کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیومان ڕایتس واچ ڕەخنەی تووندی لە حەشدى شەعبى گرت

16:33 - 8 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی هیومان ڕایتس واچ جارێکی تر ژمارەیەک وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی ئەشکەنجەدانى ژمارەیەک هاووڵاتیى سوننە مەزهەبى موسڵى بڵاوکردەوە.

ئەو ڕێکخراوەیە باسی ئەوە دەکات کە؛ وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان تایبەتن بەو پێشێلکارییانەى چەکدارانى حەشدی شەعبی و ژمارەیەک سەربازی سەر بە هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرای سەر بە وەزارەتی نێوخۆی عێراق کە بێ‌بەزەییانە و بە پێکەنینەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی ئەشکەنجە دەدەن.

سارا لیا ویتسۆن بەڕێوەبەری ئۆفیسى ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکوری ئەفریقاى ڕێکخراوی هیومان ڕایتس واچ، سەبارەت بەم پرسە وتارێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باس لەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانە دەکات کە دەیسلەمێنن ئەو هێزەی وەزارەتی نێوخۆی عێراق مامەڵەی نەشیاو و توندوتیژیان بەرانبەر کەسانێک و خێزانەکانیان کردووە تەنیا لەبەرئەوەى گومانیان هەبووە سەر بە داعش بن و دواتریش لەسێدارەیان داون.
ویتسۆن لە وتارەکەیدا دەڵێت، ڕاستە ئەوە ڕووداوێکی تراژیکە، بەڵام نامۆ نیە، چوونکە چەندین ساڵە هاوڵاتیانی عێراقی لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە کە چەندین جۆر جلوبەرگی فەرمیی سەر بە هێزە چەکدارەکانی عێراقیان لەبەردایە ئەشکەنجە دەدرێن و سوکایەتیان پێدەکرێت.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان، سەربازانی عێراقی و حەشدی شەعبی بۆ تۆڵەسەندنەوە ئەو دەستگیرکراوانە بە زەبری هێز ناچاردەکەن دڵسۆزیی خۆیان بۆ ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی ڕێکخراوی داعش دووپات بکەنەوە و دواتریش دەستبەجێ دەیانکوژن.

بۆ یەکەمجار پرسى ئەشکەنجەدان و کوشتنى هاوڵاتییانی سوننە مەزهەبى عێراق بەتایبەت لە موسڵ لەلایەن گۆڤاری ئێشپیگێلى ئەڵمانەوە ئاشکرا کرا و لەراپۆرتێکدا ژمارەیەک وێنەى بڵاوکردەوە کە تیایاندا هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق پێشێلکاریی دژ بە ژمارەیەک هاوڵاتی سوننە مەزهەبى موسڵ دەکەن.

پێشتریش لە ٢٨ی مانگی مەیی ساڵی ڕابردوو، ١٧ هاووڵاتیی عێراقیی سوننە مەزهەب، لە ناوچەی کەڕامەی دەوروبەری فەللوجە لە لایەن حەشدی شەعبییەوە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کوژران و هاوکات سەرجەم مزگەوتەکانی دەوروبەری فەللوجەش لەلایەن حەشدی شەعبییەوە خاپوور کران.

حەشدی شەعبی گرووپێکی چەکداری شێعە مەزهەبن کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە مەبەستی قازانجی سیاسی و بۆ پاراستنی ئەو ڕێژیمە ساز کراوە.

قاسم سولەیمانی، تێرۆریستی بەناوبانگی ئێرانی ڕۆڵێکی کارای لە ڕێکخستنی چەکدارە شەڕفرۆشەکانی حەشدی شەعبی و باقی تێرۆریستەکانی ناوچە بەتایبەت لە عێراق و سوریە هەیە.