کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا هێزە چەکدارەکانی خۆی لە کەنداو چڕتر دەکاتەوە

17:36 - 27 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕێککەوتننامەیەکی بەرگری لەگەڵ ئامریکادا واژۆ کرد.

پاش واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەی سەروو سەد میلیارد دۆلاریی سەربازی لە نێوان ئامریکا و عەرەبستانی سعودی، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییش ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕ ڕێککەوتننامەیەکی هاوشێوەی لەگەڵ ئامریکادا واژۆ کرد.

ئەم ڕێککەوتننامەی ئیمارات لەگەڵ ئامریکا ئیزنی ئەوە بە واشنگتۆن دەدات کە ڕێژەی هێزە چەکدارەکانی و کەلوپەلە سەربازییەکانی لە نێو ئاوەکانی کەنداودا زیاتر بکات.

عەرەبستانی سعودی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەشێکن لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئامریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین کە بەردەوام سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری وڵاتانی ناوچە ڕەخنەی توندیان لە تاران گرتووە.

بەشێک لەم هاوپەیمانە ناوچەییانەی ئامریکا، هیوادارن کە دەوڵەتی ترامپ پێش بە دنەدان و پشتیوانییەکانی تاران لە گرووپە میلیشیاییە توندرەوەکان لە سووریە و عێراق و یەمەن و لوبنان بگرێت و ئیزن بە شێواندنی زیاتری ناوچە نەدات.

سەبارەت بە کێشەکانی ناوچە شان سپایسێر وتەبیژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندوە: سەرکۆماری ئامریکا ئاواتەخوازە بە هاوکاریی زیاتر و نیزیکتری هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کیشە لەمێژینەکانی ئەم ناوچە چارەسەر بکات.

ڕێکس تەیلێرسۆن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کاناڵی ئێن بی سی ڕایگەیاندبوو: بەرەنگاربوونەوەی کردارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا بووەتە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر. پرسێکە کە پێم وایە هەموو وڵاتانی ناوچە لەسەری کۆکن؛ بە وتەی ناوبراو، ترامپ بۆ یەکخستنی وڵاتانی ناوچە بەرانبەر بە هەڕەشەی تێرۆریزمی تاران ئەم سەفەرە ئەنجام دەدات.