کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان دەکات

23:32 - 8 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم سەبارەت بە هاوکاری کردنی پێشمەرگە، هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژێمی ئێران، هەڕەشە لە هاوڵاتییانی کوردستان دەکەن کە هاوکاریی پێشمەرگە نەکەن.

لەو پێوەندییەدا لە گوند و شارەکانی مەهاباد، بۆكان، شنۆ، پيرانشار، سەردەشت و ورمێ بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەو کەسانەی کە پێشینەی پێشمەرگایەتیان هەیە و تەنانەت بۆ چەند ڕۆژیش لە ڕیزی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بوونه، بانگهێشتی کردوون و هەڕەشەی لێ‌کردوون هاوکاریی پێشمەرگە نەکەن و هاوکاریی ڕێژیم بکەن.

بەرپرسانی ئیتلاعات بەو کەسانەیان ڕاگەیاندووە، دەبێ زوو زوو سەردانی ئیتلاعات بکەن و بوونی خۆیان بە واژۆ ڕابگەیەنن.

هەواڵنێری ماڵپەری کوردستان میدیا لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند؛ ڕێژیم هەڕەشە لەو کوێستانچییانە دەکات کە مەڕ و ماڵاتییان دەبەنە کوێستانەکان و بۆماوەی چەند مانگێک لە کوێستانەکان دەمێننەوە، و ژمارە تەلەفوونی هەموو ئەندامانی ئەو بنەماڵانەی وەرگرتووە و بەڵێنی لێ‌وەرگرتوون هاوکاریی ڕێژیم بکەن و هاوکاریی پێشمەرگە نەکەن.

هەروەها بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەو کوێستانچییانەی ڕاگەیاندووە؛ نان و پێداویستی نەدەنە پێشمەرگە و هەرکات پێشمەرگەیان بینیی بە ئیتلاعات ڕابگەیەنن.