کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تا دێت هەژاری هەژێنەرتر دەبێت

22:41 - 7 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: سەرەڕای وادە و بەڵێنی بەردەوامی گەورە لێپرسراوانی ڕێژیم لەمەڕ بنبڕکردنی هەژاری، ئەم دیاردە کۆمەڵایەتی – ئابوورییە تا دێت هەژێنەرتر دەبێت و زیاتر پەرە دەستێنێ.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆتەوە کە ئەوپەڕی دۆشداماویی خەلکی ئێران لەباری ئابوورییەوە پیشان دەدات.

بەپێی ئەم ڤیدیۆیە، بنەماڵەیەکی هەژاری شاری تاران بەهۆی دەستکورتیەوە ناچار دەبن منداڵە چوار ساڵانەکەیان بە نرخێکی زۆر کەم بفرۆشن.

بەپێی لێدوانەکانی فاتمە دانشوەر چالاکی کۆمەڵایەتی کە بۆخۆی بەدواداچوونی بۆ ئەم پرسە دڵتەزێنە کردووە، ئەم بنەماڵە هەژارە ئامادە بوون لە بەرانبەر وەرگرتنی ٥٠٠ هەزار تمەندا کچە ٤ ساڵانەکەیان بە کەسێک بفرۆشن کە گیرۆدەی ماددە سڕکەرەکانە.

تەنانەت ئەو کەسەی کە لەم گرتە ڤیدیۆییەدا لەگەڵ فاتمە دانشوەر وتووێژ دەکات بە سەرسووڕمانەوە دەڵێ: ئێمە لە چ وڵاتێکدا دەژین، کاتێک نرخی تووتکە سەگێک بە ٢ میلیۆن تمەنە، بەڵام نرخی منداڵێکی ٤ ساڵان تەنیا ٥٠٠ هەزار تمەنە.

پێشتریش تراژێدیای لەم چەشنە لە ئێراندا بیندراوە؛ ماوەیەک پیش ئێستاش ڕۆژنامەی آرمان امروز لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد؛ ژنێک لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئەراک بە زگێک ٣ منداڵی بووە، کە باوکی ئەو منداڵانە بەهۆی دەستکورتی و نەبوونی پارەی نەخۆشخانە، بڕیاری فرۆشتنی منداڵەکانی خۆی داوە.

ئامارە فەرمییەکان سەرەڕای هەموو سانسۆر و دەسکارییەکان، باس لەوە دەکەن کە؛ هەژاری لە ئێران لەوپەڕی خۆیدایە و بەرپرسانی ڕێژیمیش ئەو ڕاستییە ناشارنەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا ماوەیەک پیش ئێستا ماڵپەڕی ئیسنای کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک وێنەی هەژێنەری لە سەر بارودۆخی نالەباری ژیان لە ناوچە عەرەب نشینەکانی ئەهواز بڵاو کردەوە کە دەرخەری ئەوپەڕی دۆشداماویی خەڵکە.