کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی هێندەی دیکە دەکەوێتە پەراوێزەوە

17:50 - 1 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: دۆناڵد تڕامپ وێڕای جیاوازیدانان لە نێوان خەڵک و دەسەڵات لە ئێراندا داوای کرد کۆماری ئیسلامی لە ئاستی جیهانیدا تەریک بخرێتەوە.

بەپێی دوایین هەواڵ و ڕاپۆرتەکان سەرکۆماری ئامریکا، دۆناڵد تڕامپ ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕ، لە ئاخاوتنێکدا ڕوو لە ڕێبەری وڵاتانی مووسوڵمانی بانگهێست کراو بۆ دانیشتنی ڕیاز کە ڕێژەیان ٥٥ وڵات بووە ، باسی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوچە و جیهان و دنەدانی تێرۆریستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرد و داوای لێکردن کە کۆماری ئیسلامی تەریک بخەنەوە.

بەوتەی ناوبراو، ڕێژیمی تاران گروپە توندڕەوە چەکدارەکانی ناوچە بەتایبەت لە وڵاتەکانی سوریە و یەمەن و عێراق فێری کاری تێرۆریستی دەکات و لەدژی بەرژەوەندی ئەم وڵاتانە و بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچە کەلکیان لێوەر دەگرێت.

ناوبراو بە جیاکردنەوەی خەڵکی ئێران لەگەڵ دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ئەم وڵاتە وتی: لە لوبنانەوە تا عێراق و یەمەن، کۆماری ئیسلامی لەباری ماڵی و لۆژستیکییەوە گروپە تێرۆریستییەکان تەیار دەکات و میلیشیا و گرووپە تووندڕەوەکان هان دەدات بۆ ئاژاوەگێڕی و ناسەقامگیرردنی ناوچە و تەنانەت هەڕەشەی لەنێوبردنی ئامریکا و ئیسڕائیل دەدەن.

لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی: تا ئەو کاتەی کە ئێران نەیهەوێ پشکدارێک بۆ وەڕێخستنی سەقامگیری لە ناوچەدا بێت هەمووان دەبێ لەدژی بوەستین و تەریکی بخەینەوە.

سەرکۆماری ئامریکا هەروەها وتوویەتی: زوڵم لێکراوترین قوربانیانی دەسەڵاتی تاران خەڵکی ئێرانن کە ئەگەرچی خاوەنی کلتور و مێژوویەکی دەوڵەمەندن بەڵام ژیانێکی لێوانلێو لە ناهۆمێدی و دژوارییان هەیە.

ترامپ کۆنفڕانسی ڕیازی بە دەسپێکێک بۆ وەدیهێنانی ئاشتی نەتەنیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەڵکوو بۆ هەموو جیهان ناو برد و وتی: ئێمە لەهەموو بڕگەیەکدا بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجە هاوکارتانین.

هەر لەم دانیشتنەدا پاشای عەرەبستان، مەلیک سەلمان بێن عەبدولعەزیز سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی دوا و وتی: ڕێژیمی ئێران، حیزبوڵا، حەوسییەکان، داعش و ئەلقاعیدە هەموویان هاوشێوەی یەکترن؛ ئێمە جاریکی دیکە پێداگری دەکەین لەسەر پرسی لەنێوبردنی داعش و هەموو لایەنە تێرۆریستییەکان و لەم ڕاستایەشدا ئەم کۆنفڕانسەمان وەڕێخستووە تاکوو بەرەیەکی بەهێز لەدژی تێرۆریزم پیک بهێنین.

لە چوارچێوەی کاروباری ئەم کۆنفڕانسەدا ناوەندێکی جیهانی بۆ خەبات لەدژی تووندڕەوی و تێرۆریزم دامەزرا کە بەتایبەتی کار لەسەر خەبات بەدژی تێرۆریزم و ڕێگری کردن لە بلاوبوونەوەی بیر و ئەندێشەی تووندڕەوانە دەکات؛ هەروەها بڕیار بۆ سازکردن و وەڕێخستنی ئەرتەشێکی 34هەزار کەسی درا کە ئەرکەکەی خەبات لەدژی تێرۆریزمە؛ ناوی ئەم ئەرتەشە کە لە ساڵی داهاتووەوە چالاکییەکانی دەست پێدەکات بریتییە لە:بەرەی ستراتێژیکی ڕۆژهەڵاتی ناڤین.