کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ڕێژیمی ئێران خوازیاری لەنێوچوونی ئیسرائیلە

17:48 - 3 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا باسی لەوە کردووە کە؛ ڕێژیمی ئێران خوازیاری لەنێوچوونی ئیسرائیلە، بەڵام تا من هەبم ناهێڵم ئەم ڕووداوە ڕووبدات.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، دۆناڵد ترامپ ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە مۆزەی ئیسرائیل گوتی؛ حەمەس و حیزبوڵڵا هەڕەشەیەکن بۆ سەر ئەمنییەتی ئەو وڵاتە و ئەوەش جێگای قەبووڵ نیه.

ناوبراو هەروەها گوتی؛ ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا دەیانهەوێت ئیسرائیل لەنێو ببەن، بەلام تا کاتێک من هەبم ناهێڵم سەرکەون و ئەو دوو لایەنەی بەتێرۆریست لە قەڵەم دا.

سەرکۆماری ئامریکا باسی لەوەش کرد کە؛ پێش بە چەکی ناوکیی ئەو ڕێژیمە دەگرین و پشتیوانیی ئەو ڕێژیمەش لە تێرۆریزم کۆتایی پێ دێنین.

ناوبراو پێشتریش باسی لەوە کردبوو کە؛ ئەو قەیرانە ئەمنیەتییانەی کە ئیسڕائیل لەگەڵیدا بەرەوڕوویە زۆر بەربڵاون کە یەکێک لە گرینگترینیان زێدەخوازییە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامییە.

دۆناڵد ترامپ لە کاتی بانگەشەکانی پێش لە هەڵبژاردن سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناوکی و ڕۆڵی ئێران لە ناوچە و جیهان بەفەرمی ڕایگەیاندبوو کە ئێران هۆکاری بشێوی و قەیرانەکانە و بەرجامی وەک پەڵەیەکی ڕەش ناوبردبوو کە دەبێ هەڵبوەشێندرێتەوە.

بەپێی دوایین هەواڵ و ڕاپۆرتەکان، سەرکۆماری ئامریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕ، لە ئاخاوتنێکدا ڕوو لە ڕێبەری وڵاتانی موسوڵمانی بانگهێست کراو بۆ دانیشتنی ڕیاز کە ڕێژەیان ٥٥ وڵات بووە ، باسی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوچە و جیهان و دنەدانی تێرۆریستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرد و داوای لێکردن کە کۆماری ئیسلامی تەریک بخەنەوە.