کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر عەرەبە ئەهوازییەکان، کەسێکی کوشت و چەندین کەسی دەستبەسەر کرد

16:51 - 28 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: هێزە تێرۆریستەکانی سوپای پاسدارانی ڕێژیم ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕ لە ئەهواز هاووڵاتییەکی عەرەبی ئەهوازیان کوشت و یەکێکی دیکەشیان بریندار کرد.

ماڵپەڕی کوردستان ڤۆیس بلاوی کردەوە هێزەکانی سوپای پاسداران رۆژی چوارشەممە هێرشیان کردە سەر چەندین ماڵ لە ناوچەی مالاشیای ئەهواز ، یەکیان کوشت، یەکی دیکەیان بریندار کرد و چەندین کەسی دیکەیان دەستبەسەر کرد کاتێک رووبەڕووی بەرخۆدان و ناڕەزایەتی خەڵکەکە بوونەوە.

کەریم داهیمی، چالاکێکی سیاسیی عەرەبی ئەهوازی، نیشتەجێی لەندەن بە کوردستان ڤۆیسی وتووە کە هێرشەکە لە پاش ئەوە هاتووەتە ئاراوە کە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە دوو ئەفسەری ئێرانی لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی بەرخۆدانی نەتەوەیی ئەهواز کوژران.

لەم پێوەندییەدا پاسداری تێرۆریست حوسێن شاهوەرپوور، فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای ئەهواز ڕۆژی سێشەممە بە راگەیەنەکانی وتبوو کە هێزەکانیان توانیویانە ئەو کەسانە دەستبەسەر بکەن کە لە کوشتنی دوو ئەفسەرە ئێرانییەکاندا لە ڕۆژی دووشەممە بەشدار بوون.

کەریم داهیمی لەو بڕوایەدایە کە ئەو ئیدیعایەی فەرماندە ئێرانییەکە ناڕاست بووە و هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممەی سوپای پاسداران لە ناوچەی مالاشیا بۆ دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان بە مەبەستی شاردنەوەی بێ تواناییەکان لە دۆزینەوەی خەباتگێڕانی عەرەبی ئەهوازی و دروستکردنی فەزای تۆقین لە نێو خەڵکدا رووی داوە.

ناسنامەی کەسە کوژراوەکە لە هێرشەکەی سوپای پاسداران بە عەدنان هەردانی راگەیەنراوە. عەدنانی تەمەن ٢٩ ساڵ، پاش ئەوە کوژرا کە لە بەرامبەر رەفتاری توندوتیژی هێزە ئێرانییەکاندا ناڕەزایەتی دەربڕیبوو.

کەریم داهیمی بە کوردستان ڤۆیسی وتووە: هێرشەکەی چوارشەمەی وەبیرهێنەرەوەی رووداوەکانی ١٣٨٤ە کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێران و پۆلیسی ئێران هێرشیان کردە سەر چەندین ناوچەی ئەهواز و دەیان هاووڵاتی ئەهوازیان دەستبەسەر کرد، لە پاش ئەوەی لە بینای فەرمانداری و بینای رێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئەهواز بۆمبگوزاری کرابوو. دەستبەسەرکراوەکانی ١٣٨٤ بە توندی ئەشکەنجە کرابوون تا ئەوەی رێژیم زانی کە هەموویان بێ تاوانن.