• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٩ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

لە دیکتاتۆری‌دا پەروەردە کەرەستەیەکە بۆ ژێردەستەیی

زایینی: ٢٢-٠٥-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٣/٠١ - ١٩:٥٦ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
لە دیکتاتۆری‌دا پەروەردە کەرەستەیەکە بۆ ژێردەستەیی
بەختیار عوسمانی

دۆخی پەروەردە لە وڵاتی ئێران لێڵ، گوماناوی و هێژمونیخوازە، لەبەرئەوەی خەڵکی ئێران لە پەروەردەیەکی بەکەڵک و بەسوود بێبەشن، ئێمە لێرەدا نیشانی دەدەین کە بۆ پەروەردە لە ئێرانێک کە هەزاران ساڵە ئەزموونی حکوومداری هەیە، پەروەردە بۆ پێگەیاندن نییە!، سێ کەلێنی گەورە لە ئێران هەبووە و هەیە کە تا ئێستا چارەسەر نەکراون، تاکوو ئەم کەلێنانەش پڕ نەکرێنەوە پەروەردەیەک کە بە ڕاستەڕێدا بڕوا، دوورە لە چاوەڕوانی:
١ـ دەسەڵاتی سیاسی
٢ـ لەبەرچاونەگرتنی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی
٣ـ ئابووری

یەکەم‌ـ لە بواری دەسەڵاتی سیاسییەوە ئێران هەمیشە لە ژێر حوکمی چەک و سەرنێزەدا بووە، دەسەڵاتداران، دیکتاتۆر و دژی گەلی بوون.

خەڵکیان لە لا کۆیلە و فەرمانبەر بووە و بە زۆر ئیدارەیان کردوون، خەڵک بەردەوام هەوڵی داوە لەم ژێردەستەییە ڕزگاری بێ، بەڵام لە دیکتاتۆرێک ڕزگاری بووە، کەوتووەتە باوەشی دیکتاتۆرێکی دیکە. ترس لە دژکردەوەی خەڵک دەسەڵاتی وا لێ‌کردووە کە بە هەموو شێوەیەک لە بیری زنجیر و سەرکووتی خەڵکدا بن، بە پێشکەوتنی جیهان و پەرەگرتنی زانست و تیکنۆلۆژی، بواری پەروەردەیش گەشە وپەرەی سەند، لێرەیشدا بە جێگای ئەوە بۆ خزمەتی خەڵک کەڵکی لێ وەربگرن خستیانە ژێر دەسەڵات و بیری ڕەشیان بۆ ڕاهێنانی خەڵک بە کۆیلەتی، کۆنەپەرەستی و لارەملی، چوارچێوە و نێوەڕۆکی پەروەردەیان بە مەبەست و ئامانجی خزمەت و بەرزکردنەوەی " شا" و "ئیمام" داڕشتووە و جێبەجێ کردووە، وێنەی لاپەڕەی هەموو کتێبێکیان بە " شا" و "ئیمام"! داگیر کراوە و نێوەڕۆکەکەیشی بۆ پیاهەڵدان و ڕازاندنەوەی دەسەڵاتەکەیان نووسراوە و کێشراوە. هەموو فێربوونێک بۆ خزمەتی دەسەڵات و سەرکوتی خەڵکە، ئەگەر وانەبێ ڕێگای پەروەردەی لێ‌دەگرن یان کورتی دەکەنەوە، هەر وەک چۆن تا ئێستا کردوویانە.

لە کۆماری ئیسلامی‌دا بەناو "پەروەردەی ئیسلامی"یان بەرز کردوەتەوە، هەموو شتێکیان بەستووەتەوە بەو تەوەرە لە بەر ئەوەی تەنیا بە خەڵکی بسەلمێن کە "وەلی فەقیهـ"، نوێنەری خودایە لە سەر زەوی.

بۆیە تا دەسەڵاتێکی خەڵکی و دێموکرات جێگیر نەکرێ چاوەڕوانی لە پەروەردەیەکی بەكەڵک لە ئێران بێسوودە.

دووهەم‌ـ کەلێنێکی دیکە کە لەسەر ڕێگای پەروەردە لە ئێراندا هەیە، لەبەرچاونەگرتنی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینییە. هەموومان دەزانین نەتەوەکانی کورد، بەلووچ، عەرەب، تورکمەن، تورک و فارس لەسەر خاکی خۆیان و لە چوارچێوەی وڵاتێک بە ناوی ئێراندا دەژین و هەر یەک لەم نەتەوانە خاوەنی هەموو ئەو تایبەتمەندیانەن کە نەتەوەیەک هەیەتی.

بەڵام دەسەڵاتداران چ ئەوانەی دوێنێ و چ ئەوانەی ئەمڕۆ چووکەترین گرنگییان بە نەتەوەکانی جیا لە فارس نەداوە، دەسەڵات تەنیا لای نەتەوەی باڵادەست(فارس)ە، تا ئێستاش نەتەوەکانی دیکە بندەست و مافخوراون و کەمترین دەوریان لە چارەنووسی وڵات و خۆیاندا نییە، بۆیان دەڕێسن و بۆیشیان دەدوورن. هێژمونیخوازیی نەتەوەی دەسەڵاتدار بە تەواوی ڕۆچووەتە نێو ناخی، هەر بۆیە هەرکامیان دەچنەسەر کورسیی دەسەڵات، ئەو خووە لە کار و کردەوەیاندا ڕەنگ دەداتەوە.

پەروەردە لەم وڵاتە بە بیر و زمانی هیژمونیخوازی و بە فارسی، بە ئامانجی خزمەتی ناسنامە و دەسەڵاتی نەتەوەی باڵادەست و سڕینەوەی ئەوانی دیکە دادەڕێژرێ، نەتەوەکانی دیکە نەک لە داڕشتنی پەروردە بێبەشن، تەنانەت لە هیچ شوێنێکیش جێگایان نییە.

دەسەڵاتداران دەزانن کە نەتەوە مافخوراوەکان بە خواست و ئیرادەی خۆیان نەچونەتە ژێرباڵی ئەو حوکمە، بۆیە هەوڵیانداوە کە لە ڕێگای پەروەردەیشەوە ئەمانە لە ژێردەستەیی‌دا بهێڵنەوە، زمان و فەرهەنگی خۆیان بەرز و پێش خستووە و لە بایەخی زمان و فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکە کەم دەکەنەوە، بە چەشنێک کە بەشێک لە خەڵکی نەتەوە مافخواراوەکان باوەڕیان بەوە هێناوە کە زمانی فارسی لە زمانەکەی خۆیان شیرینترە، لە کاتێکدا هیچ زمانێک لە زمانی زگماکی شیرینتر نییە.

لانیکەم نیوەی حەشیمەتی ئێران غەیرە فارسن، ئەم نەتەوانە لە پەروەردەیەکی تایبەت بە خۆیان جیا لە پەروەردەی بنەماڵەیی بێبەش کراون و تەنانەت مافی خوێندنیش بە زمانی زگماکییان لێ زەوت کراوە چ بگا بەوەی کە پەروەردەکەیان بە زمانی زگماکی بێ. بەڵام لە ئێستادا ئەو نەتەوانە بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان خەریکی پەروەردەکردن و ناساندی شوناسی خۆیانن، هەر بەو پێیەش زیاتر لە جاران لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافە سیاسی و نەتەوەییەکانیاندان، لە بەرانبەریشدا دەسەڵات زیاتر و چڕتر لە جاران ئێعدام و کوشتاریان لێ دەکا.

جیا لە پێکهاتەی نەتەوەیی، پێکهاتەیەکی دیکە لە ئێران بە زەقی دیار و لەبەرچاوە ئەویش ئایینییە، جیا لە شیعە کە دەسەڵات وەک مەزهەبی فەرمی ناساندوویەتی، سوننە و مەسیحی و یارسان و .... ئایینی دیکە بوونیان هەیە کە خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیانن و لە پەروەردەیەکی ئیسلامیی شیعەدا جێگایان نابێتەوە، ئەگەر لە دژایەتیشدا نەبن. پەروەردە لە ئێران ئەم کەلێنەیشی پڕ نەکردووەتەوە، بەڵکوو گەورەتر و گەورەتری کردووە.

سێهەم‌ـ بواری ئابووری، بوارێکی گرینگە لە ژیانی کۆمەڵگا و مرۆڤەکان، بەهێز و بێ‌هێز بوونی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بوارە جۆراوجۆرەکانی دیکەی دەسەڵات و کۆمەڵگا هەیە، ڕێژیمەکانی ئێران داهاتی وڵات و خەڵکیان تاڵان و خەرجی هێزە سەرکووتکەرەکانیان کردووە، هەر بۆیە ئابوورییەکی داڕماو و لاوازی هەیە، پاشماوەی ئەم داهاتە بۆ پەروەردە تەرخان دەکرێ، کە ئەمیش تەنیا بۆ پەروەردەی زمان و فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست تەرخان دەکرێ. زۆربەی زۆری خەڵکەکەی لەدەست هەژاری، بێکاری و کەم داهاتی دەناڵێنن و لە هەموو ئیمکاناتێک بێبەش کراون.

ئابووری پێوەندیەکی ڕاستەوخۆ و لێک‌گرێدراوی لەگەڵ پەروەردە هەیە، هەرچی دۆخی ئابووری گەشتر بێ، دەرفەت و ئیمکاناتی پەروەردەیەکی باشتر و زیاتر دەرەخسێ، یان دەشکرێ هەرچی دۆخی پەروەردە لە پێشەوە بێ، بواری ئابووری زیاتر گەشە دەکا و سەرمایەی مرۆیی زیاتر دەستەبەر دەبێ، بۆیە ئابووری و پەروەردە پێوەندییەکی چڕوپڕیان پێکەوە هەیە. ساڵانە زۆرن ئەو کەسانەی کە بە هۆی هەڵاواردن، بێداهاتی و نەبوونی ئیمکانات واز لە پەروەردە کردن دێنن و تێکەڵ بە کاروانی بێکاران دەبن.

بۆ ئەوەی وڵاتێکی وەک ئێران بتوانێ پەروەردەیەکی گشتگیر، بەبەرهەم و سەرکەوتووی هەبێ، لە پێشدا دەبێ سیستمی حوکمڕانییەکەی دێموکراتێک و مافی گشت نەتەوەکانی بپارێزی و هەروەها خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز بێ، ئەم سێ بوارە حەلقەیەکی لێک‌گرێدراون کە بە بێ یەکتر ناتەواو و بێ‌کەڵکن، بۆیە ناتوانن پەروەردەیەکی باش پێشکەش بە خەڵک بکەن، تاکوو خونچەی پەروەردە لە ئێراندا بپشکوێت.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا