کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەلێکساندێر دووگین باس لە جیهانێکی فرەجەمسەر دەکا

18:41 - 29 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو کۆڕێکی بۆ ئەلێکساندر دووگین، راوێژکاری کرێملین بەڕێوە برد کە تێیدا ناوبراو تیۆریی خۆی سەبارەت بە ژێئۆپۆلیتیک و بەتایبەت ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەی ئووراسیای شی کردەوە.

رۆژی پێنج شەممە ٢٨ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، کۆڕێکی بۆ ئەلێکساندێر دووگین، راوێژکاری کرێملین و دۆستی پووتین بەڕێوە برد و لەو کۆڕەدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و ئاکادێمیک بەشدار بوون.

لەم کۆڕەدا دووگین، تیۆرییەکانی خۆی سەبارەت بە ژێئۆپۆلیتیک و چەمکەکانی گەل و خەڵک و جیهانی فرەجەمسەری باس کرد.
هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتی حیزب بەشداری ئەم کۆڕە بوون.

ئەلێکساندر دووگین، راوێژکاری کرێملینە و خاوەنی زیاتر لە ٣٠ کتێب لە بواری سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکدایە و تیۆریی تایبەتی ژێئۆپۆلیتیک لە ژێرناوی یووراسایای هەیە.

ناوبراو باس لەوە کردووە کە جیهان بە شێوەی تاک جەمسەری یان دوو جەمسەری بەڕێوە ناچێ و دەبێ فرە جەمسەری بێ. هەروەها لە تیۆریی ئەودا گەل و خەڵک دوو چەمکی بنەمایین کە تیۆریی جیاوازیان لێ دەکەوێتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە هەیئەتی حیزب بە چەند پرسیارێک سەبارەت بە دۆخی ناوچە و هەڵوێستی سیاسیی رووسیە و نەگونجانی سیاسەتەکانی رووسی لەگەڵ دێموکراسی و مافی گەلاندا، لەو کۆڕەدا بەشدار بوون.