کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەستەوە شێخالی

22:48 - 7 جۆزەردان 2717

لوقمان مێهفەر

٣٢هەمین ساڵیادی شەهید بوونی برایم شێخالی فەرماندە هێزی نحۆ


کە لە نێو حەوزی بیر و هزرمدا خۆل دەدەم، دەفتەری بیرەوەرییەکانم دەکەوێتە بەرچاو، لاپەڕ بە لاپەڕ هەڵیان دەدەمەوە، بە وردی سەیریان دەکەم، دەمباتە سەردەمی هەڕەتی لاوەتی، لە کوێوە هاتووین، لە کوێ ئارام دەگرین. زۆرین ئەوانەی ڕۆژگارێک پێکەوە بووین. ئەمرو هێندێکیان لە ئاسمانی بێگەردی کوردستان ڕوحیان دەگەڕێ، هێندێکیان لە نێو سیاچاڵەکانی تاریکی‌دا دەست و پەنجە لەگەڵ شەو پەرەستانی سەردەم نەرم دەکەن. هێندێکیان لە کۆڕی گەرمی سەرچۆپیی ڕاساندان.

٣٢ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (٧ی جۆزەردان) هاوڕێ فەرماندە شێخالی گوڵی تەمەنی هەلوەری. هێزی نحۆ گڕی تۆڵە گرتی، گۆمی ورمێ قەتیس وەستا، لەو دەمەوە من بە دوای شوێن پێی تۆوەم.

ڕێبوارێکی ماندوو و شەکەتم، بە هەوراز و لێژاندا هەڵدەزنم، بستو و گەوە بەدی دەکەم، گوند و شار دەپشکنم، پێدەشتان دەبڕم، تۆ هەروا لە تەکمی، بە ڕێگا و ڕێباز دائیم لە نێو بازنەی بیر و هزرمی، هەست دەکەم هەنگاو بە هەنگاو لە گەڵما هەنگاو داوێی، کەچی بە دیمەن لە بەر چاوان ونی، خەیاڵ هەڵمدەگرێ چاو دەگێڕم، کاتێک لە کۆڕی لاوانی دێموکرات دەڕوانم، باشوویەکی بەرزەفڕی دەشتی لاجان دەبینم، کاتێک لە کاروانی لەبڕان نەهاتووی پێشمەرگە دەڕوانم. پێشمەرگەیەکی چالاکی چەک لە شانی چاو نەترس دەبینم. کاتێک لە تیمی هەڵمەتبەر بۆ سەر دوژمن دەڕوانم، پڵینگێکی چەنگ بەگڕ دەبینم. کاتێک لە ستادی فەرماندەیی دەڕوانم، فەرماندەیەکی بە نەخشە و پلانی تۆکمە دەبینم. کاتێک لە تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕەکان دەڕوانم، شۆڕشگێڕێکی ڕەوشت بەرزی بەهەڵوێست و خاوەن قەڵەم دەبینم، کاتێک لە قافڵەی سەروەران دەڕوانم، شەهیدێکی دەم بە بزە و سەربەرز دەبینم. کاتێک لە چالاکی و تێکۆشان دەڕوانم، ئەوە لاوچاکەکەی پیرانشار و هەڵۆیەکەی لەندی شێخانە لە شەقەی باڵان دەدا. جارێک بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات، جارێ یاڵەویاڵ بەرەو باکووری خۆرهەڵات ڕێگا دەبڕێ. بەهارە، پەڵە هەورێکی ڕەش بەری ئاسمانی ورمێی گرتووە، شنەی شەماڵ لە پێ کەوتووە، زریان هەڵیکردووە، گوڵە شلێرە غونچە هەڵدەوەرێنێ. ئاسک لە پێدەشتی مەرگەوەڕ یاخی. کوێستانچیەکانی تەرگەوەڕ شین‌وشەپۆڕیانە. هۆ شێخالییەکەم، بەفری جیرمە و بیدکاران تارای سووریان پۆشی. شێخالی ئەمرۆ ڕەقیب بە نەمانی تۆ شاگەشکەیە. پێیوایە کەس نییە بگرێ داوێنی کەیوان. خەم میوانە و نیشتووە لە سەر لێوان. پیرانشاری خاراوی کوورەی کۆستەکانم هاتە زمان و وتی؛ نا ڕەقیب، هێزی گەڵ ڕق دایگرتووە. هەر کات سیروان لە خرۆشان وەستا. ئاگری لە بەرزیی باڵا کەوت، قەندیلی مەندیل بە سەر لە بن هات، گادەر وشکاوی بێ، هەورامانی چڕ لە پێ کەوت، چوارچرا و پێرڵاشێز لە قیبلەگاە کەوتن، ئەوکات ئەو بنارانە بێ ڕێبوار دەبن. هەستەوە شێخالی ساتێ چاو هەڵێنە لە بالای ڕاسان بڕوانە، نەوەی تازە پێی هەڵگرتووە. کیژ و کوڕی ئەم نیشتمانە دەستە دەستە چەک لە شان هاتوونەتە ئەو بنارە. هەر کامیان شێخالێکن خۆیان سەرچۆپی کێشی زەماوەندن. دروشمێکیان بەرز کردووەتەوە، هەر کە لە گەروویان دێتە دەر، لەشی دوژمن موچرکێکی ساردی بە بەردا دێ. وەک داری هلۆل کە شنەی شەمال دەبزوێ ئەو ڕادەچەنێ و دەکەوێ. شاخ و شار ئەمڕۆ دەست لە ملانی یەکن. ئێوەش تاجەگوڵینەی سەر سینگ و بەرۆکن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.