کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵەی پزیشکی هەڕەشە لە گیانی خەڵکی ئێران دەکات

17:29 - 3 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: هەڵە پزیشکییەکان لەلایەن کادرە دەرمانییەکانی ئێران لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە، بووەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە زاری بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەوە بڵاویان کردووەتەوە؛ بەرزبوونەوەی هەڵەی پزیشکی لە ساڵی ڕابردوودا جێگای نیگەرانیە و ساڵانە ژمارەیەک لە هاووڵاتییان به هۆی کەمتەرخەمیی پزیشکان لە نەخۆشخانەکان گیانیان لەدەست دەدەن.

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی بێهداشت و دەرمانی مەجلیسی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە؛ هەڵە پزیشکیەکان لە ساڵی ٩٥دا، لە سەدا ٢٧ بەرز بووەتەوە و ئەوەش جێگای نیگەرانیە.

ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنی بێهداشتی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە کە؛ زۆربەی هەڵە پزیشکیەکان لە بیاڤی ژنان و زا و زێدا ڕوویداوە.

هەروەها ئەو بەرپرسەی ڕێژیم گوتویەتی؛ سکاڵای خەڵک دژی پزیشکان لەو بارەیەوە زۆرە، بەڵام سزای پزیشکانی هەڵەکار سەرەڕای ئەوەیکە بە سزای قورس مەحکووم دەکرێن، ناچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

تا ئێستا ژمارەیەک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە توندی هۆشداریان بەنیسبەت بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵە پزیشکییەکان داوە، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە هەڵنەگیراوە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی، ئاماری مەحکووم بوونی پزیشکان لە ئێراندا لە ساڵی ١٣٩١ هەتا ١٣٩٤ی هەتاوی بەردەوام ڕووی لە بەرز بوونەوەدا بووە.

ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە؛ لە ساڵی ٩١دا، لە کۆی ٤ هەزار و ٧١٤ سکاڵای پزیشکی ٢ هەزار و ٥١ حاڵەتی سەلمێندراوە و تاوانبار مەحکووم کراوە.

ئەو ئامارە لە ساڵی ٩٤دا بۆ ٧ هەزار و ٣٨١ حاڵەت بەرز بووەتەوە، کە ٣ هەزار و ٢٣ حاڵەتیان سەلمێندراوە و حوکمی لەسەر دراوە.

بەپێی ئامارێک لە ساڵی ڕابردوودا ٧ هەزار و ٣٨١ دۆسیەی هەڵەی پزیشکی چووەتە بەردەم دادگای پزیشکیی ئێران.