• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٣ی ئوکتۆبەری ٢٠١٧ی زایینی - ٠١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

ئابووری چەکی دەستی بەربژێرەکان بۆ فریودانی خەڵک

زایینی: ٢٢-٠٥-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٣/٠١ - ٢٠:٠٤ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
ئابووری چەکی دەستی بەربژێرەکان بۆ فریودانی خەڵک
شەماڵ تەرغیبی

شانۆگەریی هەڵبژاردنی ئەمساڵیش هاوشێوەی جارانی پێشووتر، وەک چاوەڕوان دەکرا بوو بە گۆڕەپانی کەڵکاژۆ وەرگرتن لە باری گوزەرانی خەڵکی بێ‌دەرەتان، و بەناو بەربژێرەکانی ئەم شانۆگەرییە ئابووریی و دۆخی ژیانی خەڵکیان کردە چەکێک بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و ڕاکێشانیان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان.

ڕۆژنامەی کەیهان لە ژمارەی چەند ڕۆژ پێشی خۆیدا ڕایگەیاند؛ کەسانێک لە گوند و شار و شارۆچکە بێبەش کراوەکانی ئێراندا، هەڕەشەیان لە خەڵکی بێ‌دەرەتان و کەم‌داهات و هەژار کردووە کە ئەگەر دەنگ بە ڕۆحانی نەدەن بوودجە و یارانەکانتان لێ دەبڕین.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی قانون لە ڕاپۆرتێکدا هەر لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە؛ بەربژێرەکان و لە نێویاندا "قاڵیباف" دەستی کردووە بە دانی وادە و بەڵێنی بێ‌بنەما و وتوویەتی: ئەگەر ببمە سەرکۆمار لە ماوەی ٤ ساڵدا داهاتی گشتی وڵات ٢ قات و نیو زیاتر دەکەم، بە چەشنێک کە وەپیش وڵاتانی فەڕانسە و بریتانیا و کانادا و ژاپۆن بکەوین.

ئەم بانگەشە بێ‌بنەمایەی قاڵیباف لە کاتێکدایە کە بەپێی زانستی ئابووری تەنیا مەرجی بردنەسەری ئاستی داهاتی گشتیی وڵات، زیادکردنی سەرمایەدانانە لە وڵاتدا. ئەگەر وەها گریمانە بکەین کە ناوبراو بتوانێ زۆربەی کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییەکانیش بۆ سەرمایەدانان پەلکێشی ئێران بکات، بەپێی زانستی ئابووری پێویستە ١٥% ڕێژەی سەرمایەدانان زیاد بکرێت تاکوو گەشەی ئابووریی یەک ڕەقەمی بێتە دی.
بەپێی دوایین ئاماری بانکی جیهانی بۆ ساڵی ٢٠١٥، داهاتی ناپاقژی نەتەوەیی ئێران ٥١١ میلیارد دۆلار بووە؛ ٢قات و نیو زیادکردنی ئەم داهاتە بەو واتایە دێت کە قالیباف دەبێ لە ماوەی ٤ ساڵ دەسەڵاتداری خۆیدا ئاستی داهاتی ناپاقژی نەتەوەیی بگەیێنێتە ١٢٧٧ میلیارد دۆلار!

بەم پێیە ئایا دەکرێ بڵێین قاڵیباف دەتوانێ ئێران وەپیش وڵاتانێکی وەک کانادا و فەڕانسە بخات؟

یان کەسێکی وەک "ئیبراهیم ڕەئیسی" بەربژێری بناژۆخوازی ڕێژیم بۆ پۆستی سەرکۆماری، کارتی چوونەژوورەوەی شاری یاری "باغلارباغ"ی تەورێزی بە بەلاش بڵاو کردۆتەوە و داوایان لەو کەسانەی کە کارتەکەیان وەرگرتووە کردووە کە دەنگ بە ڕەئیسی بدەن.

ئەمانە تەنیا چەند نموونەیەکی بچووکن لەو درۆ و دەلەسانەی کە بەربژێرەکانی سەرکۆماری ڕێژیم بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و گەرم کردنی تەنووری هەڵبژاردن بەڕێوەی دەبەن، غافڵ لەوەیکە ئەم خەنە چیدیکە ڕەنگی نەماوە.

ئەم بارودۆخە ئەو کاتە زیاتر جێگەی داخ و کەسەر دەبێ کە بەناو بەرەی "ئیسڵاحخواز"ی ڕێژیم بانگەشە بۆ چاکسازی و ڕیفۆرم لە بیاڤی ئابووریدا دەکەن و چەمکەکانی وەک "عەداڵەت"، "یەکسانی"، "دادپەروەری" و " نەهێشتنی گەندەڵی" دەکەنە چەکی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و بردنەوەی ئەم کایە سیاسییەی نێوان خۆیان و باڵی بناژۆخواز. بانگەشەیەک کە سەر لەبەری درۆ و دەلەسە و ناڕاستە.

بەپێی هەندێک بەڵگە و فایلی نوێ، حەسەن ڕۆحانیش هاوشێوەی هاوپیاڵەکانی تری دەستێکی باڵای هەبووە لە هەڵلووشینی سامان و داراییەکانی خەڵک و یەکێکە لە گەندەڵکارە کەڵانەکانی نێو ڕێژیم.

ماڵپەڕی "خبرنامە گویا" بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بەڵگە باس لە گەندەڵییەکانی حەسەن ڕۆحانی و باندەکەی دەکات کە زیاتر لە شێوازی ڕانت و داگیرکاریی زەوی و مڵکدا خۆی دەبینێتەوە.

بۆ وێنە لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا ڕۆحانی لە ساڵی ١٣٦٨دا، پارچە زەوییەکی لە "شهرک غرب تهران" بە پانتایی ٧٩٠ میتری چوارگۆشە بە بڕی ٢ میلیۆن تمەن لە ڕێکخراوی نۆژەن و ئاوەدان کردنەوەی زەوییەکانی ڕۆژئاوای تاران کڕیوە؛ لە حاڵێکدا کە نرخی ئەم پارچە زەوییە لەو کاتەدا لانیکەم ١٤٠ میلیۆن تمەن بووە. واتە نرخی ڕاستەقینەی ئەو پارچە زەوییە ٧٠ قاتی ئەو بڕە پارەیە کە لە سەرۆک کۆماری ئیسڵاحخواز وەرگیراوە.

لە بەڵگەنامەیەکی دیکەدا سەرکۆمارە ئیسڵاحاتخوازەکەی ڕێژیم ڕێگەی بە باوکی زاواکەی داوە کە لە بانکێکی دۆبەی وامی کەڵان بە سوودی سیفر لە سەد وەربگرێت و بە سوودی ٢٤ لە سەد، لە بانکەکانی ئێراندا خەواندوویەتی و سوودە بەلاشەکەی دەخوات.

یان لە بەڵگەیەکی دیکەدا کە هەواڵدەریی فارس بڵاوی کردۆتەوە، فەرەیدوون ڕۆحانی برای حەسەن ڕۆحانی لە ڕەشەمەی ساڵی ٥٨دا و تەنیا پاش ١٠ مانگ لە دامەزراندنی بونیادی مەسکەن، زەوییەکی بە پانتایی ١٨٨ میتر لە "تاهبازی" تاران بە بەلاش وەرگرتووە، کە هەنووکە بە یەکێک لە گرانترین ناوچەکانی ئێران دەژمێردرێ.

لە لایەکی دیکەشەوە "ئیسحاق جەهانگیری" جێگری یەکەمی دەوڵەتی یازدەهەم، ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی زەوییەکی بە ڕووبەری ٣٨٥ میتری لە گەڕەکی "وەنەک"ی تاران بە نرخی میتری ١٤٠ هەزار تمەن لە دەوڵەتی ئیسڵاحات وەرگرتووە کە لە ئێستادا بایی پازدە میلیارد تمەنە.

هەواڵدەریی "تەسنیم" ئەوەش ئاشکرا دەکات کە؛ ئیسحاق جەهانگیری ساڵی ١٣٨٩ بەهۆی گەندەڵیی ماڵییەوە لەسەر کار لادراوە.

بەڵگەنامەکان باس لەوە دەکەن کە؛ ئیسحاق جەهانگیری و عەباس ئاخووندی وێڕای ئەندامەتی لە کۆمپانیای "سەدرا"، پاداشتی سەرسووڕهێنەریان وەرگرتووە.

ئەو بەڵگەنامانە و زۆر بەڵگەنامەی ئاشکراکراوی دیکەش هەموو ئاماژە بۆ گەندەڵیی سیستماتیک و هەمەگیری بەرپرسە یەک لەدوای یەکەکانی ڕێژیم دەکەن و هەمان ئەو بەرپرسانەش بەوپەڕی ڕووهەڵماڵراوییەوە بانگەشەی چاکسازی دەکەن و خەڵک بە پڕوپاگەندە و بانگەشەی بێ‌بنەما ڕاکێشی سەر سنووقەکانی دەنگدان دەکەن.

پرسیاری بنەڕەتی لێرەدا بەلەبەرچاوگرتنی ئەم کەتوارانە ئەوەیە کە گەلۆ چاکسازی و ئیسڵاح و ڕێفۆرم هیچ مانایەکیان دەبێت؟
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١١ لەم ژمارەیەدا:

ــ ڕاسان، هۆکاری سەرەکی سپا بۆ ئاڵۆزییەکانی کەرکووک
ــ چەوسانەوەی نەتەوەیی )نەتەوەی کورد( لە ئێران، لە ڕوانگەی بیردۆزی ڕەخنەگرانەی تێکنۆلۆژییەوە
ــ لاوازکردنی ئێران لە پێناو سەقامگیریی و ئاشتیدا
ــ مـــەرگــی نــــووســەر