کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمە ئایینییەکانی شەجەریان ناشەرعی لە قەڵەم دەدرێت

22:34 - 8 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم ڕق و بێزاریی خۆیان لە هونەرمەندانی خاوەن جێگە و پیگە دەردەبڕن.

پاش ئەوەیکە وەزیری ئیرشادی ڕێژیم داوای لە سەرۆکی دەزگای دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی کردبوو لە مانگی ڕەمەزاندا کەڵک لە بەرهەمە ئایینییەکانی محەممەدڕەزا شەجەریان وەربگرن، عەلی لاریجانی وتوویەتی: بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمانە ناشەرعی و دژی ئیسلامن.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان؛ چەند ڕۆژ پێش ئیستا و لە بەرەبەری دەسپێکی مانگی ڕەمەزاندا، ڕەزا ساڵحی‌ئەمیری وەزیری بەناو فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیم، لە نامەیەکدا داوای لە سەرۆکی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم واتە عەبدولعەلی عەلی‌عەسکەری کردووە کە؛ لەم مانگەدا کەڵک لە بەرهەمەکانی شەجەریان بەتایبەت فایلی رەبەننا وەربگرن، کە ئەم مەسەلە دژکردەوەی جەواد لاریجانی سەرۆکی ستادی بەناو مافی مرۆڤی هێزی دادوەریی لێکەوتەوە.

لاریجانی لە نامەیەکدا ڕوو لە وەزیری ئیرشاد و لەباتی سەرۆکی دەزگای دەنگ و ڕەنگ وەڵامی داوەتەوە و پێی وتووە: ئەو بەرهەمانە نابێت بڵاو بکرێنەوە چوونکە دەنگی شەجەریان کیشەی شەرعیی هەیە.

ڕەبەننای شەجەریان بریتییە لە ٤ ئایەتی قورئان کە هەموویان بە وشەی ڕەبەننا دەست پێدەکەن؛ ئەم دوعا کە ساڵانێکی دوور و درێژ لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئیران بڵاو کراوەتەوە، لە دەزگای سێگادا لەلایەن هونەرمەندی ناوازەی ئێران محەممەدرەزا شەجەریانەوە خوێندراوە و خاوەنی جێگەیەکی تایبەتە لەلای پیڕەوانی ئایینی ئیسلام و هەروەها لایەنگرانی مامۆستا شەجەریان.

وێدەچێ ئەم قسانەی لاریجانی بۆ ڕووداوەکانی ساڵی ٨٨ی ئێران بگەڕێتەوە کە ئەوکات شەجەریان لەدژی ساختەکارییەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و ڕووداوەکانی پاش وی هەڵوێستی گرت.

هەر لەو کاتەدا شەجەریان لە نامەیەکدا داوای لە سەرۆکی ئەو کاتی دەنگ و ڕەنگ واتە عیزەتوڵڵا زەرغامی کردبوو بەرهەمەکانی لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێراندا بڵاو نەکرێتەوە.