کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تام کمیک: نابێت ئیزن بدەین ئێران باڵوێزخانه لە کانادا بکاتەوە

16:52 - 3 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: تام کمیک، ئەندامی پارلمانی کانادا باسی لەوە کردووە کە؛ ئێمە نابێت ئیزن بدەین ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی کانادا باڵوێزخانه بکاتەوە تا ئەو کاتەی ئەو ڕێژیمە سیاسەتی خۆی بەرانبەر گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نەگۆڕێ.

تام کمیک ئەندامی پارلمانی کانادا و سەرۆکی گرووپی پارلمانی دۆستانی کورد و دۆستی نزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا نووسیویەتی‌: ئێمه‌ نابێ پاداشی ئێران به‌وه‌ بده‌ینه‌وە‌ كه‌ ئه‌وان باڵوێزخانه له‌ كا‌نادا بكه‌نه‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ ئه‌وان سیاسه‌تی خۆیان له‌گه‌ڵ كورده‌كان له‌ ڕۆژئاوای ئه‌و وڵاته‌ دەگۆڕن.

کمیک هەروەها باسی لەوە کردووە؛ ئەو ڕێژیمە دەبێ ده‌ست له‌ پاڵپشتی کردنی تێرۆریزم له‌ سه‌رتاسه‌ری دونیا هەڵگرێت.

ئەو ئەندام پارلمانەی کانادا پیشتریش لە دانیشتن لەگەڵ بەپرسانی حیزبی دێموکرات وێڕای پشتگیری لە مافەکانی گەلی کورد بە گشتی و ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، بەڵێنی داوە بەردەوام بێت لە پشتیوانیی ڕاسانی نوێی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژھەڵات.

کمیک باسی لەوە کردبوو که؛ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک حیزبێکی فەرمیی و سیاسی هەوڵی داوە لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە چارەسەرێک بۆ پێکەوە ژیان لە ئێراندا بدۆزێتەوە. حیزبی دێموکرات داکۆکی لە مافی سیاسیی کوردەکان دەکات کە بەردەوام و بە بەرنامە لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دەچەوسێنرێنەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردبوو؛ ئێمە دەبێ یارمەتیدەری کوردە هاوپەیمانەکانمان لە ڕۆژهەڵات بین و پشتگیرییان لێ بکەین کە بە شێوەی بەردەوام و کۆڵنەدەرانە لە بەرانبەر زوڵم و ستەمی ڕێژیمی ئێراندا بەربەرەکانێ دەکەن.