کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی زەندەقی لە ناوی کۆچکردووەکانیش دەچێ

18:22 - 31 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: پاش کۆچی دوایی هاوڕێ سۆران سەقزی لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی باشوور، بنەماڵەی ناوبراو لە شاری سەقز بەتەمای بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی ناوبراو بوون، بەڵام ڕێژیم ئیزنی پێ نەداون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ دوای مردنی گوماناویی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سۆران سەقزی لە شاری هەولێر، بنەماڵەی ناوبراو بڕیاریان دابوو ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی لە شاری سەقزدا بەڕێوە ببەن، کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و لیباس شەخسییەکانی ڕێژیمەوە پیشی پێ‌گیرا و تەنانەت تەواوی ئاگادارییە بڵاوکراوەکانییان لە نێو شاری سەقز کۆکردەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە سەقزەوە پێی ڕاگەیاندووین کە؛ هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم دوابەدوای ئەم هەوڵە چەوتەیان، هەڕەشەیان لە بنەماڵەی شافێعی کردووە کە نابێ پرسە و سەرەخۆشی بۆ کوڕەکەیان بەڕێوە بەرن.

شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، سۆران شافعی، ناسراو بە سۆران سەقزی، ئەندامی حیزبی دێموکرات لە شوێنی کارەکەی خۆیدا بە ڕووداوێکی گوماناوی گیانی لەدەست دا؛ ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵەی سۆران شافێعی و بنەماڵەی پێشمەرگەکان، تەرمی ناوبراو له گۆڕستانی شەهیدانی ناوەندی ٣ی کوردستان بە خاک سپێردرا.

خەبات شافێعی ناسراو بە سۆران سەقزی، کوڕی شەهید پەرویز شافعی بوو. باوکی ناوبراو لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا گیانی فیدای ڕزگاریی کوردستان کردووە؛ ناوبراو لە دایکبووی شاری سەقز سەر بە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. سۆران سەقزی ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و میدیاکارێکی لێهاتوو و کارامە بوو.