کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران درێژە بە بەرنامەی مووشەکی دەدات

23:16 - 4 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: لە درێژەی بەرنامەی مووشەکی و تاقیکاریی مووشەکە بالستیکەکانی ڕێژیمی ئێران ئەو ڕێژیمە سێهەمین کارخانەی ژێرزەمینیی بەرهەمی مووشەکی دامەزراند.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە هەواڵێکدا لە زاری ئەمیرعەلی حاجی زادە فەرماندەی هێزی هەوافەزای سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردەوە، ڕێژیمی ئێران سێهەمین کارخانەی ژێرزەمینیی بەرهەمی مووشەکی دامەزراند.

ئەو فەرماندە نیزامییەی ڕێژیم لە شاری دزفول ئەم لێدوانەی داوە و باسی لەوە کردووە لە داهاتوودا یەکەمین مووشەکی بالستیکی دروستکراوی زەوی بە زەوی بە ناوی دزفول دەکەین.

ناوبراو وێڕای پێداگری لە سەر درێژەپێدان بە پیشەی مووشەکی لەو وڵاتەدا، جەختی کردەوە کە ئێمە لە هەموو بواری مووشەکی‌دا لە سەر پێی خۆمانین و هێزی مووشەکیی خۆمان بەهێزتر دەکەین و ئەوەش سروشتییە کە دوژمنانی ئێمە واتا ئامریکا و ئیسرائیل لە بەرهەمی مووشەکیی ئێمە ناراحەت بن.

ئەو بەرپرسەی نیزامییەی ڕێژیم لە قسەکانیدا هەروەها ئامریکا و ئیسرائیلی بە دوژمنی سەرەکیی ئێران لە قەڵەم دا.

دامەزراندن و ئاشکراکردنی سێهەمین کارخانەی بەرهەمی مووشەکی بالستیک لە کاتێک دایە کە ڕۆژی ڕابردوو وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا پێش‌نووسی پەسندکردنی گەمارۆی ئابووری دژی بەرنامەی مووشەکیی بالستیک، سپای پاسداران، ئەو کەس و لایەنانەی کە کڕین و فرۆشتنی چەک‌وچۆڵ لە چوارچێوەی یاساکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکەن تاوتوێ دەکەن.

بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بەردەوام ڕەخنە و نیگەرانیی بەرپرسانی ئامریکا و وڵاتانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.

دووای ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تاقیکردنەوەی مووشەکی ئەنجام دەدات و ئەوەش هەڵوێستی توندی بەرپرسانی ئامریکای بەدواوە بووە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا تا ئێستا بۆ بەرەنگاربوونە دژی بەرنامەی مووشەکیی بالێستیکی ئێران و چالاکییە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەدا گەمارۆی ئابووری دژی ئەو ڕێژیمە پەسند کردووە.

بڕیارنامەی ٢٢٣١ کە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ٥+١ دا واژوو کراوە باس لەوە دەکات کە، لە ڕۆژی واژووکردنی بڕیارنامەکە تا ٨ ساڵ دواتری، کۆماری ئیسلامی مافی ئەوەی نییە کە هەر چەشنە چالاکییەک لە پەیوەندی لەگەڵ مووشەکی بالستیک ئەنجام بدات کە توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەبێت.