کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاروانی بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئێران درێژتر دەبێتەوە

16:23 - 28 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: لە درێژەی بایکۆت و تەحریمی شانۆگەری ٢٩ی بانەمەڕ چەند لایەن و کەسایەتی سیاسی دیکەش هەڵوێستی تەحریمیان هەلبژارد.

کانوونی فەرهەنگی و سیاسی گەلی تورکەمەن و بزوتنەوەی نەتەوەیی و دێموکراتیکی تورکەمەن لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا و کۆمەلێک لە زیندانیانی سیاسی زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج، ئاتێنا دائێمی و گۆلڕۆخ ئیرایی ٢ زیندانی سیاسی لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، حیزبی تەزامۆنی دێموکراتیکی ئەحواز، بەرەی دێموکراتیکی ئێران، بەرەی نەتەوەیی ئێران، بەشێک لە گروپە تورکە ئازەرییەکان.

لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ٢ ڕێکخراوی نەتەوەی تورکمەندا ڕوو لە گەلانی ئێران و نەتەوەی تورکەمەندا هاتووە: ئێمە پێمان وایە شانۆی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا ناتوانێ گەلەکەمان بە مافە دێموکراتیک و ئینسانییەکانی بگەیێنێت بەڵکوو بەشداری کردن لەم شانۆگەرییە دەبێتە هۆکارێک بۆ تەمەندرێژی ڕێژیمی داپڵۆسێنەر؛ هەربۆیە داواکارین لە گەلی تورکەمەن بە دەرو وەرگرتن لە ڕابردوو خۆیان بپاریزن لەم شانۆگەرییە و بەشداری تێدا نەکەن.

هەروەها ٢ زیندانی سیاسی لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین هەر کام بە جیا ڕوو لە چالاکانی سیاسی و خەڵکی ئێران باسیان لە زوڵم و زۆرە سیستماتیکەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خاک و خەڵکی ئێران بەتایبەت ژنان کردووە و وێڕای هێنانەوەی کۆمەلێک بەلگە لەپێوەندی لەگەڵ نادێموکراتیک بوونی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی شانۆگەری ڕۆژی هەینییان بایکۆت کردووە.

ناوی بەشێک لە زیندانییە سیاسییەکانی گەوهەردەشتی کەرەجیش کە پەیوەست بە کاروانی بایکۆت بوون بریتییە لە: رەزا ئەکبەری مۆنفەرێد- ئیرەج حاتەمی- لەتیف حەسەنی- خالید حۆردانی- ئەمیر دوربین قازیانی- شاهین زەوقی تەبار- سەعید شیرزاد- حەسەن سادقی- مۆحەمەد مێهدی- فەراخی شاندیز- ئەبولقاسم فولادوەند- ئیبراهیم فیروزی- ئەحمەد کەریمی- سەعید ماسوری.

ئەم کەسانەش لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا باسیان لە جیاواز نەبوونی ڕەئیسی و ڕوحانی یان بە واتایەکی گشتیتر باڵەکانی نێو دەسەڵات کردووە و ڕایانگەیاندووە: دەنگدان لەم شانۆگەرییە تەئیدی سیاسەتە دژەمرۆییەکانی ڕێژیمە.

ماوەیەک پێش ئێستاش جگە لە ٦ لایەنی سیاسی کوردستان و چەندین کەسایەتی سەر بە نەتەوەکانی ئیران کۆمەڵێک لە هۆزە بەناوبانگەکانی بەلوچستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی لایەنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی و شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمیان تەحریم کرد.