کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات سپاسنامەیەکی ڕوو لە خەڵکی کوردستان بۆ بایکۆت‌کردنی هەڵبژاردنەکان بڵاو کردەوە

23:22 - 30 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەمەڕ بایکۆت‌ کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە، سپاسنامەیەکی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد.

دەقی سپاسنامەکە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران


ئێوەی خەباتکار و تێکۆشەری ڕێگای ئازادی، بە پێداگری لە سەرمافە ڕەواکانتان و شێلگیریتان لە خەباتی بەردەوام بۆ ڕزگاریی گەل و نیشتیمانەکەتان، لە ڕاستای هاودەنگیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و بەیاننامەی هاوبەشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەدا بۆ بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنی ڕێژیم، سەلماندتان کە نە ئاستەنگ و بەربەستەکان و نە هەڕەشە و گوشاری نیزامی و ئیداریی ڕێژیمی پاشکەوتنخواز و دژی ئازادیی کۆماری ئیسلامی ناتوانن لە تێکۆشان و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانتان دابڕن.

دڵنیاین کە تا کۆتایی تەمەنی بەرەولێژی دەسەڵاتی نگریسی ڕێژیمی تاران لە کوردستان، هەروا بە خۆڕاگریی شۆڕشگێرانە و گوڕوتینی ڕوو لە گەشەوە، هەنگاوەکانتان خێراتردەکەن.

سەرکەوتنمان لە دەربڕینی دەنگی نا بەتەواوەتی کۆماری ئیسلامی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە هیچ پیلانێکی ڕێژیمی خۆسەپێن و داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ناتوانێ ئیرادەی نەتەوەیی مان بۆ بەرەنگاربوونەوەی زۆڵم و زۆرداری لاواز بکات.

بەم هۆیەوە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران سپاس و پێزانینی خۆی بەرامبەر هەموو هەوڵ و چالاکییەکانتان دەردەبڕێ.

دەنگی ڕاسانتان بەرزتر بێ و خەباتی یەکگرتوانەمان تاسەرکەوتن بەردەوام .
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

٣٠بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی