کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حدکا لە ئامریکا: پێشمەرگە ئیرادەی خۆی بە جیهان پیشان بدات بەرپرسان و سیاسەتمەدارنی ئامریکا پێشوازیی زیاتر دەکەن

22:29 - 2 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا باسی لەوە کردووە؛ ئەگەر هێزی پێشمەرگە چالاکی بکات، بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ئامریکا پێشوازیی لێ دەکەن و نیسبەت بە چالاکیی نوێ گومانیان هەیە.

ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەپێوەندی لەگەڵ خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات ڕوانگەی بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ئامریکای خستە ڕوو.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە، لەو وتووێژەدا سەرەتا باسی لەوە کردووە کە؛ لە ڕاستیدا سیاسەتمەداران و کەسانی دیپلۆمات و کۆنسێرڤاتیو، زۆربەیان لایەنگری دۆخی ئێستان و بە گشتی نیسبەت بەو چالاکی و حەرەکەتە نوێیە شەک و گومانان هەیە و ئەوان کاتێک دڵنیا بن کە هەر چالاکی و یان حەرەکەتێک لە دۆخی ئێستادا بە قازانجی ئەوان تەواو دەبێت، پشتیوانیی لێ دەکەن.

ساڵح باسی لەوەش کرد کە؛ ئامریکاییەکان خۆشحاڵیی خۆیان سەبارەت بە دەستپێکی خەباتی ئێستای حیزبی دێموکرات لەژێر ناوی ڕاساندا دەربڕیوە و خوازیاری ئەوەن ڕاسان هێز بکرێت. بەرپرسانی ئەو وڵاتە زانیاریی باشیان لە سەر ئیرادەی قایمی ئێمە نیە و بۆیە بە نەرمی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن، بۆیە ئەگەر پێشمەرگە ئیرادەی خۆی بە جیهان پیشان بدات بەرپرسان و سیاسەتمەدارنی ئامریکا پێشوازیی زیاتر دەکەن.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە؛ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێوەندییەکی زۆر پتەوی لەگەڵ ژوورە فکرییەکانی ئامریکا هەیە و ڕۆڵی گاریگەر و بەرچاومان تێیدا هەیە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا هەروەها گوتی؛ سیاسەتەکانی ترامپ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر ڕۆڵ دان بە شەریکەکانی خۆیەتی و کەمتر لە سەر ئەمنییەتی ئەو ناوچەیە سەرمایەگوزاری دەکات.

ئارەش ساڵح باسی لەوەش کرد؛ ئەوەیکە ئێستا ئاشکرایە سپای پاسداران و خامنەیی زۆر توند ترساون و لە دوای هاتنەسەرکاری ترامپەوە تا ئێستا، هیچ یا کەمتر هەڵوێستی توندیان گرتووە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئامریکا لەبارەی سعوودی و ڕێژیمی ئێران باسی لەوەش کرد کە؛ ئامانجی عەرەبستان پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان ئامریکا و سعوودیەیە کە لە سەردەمی ئۆبامادا دروست بووە و لە لایەکی دیکەشەوە ئێران کێشەی ئەساسی لە ناوچەکە دایه.

ئارەش ساڵح لە کۆتایی وتووێژەکەدا باسی لەوە کرد کە؛ بۆ ئەوەیکە بتوانین لە گۆڕێنی هاوکێشەکانی ناوچەدا له ڕاستای بەرژەوەندیی خەڵکی ڕۆژهەڵات کاریگەریمان هەبێت، ئێمە تەنیا یەک ڕێگەمان هەیە ئەویش بەهێزکردنی خۆمانە. ئێمە لە دۆخێک داین کە دەبێت دوور لە هەر ڕوانگەیەکی هەستۆکی؛ گۆڕان لە خۆماندا پێک بێنین. پێشمەرگە گرینگترین سەرمایەیە کە ئێمە دەبێ لە باری چەندیەتی و چۆنیەتی ئەو هێزەمان هەبێت. هەروەها دەبێت تەمەنی ڕێبەریی خۆمان بەرەو جەوانگەرایی بەرین.

دەقی تەواوی ئەم وتووێژە لە بەشی فارسی ماڵپەڕی کوردستان میدیاوە دانراوە