کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیبەتیێک لە سەر دواڕۆژی بەرجام بەبەشداری نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بێلژیک بەڕێوەچوو

18:22 - 29 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: بەبەشداری نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بێلژیک، دیبەیتێک لە سەر دۆخی ئێرانی دوای واژۆی بەرجام و چۆنێتی هەڵسووکەوتی رۆژئاوا لەگەڵ ئێران لە بروکسێل لەڕێکەوتی ۱۷ی مەی ۲۰۱۷ بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەبەشداری نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کاوە ئاهەنگەری، لە وڵاتی بێلژیک، ڕێکخراوێکی ئامریکای بیر و ئەندێشە دیبەیتێکی لە سەر دواڕۆژی بەرجام بەڕێوە برد.

بۆ ئەم دیبەیتە پوونە قوددوسی (لە بی بی سی)وەک بەڕێوەبەر، هێلگا ماریا شمید سکرتێری گشتی پێوەندییە نیۆنەتەوەییەکانی یەکێتی ئورووپا و ئەندامی لێژنەی دانووستانکار لەگەڵ ئێران، کارنیلیوس ئادیبار ئەندامی کارنێگی، ژارێت بلانک ئەندامی پێشووی تیمی دانووستانکار، پییەر ڤی مۆنت ئەندامی کارنێگی وەک ئەندامی پانێل بەشدار بوون.

پێشەکی هێلگا ماریا شمید وتەی کردنەوەی دیبەیتی پێشکەش کرد و دواتر هەر یەک لە میوانەکان پرژانە سەر ڕەهەندە جۆربەجۆرەکانی بەرجام.

نوێنەری حدکا لە بێلژیک لە بەشی پرسیار و وەڵامدا، پرسیار و تێبینییەکی ئاراستەی پانێل کرد و گوتی: ئەگەر ڕۆژئاوا خوازیاری بەربەرەکانی نێونەتەوەیی لەگەڵ تێرۆریزمە ئەوە باقی دونیاش بە گشتی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی پێویستی بە یارمەتییەکی نێودەوڵەتی هەیە. کاتێک ئێوە وەک رۆژئاوایی پێوەندییەکی باشی ئابووریتان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە و زۆربەی سەرچاوە و کاناڵە ئابووری و تیجارییەکان لەدەست سپای پاسداراندایە، واتە ئێوە لانیکەم بە شێوەی ناراستەوخۆ یارمەتی ماشینی تێرۆری سپای پاسدارانتان داوە بۆ ئەوەی ماشینی تێرۆری خۆی لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە گەڕ. ئێوە چ وڵامێکتان هەیە بۆ ئازادیخوازانی ئێرانی؟

شایانی باسە کە کۆرگێران وێڕای پێداگری لەسەر رۆڵی سپای پاسداران لە سەرکوتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئێران، ئاماژەیان بە زەروورەتی وردبینی و سەرنجی زیاتری ڕۆژئاوا لە ڕۆڵی سپای پاسداران کردەوە و پشتیوانیان لە مانەوەی گەمارۆکانی تایبەت بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ کرد.

شایانی باسە کە لەم دیبەیتەدا، کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی ئووروپایی و ئەمریکایی، باڵوێزی وڵاتان و یەک لەوان باڵوێزی کۆماری ئیسلامی بەشداریان کردبوو.