کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆلارەکانی ئێران لەلایەن چینیشەوە بلۆکە کران

17:11 - 7 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکانی ڕاگەیەنەکانی ڕێژیم، کێشەیەکی نوێی کۆماری ئیسلامی ڕاگواستنی پارەی بەرهەمە پێترۆشیمییەکانە.

هەواڵدەریی تەسنیمی سەر بە سپای پاسدارانی ڕیژیم لە هەواڵێکدا ئاشکرای کرد؛ بێجگە لە کیشەکانی ڕاگواستنی پارەی نەوت کە تەنانەت پاش خولی دووهەمی خواردنەوەی جامی ژەهر، ناسراو بە بەرجام چارەسەر نەکران، کێشەی ڕاگواستنی پارەی بەرهەمە پێترۆشیمییەکانیش بەرۆکی وڵاتیان گرتۆتەوە.

لەمبارەوە ڕۆژنامەی شرق لە ڕاپۆرتێکدا لە ژێر ناوی بلۆکەی بەردەوامی پارە ئێرانییەکان، باسی لە سەفەری عەلی تەیێب‌نیا وەزیری ئابووریی ڕێژیم بۆ وڵاتی چین کردووە، کە بۆ چارەسەری کێشەی نوێی بلۆکەکردنی دۆلارەکانی ئێران لەلایەن دەوڵەتی چینەوە سەردانی ئەم وڵاتەی کردبوو.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەنجومەنی کارفەرمایی پیشەی پێترۆشیمی لەم دواییانەدا و لە نامەیەکدا باسی لەوە کردووە کە؛ ئیمکانی ناردنی پارەی هەناردەی بەرهەمە پێترۆشیمییەکان لە چینەوە بوونی نییە و دۆلارەکانی ئێران لەم وڵاتەدا بلۆکە کراون.

پێشتریش لە کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا یەکێک لە ئەنجومەنە سێنفییەکانی پیشەی پێترۆشیمی ڕوو لە جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیم باسی لە هاتنە ئارای قۆناغێکی نوێ لە کیشەکان لە بیاڤی هەناردە کردبوو.

لەم نامەیەدا وێڕای ئاماژە بەوەیکە ٤٠%ی بەرهەمە پیترۆشیمییەکانی ئێران بۆ چین نێردراوە، پێداگری کراوە کە؛ لە مانگەکانی ڕابردوودا بەهۆی گۆڕینی یاسا نێوخۆییەکانی چین و هەروەها گوشارەکانی ئامریکا و عەرەبستان کۆمەڵێک کێشە و ئاریشەی نوێ بەرۆکی ئەم سەنعەتەی ئێرانی گرتووەتەوە کە دەتوانێ کاریگەری و شوێندانەریی قەرەبوونەکراوە لەسەر بازاڕی ئەرز و ئابووریی ئێران دابنێت.

بەپێی دوایین هەواڵە پێوەندیدارەکان، لە سەرەتای مانگی مەی ٢٠١٧وە کۆمەڵێک هەنگاوی جیددی لەدژی کەرتی هاوردە و هەناردەی پێترۆشیمی ئێران هەڵگیراوە کە ئەمەش وێڕای کیشەکانی ڕاگواستنی پارەی نەوت، بووەتە دەردی سەر دەردان.