کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرت و فێڵەکانی شانۆگەرییەکەی ڕێژیم بەرەبەرە خۆیان دەردەخەن

17:54 - 3 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: پاش ئەوەیکە بەشێکی بەرچاو لە چالاکان و لایەنە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم، بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامییان تەحریم کرد و ڕایانگەیاند کە ئەمە تەنیا شانۆگەرییەکی لیوانلێو لە فرت و فێڵە بۆ بەردەوامیی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، بەرەبەرە ئەم فرت و فێڵانە خۆیان دەردەخەن.

بەپێی دوایین هەواڵ و ڕاپۆرتەکان، هەم لە شارەکانی کوردستانی ئێران و هەم لە شارەکانی دیکەی ئێران لەوانە ڕەشت، ئەهواز، بەندەر عەباس، باخەرز، تاران و چەندین شاری دیکە دەرکەوتووە کە لە هەر دوو بەشی شانۆگەرییەکەدا فرت و فێڵ کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی‌ دووشه‌ممه ڕێکەوتی‌ ١ی‌ جۆزه‌ردان، كۆمه‌ڵێك له‌و كه‌سانه‌ی‌ بۆ شۆرای‌ شاری‌ سه‌قز خۆیان كاندید كردبوو‌ بەڵام لە سندووقەکانی ده‌نگ نه‌هاتنه‌دەر، ‌له‌ به‌رده‌م فه‌رمانداریی‌ ئەم شارەدا كۆبوونه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تییان پێك هێنا.

بەپێی ئەم هەواڵە؛ له‌ چه‌ندین بنكه‌ی‌ ده‌نگدان به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكێكی‌ كه‌م به‌شدارییان لەو بەناوهه‌ڵبژاردنەدا كردبوو، ئه‌و كاندیدانه‌ی‌ كه‌ نوێنه‌ره‌كانیان لای‌ سندووقه‌كان بوو ده‌ستیان داوه‌ته‌ ساختەکاریی‌ به‌ربڵاوی‌ ده‌نگ ‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ كاندیداكانیش ڕاسته‌وخۆ له‌و ساختەکارییەدا ده‌ستیان هه‌بووه‌.

ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ كە چەند کاتژمێرێک درێژه‌ی كێشا، به‌ بێ‌ وەرگرتنی هیچ وه‌ڵامێك كۆتایی‌ پێهات.

پێویسته‌ بگوترێ‌ له‌ ڕۆژی‌ ٢٩ی بانەمەڕدا خه‌ڵكی‌ شاری سه‌قز هاوشێوەی شارەکانی دیکەی کوردستان به پیر‌ داواكاریی‌ لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتن‌ و نه‌ ته‌نیا به‌شدارییان له‌ ده‌نگداندا نه‌كرد، به‌ڵكوو زۆربه‌شیان به‌ به‌ستنی‌ دووكان ‌و بازاڕ ڕوویان له‌ سروشت كرد‌ و شاریان چۆڵ‌ كرد. ڕاده‌ی‌ ده‌نگدان هێنده‌ كه‌م بووه‌ كه‌ نه‌ ته‌نیا ڕێژیم به‌ بڵێندگۆ ده‌پاڕایه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك ده‌نگ بدا، به‌ڵكوو له‌ زۆر شوێن سندووقه‌كانیان گه‌ڕاندووه ‌‌و هه‌ندێك كاندیدیش ئاماده‌ بوون كه‌ تاكسی‌ ده‌ربه‌ست بۆ هاتن‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك بۆ سه‌ر سندووقەکان بگرن.

لە هەواڵێکی دیکەدا کە ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە بڵاوی کردۆتەوە؛ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەی بەرینی چەند هەزار کەسی لە شاری ئەهواز بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر ئاکامی شانۆگەرییەکە لەم شارە هاتۆتە ئاراوە.

ناڕازییان باسیان لەوە کردووە کە؛ بەپێچەوانەی پێکهاتەی نەتەوەیی لەم ناوچەیە کە زۆرینەیەکی بەرچاو عەرەبی ئەهوازین، تەنیا ٣ عەرەب زمان لە سندووقەکان ناویان هاتۆتە دەرێ و ١٠ کەسی سەر بە ڕێژیم کە خەڵکی ئەو ناوچە نین بوونەتە ئەندامی شۆرای شار.

لەم‌بارەوە فەرمانداری شاری ئەهوازیش ڕایگەیاندووە کە؛ داواکارییەکەیان درووست و لە جێی خۆیدایە و ساختەکاری لە ژماردنی دەنگەکاندا کراوە؛ تەنانەت لە ڕەوتی ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینەدا هیزە لیباس شەخسی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم چەند کەس لە ناڕازییانیان دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگواستووە.

هەر لە ڕۆژی شانۆگەرییەکەدا، هەواڵنێرێکی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە تارانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا بە وردی ئاوڕی لە ساختەکارییەکانی ڕێژیم چ لە بەناو هەڵبژاردنی سەرکۆماری و چ لە بەناو هەڵبژاردنی شۆرای شاردا دابوویەوە و نووسیبووی: من لەگەڵ خەڵکێکی زۆر قسەم کردووە و پرسیارم لێ‌کردوون کە بەشداریی لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن؟ بەشی هەرە زۆریان وەڵامیان داوەتەوە :نا؛ کاتێک کە پرسیومە بۆچی بەشدار نابن؟ وتوویانە هەمووی ساختەکارییە و بۆ مانەوەی دەسەڵاتی وەلی فەقیهە.

هەواڵدەریی حکومەتیی ئیسناش هەر هەمان ڕۆژ لە هەواڵێکدا ئاشکرای کرد کە؛ دادستانی بەندەرعەباس بڕیاری گرتنی لانیکەم ١٥ کەسی داوە کە لە ڕەوتی دەنگدانەکاندا ساختەکارییان بە قازانجی یەکێک لە بەربژێرەکانی ڕێژیم بۆ پۆستی سەرکۆماری کردووە؛ هەواڵی هاوشێوەش لەلایەن یەکێک لە کاناڵە خۆجێییەکانی شارستانی باخەرزی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەویشەوە بڵاو کرایەوە.

دۆزگری گشتیی ڕەشتیش لە هەواڵێکی دیکەدا باسی لە ١٩٤ حاڵەتی ساختەکاری و فرت و فێڵ لە شارە کانی ڕەشت، لەنگروود، سیاهکەل، ڕوودسەر، تاڵش و ئەنزەلی‌دا کردووە کە تێیدا وێڕای کڕین و فرۆشتنی دەنگ، شناسنامەی ساختەش درووست کراوە و چەند سەد دەنگ لە بەرژەوەندیی یەکێک لە بەربژێرەکانی ڕێژیم خراوەتە سندووقەوە.

بەڵگەیەکی دیکە لەمەر درۆیین بوونی ڕاپۆرتی کۆتایی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم لەمەڕ بەشداری کردنی زۆرینەی خەڵکی ئێران لە شانۆگەرییەکدا ئەوەیە کە؛ هەواڵدەریی حکومەتیی تەسنیم ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە؛ تەنیا ٢٠ میلیۆن کەس لە کۆی ٥٧ میلیۆن هاووڵاتی دەنگیان داوە، بەڵام تەنیا چەند کاتژمێر دواتر ئەم ڕێژە وەک بڵێین موعجیزە ڕووی دابێت بۆ زیاتر لە ٤٠ میلیۆن بەرز بوویەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕێژیم له‌ بەناوهه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌دا به‌ هه‌ر كاندیدێك ١٠٠ میلیۆن تمه‌ن‌ قه‌رزی‌ درێژ ماوه ‌‌و بێ‌سوود ‌و كه‌م سوودی‌ داوه‌ تا بتوانێ‌ سه‌رنجی‌ خه‌ڵك ڕاكێشێ ‌‌و خه‌ڵكی‌ زیاتر خۆیان كاندید بكه‌ن‌ و خه‌ڵك بكێشنه‌ سەر سندووقه‌كانی‌ ده‌نگدان‌ و هه‌ندێك خه‌ڵكی‌ به‌ دژی‌ یه‌كدا داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌نگ بده‌ن.