کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستنیشان کردنی مەترسی و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە

18:25 - 2 جۆزەردان 2717

ئارەش ساڵح

چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی لە نێو زانستە سیاسیەکاندا تا ڕادەیەک جێگە و شوێنی لە نێو بەستێنە جیاوازەکان وەکوو هزری سیاسی کردۆتەوە، کە هەندێ جار پرسیاری سەرەکیی هزری سیاسیی هەڵبژاردن لە نێوان ئازادی و ئاسایشی نەتەوەییە. ئەگەرچی هەندێک جار پێویستە لە نێوان ئەو دوو چەمکەدا یەکێکیان هەڵبژێرین، بەڵام هاوکاتیش دەست‌لەنێودەست بوونیان تا ڕادەیێک گرینگە کە لەدەست چوونی یەکێکیان بێ‌گومان لەدەست چوونی ئەویتریانی بە دواوە دێت.

گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی کۆمەڵگای کودستان، ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی بەو واتایە کە ئێمە تا ئێستە ناسیومانە نیە. ئەم وتەیە لەوانەیە هەندێک قورس بێتە بەر چاو، بەڵام کۆماری ئیسلامی هەم لە بواری سەرچاوەکانی و هەم لەبەر شکستی گوتارەکەی لە ئاستی دنیادا بۆ هیچ لایەنێک ناتوانێت مەترسی وجوودی بێت.

ئەمڕۆ گەورەترین مەترسی لە سەر کۆمەڵگای کوردستان لە ڕاستی‌دا گوتاری ئیسڵاحتەڵەبیە. لە کوردستان ئەم گوتارە لە زۆر قاڵبی جیاواز وەکوو دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، هەڵبژاردن، شێوازی بیرکردنەوە، مۆد و دامەزراوەی ئابووری خۆی دەردەخات. واتە گوتاری ئیسڵاحتەڵەبی لە کوردستاندا پێش لە هەرشتێک شێوازێکی ژیانە کە لە هەندێ سیمبولی کۆمەڵگای کوردەوارییش کەڵک وەردەگرێ. هەڵگرانی ئەو گوتارە لە هەڵبژاردندا باسی پێشەوا دەکەن و هاوکاتیش بە کۆمەڵگای کوردستان دەڵێن؛ بێن دەنگ بدەن لەبەر ئەوەی دوکتور قاسملوو وتوویەتی کە سیاسەت ڕەش و سپی نیە، لەحاڵێکدا ئامانجی سەرەکی، نەهێشتنی گوتاری قازی و قاسملوویە و شمشێری بۆ لەنێو بردنی هەڵکێشاوە. لەحاڵێکدا باس لەوە ناکات کە یەکێک لە گرینگترین بەشەکانی وەسیەتی ئەو قازی محەممەدە کە ئەو کەڵکی لێ وەردەگرێت ئەوەیە کە؛ ئەو سیستمە کە نەتەوەی سەردەست بەڕێوەی دەبات بەهیچ شێوە جێگای متمانە نیە، یان ئەو ڕاستییە دەشارێتەوە کە ئەو دوکتور قاسملوویە گەورەترین خەباتی چەکداریی لە پێناو ئەو سیاسەتە لە نێوان ڕەش و سپییەدا ڕێبەرایەتی کردووە.

ئەوان کە نوێنەرایەتی ئەو گوتارە دەکەن کە قازی محەممەدیان لە سێدارە داوە، ئەمڕۆ لەبەر دەنگ نیە کە ناوی قازی لە کەمپەینەکانیان دێنن، بەڵکوو ئەیانەوێت تاکی کورد بە ویژدانی ڕاحەتترەوە تەسلیمی شێوازی ژیانیان ببێت و بە ئاسانی شوناسی خۆی لە نێو شوناسی چل تیکەدا بتوێنێتەوە.

ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە ئولگوی بڕیاری سیاسی بە هۆی شێوازی ژیانەوە بەسەرماندا بسەپێنن. ئەمڕۆ گوتاری ئیسڵاحتەڵەبی دوا هەوڵی ناسیونالیسمی فارسە کە باڵادەستیی خۆی لە فەلاتی ئێراندا ڕزگار بکات.

گەشەی گوتاری مافی مرۆڤ و هاتنی سەتەڵایەت و سۆشیال میدیا ئەو باڵادەستیەی خستۆتە مەترسییەوە و ئیسڵاحتەڵەبی ئەو هەوڵەیە کە دەیەوێت بە کۆنتڕوڵی سەبکی ژیان، ئولگوی بڕیاری سیاسی نەتەوەکان کونتروڵ بکات.

ڕۆحانی یان هەر نوێنەرێکی ئەو گوتارە توانایی پاراستنی بەرژەوەندیی چینی مامناوەندی فارسی هەیە. کێشەی ئەوان ئەوەیە کە ژیانێکی ئاسوودەی دوور لە هەرا و هوریایان هەبێت، سەرمایەی دەرەکی بەرەو تاران و ئیسفەهان و شیراز بگوازرێنەوە و ئەوانیش بە ئاسوودەیی بتوانن هاتوچۆی دنیا بکەن. پرسیارێکی زۆر گرینگی سەر سۆشیال میدیا ئەوە بوو کە؛ بۆچی ئێرانیەکانی نیشتەجێی ڕۆژئاوا بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کرد؟ لە ڕاستیدا فارسەکان ئەمڕۆ بەشێکی زۆریان بەهۆی ئەوە کە بە هۆی ساختارییەوە باڵادەستن، توانایی ماڵی و زانستیی ئەوەیان بۆ خۆیان کۆ کردۆتەوە کە بەشێکی زۆر لە منداڵەکانیان بنێرنە دەرەوە و خۆشیان هاتوچۆی دەرەوە بکەن. ئەگەر ئەم دیاردەیە لە شارە کوردییەکان یان عەرەبەکان یان بەلووچەکان نامۆیە، لە شارە فارسەکاندا زۆر ئاساییە و خەڵکێکی لە ڕادەبەدەری فارس ئەمڕۆ لە موعتەبەرترین زانکۆکانی ڕۆژئاوادا دەخوێنن، بەشێکی زۆریان هاتووچۆی ڕۆژئاوا دەکەن. دیارە یەکێک لە هەڵسوکەوتە بەناوبانگەکانی چینی مامناوەندی فارس دوای هاتن بۆ ڕۆژئاوا ئەوەیە کە؛ یەکەم شت کە فێر دەبن بە زمانەکانی بێگانە بیهێننە زمان ئەوەیە کە؛ ئێمە خەڵکی پێرشیا واتە پارسین و شانازی بەوە دەکەین. ئەمە خۆی دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەوان چەمکی ئێران بۆ بەردەوام کردنی ئەو ستەمە بەکار دێنن، ئەگینا لە ڕاستی‌دا ئەو شوناسەی کە شانازی پێوە دەکەن شوناسی پێرشیایە.

ڕۆحانی یان ئیسڵاحتەڵەبی ئەو بەرژەوەندییانە دەپارێزێت، بۆیە هەوڵی ناسیوناڵیسمی فارس ئەوەیە کە ئولگووی ئەو هەڵسووکەوتە سیاسییە بەسەر کۆمەڵگای کورددا بسەپێنێت و بەو پێیە گەرەنتی ئەوە بکات کە کوردەکان لە پێناو سەقامگیر کردنی بەرژەوەندیی ئەواندا هەڵسوکەوت بکەن و دەنگ بدەن. بۆ ئەوان کۆڵبەری کورد، خوێندنی زمانی کورد یان هەرشتێکی تر کە پێوەندی بە ژینگەی سیاسی کوردەوە هەبێت گرینگ نیە، و تەنیا لە ڕوانگەیەکی ئامرازی و ئەمنیەتییەوە چاو لە بابەتەکانی ژینگەی سیاسیی کورد دەکەن.

دیارە ئەگەرچی تاکی کورد و بەلووچیش وەکوو تاکی فارس خاوەنی دەرفەتی بەرانبەرە بۆ کەڵک وەرگرتن لە گەشەی ئابووریی ئێران، یان هاتن بۆ ڕۆژئاوا و خوێندن لە باشترین زانکۆکان، یان دەرمان بوون بە باشترین سیستمە پیزیشکیەکان، یان گەڕان و ڕابواردن؛ بەڵام لەبەر هەبوونی ستەمێکی سیستماتیک و دواکەوتنێکی ساختاری کە لە نێو ئێراندا هەیە، تاکی کورد نە توانای ماڵیی ئەوەی هەیە و نە ئەو دامەزراوە زانستی و تەکنیکییانە لە کوردستاندا بوونیان هەیە کە تاکی کورد بتوانێت توانایی کێبڕکێ لە گەڵ ئەوانی‌دا هەبێت، یان سەرچاوەی ماڵیی پێویستی هەبێت. ئیسڵاحتەڵەبی باشترین گوتارە بۆ ئەوەی کە ناسیۆناڵیزمی باڵادەست، باڵادەستیی خۆی سەقامگیرتر بکات و لەهمانکاتدا ئێمە ناچار بکات کە بە هەستیار بوون بەرانبەر ناوی قازی و قاسملوو یان کەسانی تر، بچینە پای سندووقەکانی دەنگدان و بەپێی ئەو باشقانە(ئۆلگوو) دەنگ بدەین و هەڵسووکەوت بکەین کە پارێزەری باڵادەستیی ئەوی دیە و ژێردەستیی خودی کورد.

بەڵام لە ڕاستی‌دا تەنیا یەک وەڵام بۆ ئەو مەترسییە هەیە و ئەویش گەشەی بەرگریی چەکدارییە. ئامانجی ئەو بەرگرییە و ڕۆڵی پێشمەرگە پێویستە لە گرێدانی خەباتی شار و شاخ بگوازرێتەوە بۆ بوون بە هێزی واتا بەخش، هێزی شوناس بەخش. پێویستە هێزی پێشمەرگە ببێت بە سەربازی ڕۆژهەڵات، بەو واتایە کە ببێت بە بڕبڕەی پشتی سیاسەتەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییمان.

ئەم هەڵبژاردنانە و چەندین هەڵسوکەوتی سیاسی لە کوردستان دەریدەخەن کە؛ شوناسی کورد تا ئەو جێگە ڕۆڵی سیاسی دەگێڕێت کە دەستی کاریگەری هێزی پێشمەرگەی پێ گەیشتووە. ڕۆشنبیر، کۆمەڵگای مەدەنی و بە تەواوەتی شار تەنیا لە شوێنێک کاریگەرە کە پێشتر مەیدانی کاریگەریی هێزی پێشمەرگە بووە. هیچ هێزێکی مەدەنی نەیتوانیوە بەکەمترین شێوە سنووری گوتاری ڕزگاریخوازی کوردستان گەشە بدات و نەیتوانیوە خواستی ڕزگاریخوازانە بباتە یەک میلیمێتر ئەودیو ئەو سنوورەی کە هێزی پێشمرەگە گەیاندوویەتی. هەروەها لە یەکەم ژمارەی سروە کە لە بەهاری ١٩٨٥ دەرچوو هەتا ئێستا، هێچ چالاکییەکی مەدەنی و ڕۆشنبیری نەیانتوانیوە ببێتە هەوێنی پێداچوونەوەیەکی گوتاری لە ناو بەرهەمی شاخ دا.

بۆیە لە ڕاستی‌دا ئەوەی دەتوانێت ڕۆژهەڵات لەبەرانبەر گەورەترین مەترسی بپارێزێت گۆڕینی شێوە ڕووانینمانە بۆ هێزی پێشمەرگە بۆ بەهێز کردنی ئەو هێزە و گەشەی بەرگریی چەکداری. ئەوەی دەتوانێت ئاگایی بەخش بێت نەک ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و سەتەڵایت و سۆشیال میدیا کە لە ڕاستی‌دا دەنگی چەکی پێشمەرگەیە. ئەو ئاگاییەی کە لە میدیا و سۆشیال میدیا پەرەی پێ دەدرێت یان درێژکراوەی ئاگایی شاخە یان سەرلێشێواییەکی بێ‌بەرهەمە، بۆیە سەرچاوەی ڕاستەقینەی ئاگایی چەکی پێشمەرگەیە و میدیا تەنیا دەتوانێت ڕۆڵی بڵاوکەرەوە یان تۆمارکەری ئەو ئاگاییەی هەبێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.