کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگر لەبەنێری پاڵێوراوانی ڕێژیم لە شاری سەقز بەردرا

16:42 - 27 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: لە شاری سەقز بەنێرەکانی حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لەلایەن لاوانی قارەمانی ئەم شارەوە ئاگری تێ‌بەردرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لە شاری سەقز لاوانی تێکۆشەر بۆ نا گوتن بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم، لە شەقامی سەرچەم بەنێری پڕوپاگەندای حەسەن ڕۆحانیان ئاگر تێ‌بەرداوە.

هەر لەو پێوەندییەدا لە شاری بانه پاش دانانی ستادی تەبلیغیی حەسەن ڕۆحانی و درۆ و دەلەسەکانی بانگەشەکەرانی ڕۆحانی لەم شارە، لاوانی تووڕە و دەروەستی ئەم شارە، هێرشیان کردە سەر ئەم بنکەیە و بە ئاگرتێبەردانی شوێنەکە وەڵامی شیاوی فریوکارییەکانی ناوبراویان دایەوە.

چەند ڕۆژ پیش ئێستاش ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری سەقز بۆ بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکان، ئەو شوێنانەی کە ڕێژیمی ئێران پێشتر بۆ پڕۆپاگەندای هەڵبژاردنەکان کەڵکی لێوەر دەگرت، لە لایەن تیمی تەشکیلاتیی شاری سەقزەوە بە تەواوەتی ئاگری تێ‌بەردرا.

ئەو هەڵوێستە بوێرانەی قارەمانانی دێموکرات بوو بە هۆی ڕق‌ و تووڕەیی هێزەکانی ڕێژیم و میلیتاریزەکردنی شار.

شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان هیچ گرینگییەکی بۆ خەڵک نەماوە و خەڵکی ئاسایی وەک گاڵتەجاڕێک سەیری ئەم کارناڤاڵە دەکەن و دەڵێن: ئەمە شانۆگەرییەکە کە ڕێژیم لە چوارچێوەی یارییەکی سیاسی لەگەڵ خەڵک دەیکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری، لە زۆربەی شارەکانی ئێران و بەتایبەت لە شارەکانی کوردستان خەڵک بەشێوەی خۆڕسک بەنێرە تەبلیغییەکانی بەربژێرەکانیان دڕاند و دەیانسووتاندن.