کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد

15:54 - 29 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کە بە یەکێک لە سیما دیارەکانی کوردستانی باشور دەناسرا سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی لە شاری سلێمانی کوردستانی باشوور کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو لە ساڵی ١٩٤٤ی زایینی لە شاری سلێمانی لە دایک بوو؛ ناوبراو بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دەناسرێ کە لە هەمان کاتیشدا باڵی ڕێفۆرمی لە نێو ڕیزەکانی یەکیەتی ساز کرد و تا ساڵی ٢٠٠٦ وەک جێگری سکرتێری گشتی یەکیەتی کاری کرد و دواتر وازی لە یەکیەتی هێنا و پاش دامەزراندنی کۆمپانیای وشە لە سالی ٢٠٠٩دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و بۆخۆشی بوو بە ڕێکخەری گشتی ئەم بزوتنەوەیە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی نەخۆشییەوە چیدیکە نەیتوانی وەک پێویست لە خزمەت بزوتنەوەکەیدا بێت و لە چەند مانگی ڕابردووشدا بەردەوام بۆ چارەسەری پزیشکی لە وڵاتانی ئۆروپایی بەتایبەت شاری لەندەنی پێتەختی بریتانیادا بوو.

نەوشیروان مستەفا یەکێک لە رێبەرانی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی باشوور بوو و چەند دەیە لە تەمەنی لە پێناوی رزگاریی خەڵکەکەی و لە پێناوی گەیشتن بە ئارمانەکانیدا تەرخان کرد. نەوشیروان مستەفا یەکێک لە دۆستانی نزیکی دوکتۆر سەعید شەرەفکەندی، رێبەری شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

حیزبی دێموکرات سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی نەوشیروان مستەفا و هەموو هاوڕێیانی لە بزووتنەوەی گۆڕان و هاوسەنگەرانی پێشووی لە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی باشوور دەکا.

ڕۆحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.