کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید مەشعەل ئامادەیی گرووپەکەی بۆ \"سازش\" لەگەڵ ئیسڕائیل ڕاگەیاند

16:55 - 6 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی پێشووی دەفتەری سیاسیی حەماس بە حەوتوونامەی ئاڵمانیی ئیشپیگێلی وتووە: گرووپەکەیان ئامادەیە لەگەڵ ئیسڕائیلدا سازش بکات.

خالید مەشعەل کە لە دواکۆنگرەی ڕێکخراوەکەیاندا ئەم پۆستەی بەجێهێشت، لە وتووێژێکی تێروتەسەلدا لەگەڵ حەوتوونامەی ئێشپیگێل باسی لە سیاسەتی نوێی ڕێکخراوەکەیان کردووە کە بریتییە لە؛ ڕەزامەندی بەرانبەر بە دەوڵەتی کاتیی فەلەستین لە سنوورەکانی پەسندکراو لە ساڵی ١٩٦٧دا، کە ئەوکات لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کرا.

بەپێی دوایین بەڵگە پیوەندیدارەکان حەماس ڕایگەیاندووە کە؛ چیدیکە سیاسەتی لەنێوبردنی ئیسڕائیل پەیڕەو ناکات و هەروەها لە ئیخوانولموسلێمین دوور دەکەوێتەوە.

ئامریکا و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی حەماس بە گرووپێکی تێرۆریستی دەزانن و هەروەها وڵاتانی عەرەبی وەک عەرەبستان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و میسریش اخوان المسلمین وەک تێرۆریست دەناسن.

بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامی ناسراو بە حەماس، لە سەر دەستی شێخ ئەحمەد یاسین و کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی تری کۆمەڵەی برایانی موسوڵمانی فەلستینی و بەشێک لە بانگخوازانی جیھانی ئیسلامی له ساڵی ١٩٨٧ دامەزرا.

حەماس بە یەکێک لە گرووپە تووندڕەوەکانی ناوچە دەژمێردرێ کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ دژایەتی کردنی ئیسڕائیل و بەرەوپێش بردنی سیاسەتەکانی ڕێژیمی تاران لە ناوچە پڕچەک دەکرێت.

لە ساڵی ٢٠١٢دا هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری عەلی لاریجانی بەرپرسی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە؛ پێویستە وڵاتانی ناوچەکە بەهانای حەماسەوە بچن و بەرگری لە فەلەستین بکەن.

لاریجانی وتیشی: بەمەبەستی بەرگری لە هێرشی مووشەکیی ئیسراییل دەبێ چەک ڕەوانەی فەلەستین بکرێ.