کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوە چوونی کۆنفرانسێک لە سەر نەتەوەکانی ئێران لە ئامریکا

18:59 - 29 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: ناوەندی هادسێن کە یەکێک لە گەورەترین تینک تانکەکانی ئامریکایە لە شاری واشێنگتۆن دی سی کۆنفرانسێکی لەسەر کەمینە نەتەوەییەکان بە بەشداری نوێنەرانی حیزب و لایەنەکانی کورد، تورک، عەرەب و بەلووچ بەڕێوەبرد.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، ناوەندی هادسێن کەیەکێک لە گەورەترین تینک تانکەکانی ئامریکایە رۆژی سێشەممە شازدەی مانگی مای لە شاری واشێنگتۆن دی سی کۆنفرانسێکی لەسەر کەمینە نەتەوەییەکان بە بەشداری نوێنەرانی حیزب و لایەنەکانی کورد، تورک، عەرەب و بەلووچ بەڕێوەبرد.

لەم کۆنفرانسە دا ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا بەشداری کرد و باسێکی لەسەر باروودۆخی ئێستای کوردستان، راسانی حیزبی دێموکرات و رێگەچارەی گونجاو بۆ مەسەلەی کورد هێنایە ئاراوە.

لە سەرەتای دەسبەکار بوونی دەوڵەتی نوێی ئامریکا بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی بەوچەشنە لە لایەن یەکێک لە گرینگترین تینک تانکەکانی ئامریکا و بە بەشداری نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا و کەسایەتی و لایەنی جیاواز خاوەنی واتا و گرینگی تایبەتە.

تەوەری سەرەکی ئەم کونفرانسە لەسەر نەتەوە جیاوازەکانی نێو ئێران و رێگەچارەی ئاشتیانە بۆ گەیشتن بە داخوازیەکانیان بوو. بە گشتی بەشداربووانی پانێلەکە یەکدەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە فێدێراڵیسم شێوازێکە کە دەتوانێت چارەسەرێکی باش بێت بۆ گەیشتن بەو داخوازیانە.

لەم کۆنفرانسە دا ئارش سالح نوێنەری حیزبی دێموکرات بە باس کردن لە مێژووی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران دا وتی کە پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی کوردەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە کوردستان هیچ باش بوونێکی بەخۆیەوە نەدیوە و بەردەوام روو لە خراپبوون بووە.

هەروەها ئارش سالح وتی کە هەڵسووکەوتی نەشیاوی ئێران لە دەرەوە پێوەندی تەواوی بە کاراکتێری کۆماری ئیسلامی هەیە کە لە ئاکامی هەڵاواردن و هەوڵ بۆ تواندنەوەی نەتەوەکان هاتۆتە ئاراوە.

نوێنەری حدکا لە درێژەی قسەکانی دا وتی کە پێویستە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەو تێگەیشتنە بگات کە هەڵسووکەوتی مەترسیداری ئێران لە ناوچەکە و لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەمان سەرچاوەی هەیە کە هەڵسووکەوتی ئێران لە پێناو کەمینەکاندا پێکدەهێنێ بۆیە رێگەچارەی کۆتایی بۆ هەموو ئەو مەترسیانەی کە لە لایەن ئێرانەوە رووبەڕووی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبنەوە هاوکاریکردنی نەتەوەکانی ئێرانە بۆ گۆڕینی ئەو کاراکتەرە. ئارش ساڵح وتی کە سیتسەمی فێدێراڵ لە ئێران دا هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە یارمەتی بە دامەزراندنی دێموکراسی لە ئێران دەکات هاوکاتیش لە بەرژەوەندی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەدایە.

ئارش سالح پاشان بە ئاماژە بە رۆڵی رێبەری حیزب لە بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوە بندەستەکانی ئێران دا وتی کە حیزبی دێموکرات لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەتا ئێستا توانیویەتی چەندین دەسکەوتی گرینگ تۆمار بکات کە لەوانە دامەزراندنی کۆماری کوردستانە. هەروەها وتی کە حدکا لە ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا خەباتێکی نوێی دەست پێ کردۆتەوە کە هیوایێکی زۆری بە خەڵک بەخشێوە و لاوان بەردەوام بە پیری ئەو خەباتەوە دێن. وتیشی کە حدکا تا ئێستا توانیویەتی بەشێک لە ناوچە سنووریەکانی کوردستان کونتروڵ بکات و بە نیازە لەوێوە ببێت بە نمونەی ئاڵتێرناتیڤێکی دیموکرات بۆ باری هەنووکەیی و سیستمی ئێستای دەسەڵاتداری ئێران.

شایانی باسە ئەمە یەکێک لەو دەگمەن کۆبوونەوە و کونفرانسانەیە کە تینک تانکەکانی ئامریکا لەسەر بابەتی نەتەوەکانی ئێران رێکی دەخەن.

لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی لایەن و رێکخراوە جیاوازەکانی ئەمریکا و هەروەها نوێنەری وەزارەتی دەرەوە و چەند کەس لە کۆنگرەی ئامریکاوە بەشداریان کردبوو.