کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەرچییەک بێت گۆڕانێک بەدی نایەت

16:58 - 28 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکی شیکارییانەدا سەبارەت بە شانۆگەری هەڵبژاردنەکانی ئێران ئەم پڕۆسەی بە بێ ئاکام لە قەڵەم دا.

لە بەشێک لەم راپۆرتەدا هاتووە: ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی هەینی هەر شتێک بێت هیچ گۆڕانێک لە سیستمی زاڵ بەسەر ئێراندا ناهێنێتە دی؛ ڕەئیسی هاوپەیمانێکی نیزیک لە خامنەییە و یەکێکە لەو کەسانەی کە هەزاران زیندانی سیاسی لە ئێراندا ئێعدام کردووە.

دواتریش لە زمانی خوێندکارێکی کۆلێژی هونەر لە زانکۆی تارانەوە بڵاوی کردۆتەوە کە خەڵک بەهۆی بەجێنەگەیاندنی وادە و بەڵێنییەکان لەلایەن ڕوحانییەوە ئامادە نین بەشداری هەڵبژاردنەکان بن چونکە پییان وایە ئەوە خامنەییە کە سیاسەتە کەڵانەکانی ئیران دادەڕێژێت و سەرکۆمار هیچ نەخشێک لەم راستایەدا ناگێڕێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەشدا ئاماژە بە نەخشی ئۆرگانمە سەربازی و ئەمنیەتییەکانی وەک سپای پاسداران و بەسیج کراوە کە هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتەگەڕ تاکوو متمانەپێکراوترین نوێنەری خامنەیی بکەن بە سەرکۆمار.

ماوەیەک پێش ئیستاش حەوتوونامەی فاڕێن پالیسی لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و پاڵێوراو ئاخوند ئیبراهیم ڕەئیسی و حەسەن ڕوحانی کردبوو کە لە بەشێکیدا گووتبووی: ڕەئیسی پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداران هەیە و ناوبراو لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا یەکێک لەو دادوەرانە بووە کە دەستی لە کوشتنی زیندانیانی سیاسی‌دا هەبووە.

هەر لەم پێوەندییەدا دوێنی چوارشەممە ناوەندی لێکۆڵینەوەی کاناڵی ڕووداو دیبەیتێکی بۆ ٦ لایەنی ڕۆژهەڵات لە سەر بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران پێک هێنا و هۆکارەکانی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە لایەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە تاوتوێ کران کە تێیدا بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد کە خەڵک دوای هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێراندا هیچ هیوایەکان بە وادە و بەڵێنییەکانی کاتی هەڵبژاردنەکان نەماوە و بۆیان دەرکەوتووە کە ڕێژیم تەنیا بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگ‌دان دروشم دەدات و ئەوە خودی ڕێبەری ویلایەتی فەقیهـە کە بۆ خەڵک دیاری دەکات خەڵک دەنگ بە چ کاندیدێک بدەن.