانی ژماره ٢، كوی محەممەدی، شەقامی ئینقلاب، فه‌له‌كه‌ی فەرمانداری، بلواری كوردستان تا بلواری مامۆستا هه‌ژار و مه‌یدانی گه‌وره‌ی تهڕه‌باری بۆكان.

هه‌روه‌ها ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکرات زیاتر له‌ ٥٠٠٠ تراكتیان بە كورته‌نامه‌ له‌ ڕێگای تۆڕه‌كۆمه‌لایه‌تییه‌كانیانەوە بۆ خه‌ڵكی شار و گونده‌كان ناردووه‌.

هەروەها لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شارەکانی شنۆ، سەقز و پیرانشار بۆ بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە چووە.