کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ جارێکی تر تارانی بە هۆکاری ناسەقامگیریی ناوچە لەقەڵەم‌دا

16:56 - 2 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا لە یەکەم سەفەری خۆیدا بۆ ئیسرائیل دیسانەوە باسی لە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچە کرد.

پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهو، دۆناڵد ترامپ شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردان، لە پڕێس کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی داعش هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگرتوویی ڕۆژهەڵاتی ناڤین.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بە جامی ژەهری دووهەمی ئێران، واتە بەرجام کرد و وتی: بەرجام بوو بە هۆکاری ڕزگاریی ڕێژیمی تاران لە ڕووخان و ئامریکا نەدەبوایە ئەم ڕێککەوتننامەیەی واژۆ بکردایە.
پێشتریش ترامپ بەرجامی وەک خراپترین ڕێککەوتننامە ناوزەد کردبوو.

سەرکۆماری ئامریکا هەروەها ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی نابێ بەهیچ شێوەیەک ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی؛ سەرەڕای بوونی بەرجام، شوێن‌ پێی تاران لە ناوچەدا دەبیندرێت، ئێران هەم لە ڕێگەی هێزی سەربازی و هەم لەڕێگەی پارە و چەکەوە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا دەکات.

هەر لەم سەفەرەدا ترامپ لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێئوون ڕیۆلین سەرکۆماری ئیسڕائیل وتی: ئێران دەبێ بە زووترین کات واز لە پشتیوانی کردن لە تێرۆر و پڕچەک کردنی تێرۆریستەکان و ڕاهێنانی میلیشیا تووندڕەوەکان بهێنێت.

ترامپ هاوشێوەی قسەکانی لە عەرەبستان، جارێکی دیکە داوای لە ڕێبەرانی وڵاتانی ناوچە کرد کە بە یەکگرتوویی و هەنگاوی بەلەز و هاوبەش، دژی تێرۆریزم و تووندڕەوی ڕابوەستن.

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕ، لە ئاخاوتنێکدا ڕوو لە ڕێبەرانی وڵاتانی موسوڵمانی بانگهێست کراو بۆ دانیشتنی ڕیاز، کە ڕێژەیان ٥٥ وڵات بووە، باسی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوچە و جیهان و دنەدانی تێرۆریستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرد و داوای لێکردن کە کۆماری ئیسلامی تەریک بخەنەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە کاترین باوێر وەزیری پێشووی بەرگریی ئامریکا و ڕاوێژکاری باڵای دامەزراوەی ڕۆژهەڵاتی نیزیک لە واشنگتۆن کە ئەزموونی کاری لە خەبات بەدژی تێرۆریزم هەیە، بە تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبییەی وتووە: تاران چەکوچۆڵ و پیداویستیی کاری تێرۆریستی دەخاتە بەردەم ئەلقاعیدە بۆ ئەوەی ئارامیی ناوچەی پێ تێک بدات.

ناوبراو هەروەها باسی لە پشتیوانییەکانی ئێران لە حیزبوڵڵای لوبنان کردووە، کە بەهۆیەوە ئەم گرووپە سەرقاڵی کاری تێرۆریستی، سپی کردنەوەی پارە، گواستنەوەی ماددە سڕکەرەکان، قاچاخی مرۆڤ و قاچاخی چەکوچۆڵە و ئارامیی ناوچەیان تێک داوە.

بە بڕوای بەشی زۆری کارناسان، ئەم سەفەرەی ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئاشتی لە نێوان ئیسڕائیل و فلستین و هەروەها واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سەربازی نێوان واشنگتۆن – ڕیاز، و هۆشدارییە ڕوون و ئاشکراکانی ترامپ و کابینەکەی ڕوو لە سەرانی کۆماری ئیسلامی، نیشاندەری هەوڵێکی جیددییە بۆ کورت کردنەوەی دەستی ڕێژیمی تاران و پێشگرتن لە تەڕاتێنەکانی تاران لە ناوچەدا.