کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران بۆ بەرەنگاربوونەی چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە تۆپخانەیەکی لە سنووری کێلەشین دامەزراند

17:24 - 6 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە نزیک ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان تۆپخانەیەکی دامەزراند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سپاسی پاسدارانی ڕێژیمی ئیران تۆپخانەیەکی لە سنووری کێلەشین سەر بە شاری شنۆ دامەزراندووە.

ڕۆستەم جەهانگیری، بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند؛ دامەزراندنی ئەو تۆپخانەیە لە لایەن سپای پاسدارانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چالاکیی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاته.

سەرەڕای ئەوەش، ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر بەردەوامیی چالاکیی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا پێداگریی کردەوە.

ساڵی ڕابردووش تۆپخانەی سپای پاسداران سێ جار ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کرد.

شایانی باسە کە یەکێک لە شێوازەکانی بەربەرەکانێی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ دژبەرانی خۆی، سیاسەتی سووتاندنی تەڕ و وشک پێکەوەیە. هەرجارە و بە بیانووی هەبوونی هێزی دژبەری خۆی، هێرش دەکاتە سەر ماڵ و حاڵ و زەوی و زاری خەڵکی بێتاوانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و تەنانەت لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، و زەرەر و زیان لە خەڵکی مەدەنی و سڤیل دەدات و ئەوەی بۆی گرینگ نیە، گیان و ماڵی خەڵکی کوردە جا لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت.