کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردانی ئێران بەرەو شەڕ هەنگاو دەنێن: \"ئێمە گرینگی بەوە نادەین دوژمنەکەمان چەندە بەهێزە\"؟

16:51 - 12 جۆزەردان 2717

ئامادەکار:دەیڤید مێسێگێر

وەرگێڕان: ڕەزا فەتحوڵانژاد

سەرچاوە: ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای

پێنجشەممە، ١ی ژوئەنی ٢٠١٧


حاجی عۆمەران، عێراق ـ هێزەکە وێکڕا دەچنە نێو سەنگەرە نهێنییەکەیان لە قووڵایی کێوەکانی زاگرۆسدا، هاوکات رەحیم مەنگووڕی، فەرماندە وەبیریان دێنێتەوە بۆچی لێرەن: ئەم بنکەیە ئامانجێکی نیزامییە و هۆشداری دەدا: ئەگەر بتانەوێ لێرە بمێننەوە، بەرپرسیارەتییەکەی لە ئەستۆی خۆتانە.

هێزێکی پێکهاتوو لە نزیک بە ٢٠ جەنگاوەر لێرە سازمان دراون، ٥ کیلۆمەتر لە دووری سنووری ئێران، بۆ فێربوون رێبازەکانی حدکا یان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و شەڕکردن بە دژی دەوڵەتی ئێران. لە بەیانیاندا، وانەی سیاسییان پێ دەگوترێ. لە دوانیوەڕۆیاندا، بۆ شەڕ رادەهێنرێن.

وە ئێستا کە زستان نەماوە، خۆیان بۆ بەکردەوەییکردنی فێرکارییەکان ئامادە دەکەن، خەبات نەک بۆ سەربەخۆییەکی تەواو بەڵکوو بۆ خودموختارییەکی فیدراڵ لە ئێراندا.

جەماڵ بورنەسەر، ئەندامێکی حدکا پێش لە بەجێهێشتنی سەنگەرەکە دەڵێ: سەرەتای بەیانیان ئێمە لە بارەی فیلسوفی جیاواز و رێبەرە سیاسییەکانی جیهانەوە دەخوێنینەوە. پاش ئەوە تەمرینی جەستەییمان و نیزامیمان هەیە. زۆر گرینگە کە بەباشی خۆمان بۆ شەڕ ئامادە بکەین.

حیزبی دێموکرات کە بۆ ماوەی نزیک ٢٠ ساڵ لەبەر خەباتی سیاسی وازی لە لایەنی سەربازی هێنابوو، لە ٢٠١٥دا دیسان دەستی دایەوە چەک.

مەنگووری کە خۆی لە ١٤ ساڵیدا پەیوەستی حیزبەکە بووە، روو لە گرووپێکی ٢٠ کەسی لە چەکدارەکان کە هەموویان لە دەوری کوورەیەکی داری دانیشتبوون، دەڵێ: ئێمە دیسان خەباتی چەکداریمان دەست پێکردەوە چونکە دڵنیاین رێژیمی ئێران هیچکات حەسێب بۆ داخوازییەکانمان ناکات. ئێمە دەبێ بۆ رێژیمی تاران گوشار بێنین و باشترین رێگەش بۆ ئەو کارە گەڕانەوە بۆ چەکەکانە.

کۆبوونەوەی ئەم یەکە میلیشیاییە کوردییە لە خانوویەکی بچووک و کورتی لە شێوەی سەنگەرێکی نیزامی بەڕێوە دەچێ. ئەم بنکەی حدکا کە لە شوێنێکی نهێنی و لە پەنای لووتکە تا ٣ هەزار مەتر بەرزەکانی کێوەکانی زاگرۆس هەڵکەوتووە، تەنیا ٥ کیلۆمەتر لە سنووری ئێران دوورە.

- رەتکردنەوەی دەستەوەستانی

مەنگووری، فەرماندەی ٥٢ ساڵە لە شارێکی کوردی ئێران بە ناوی پیرانشار لەدایک بووە و لە ١٩٧٩دا وەکوو چالاکێکی سیاسی بە حیزب پەیوەست بووە و سێ ساڵ دواتر بووەتە پێشمەرگەیەک. ئەو دەڵێ: پەیوەست بووم، چونکە رێژیمی ئێران خەڵکەکەمانی سەرکەوت دەکرد. نەمتوانی دەستەوەستان رابوەستم.

حیزبی دێموکراتی چەپگەرا لە ١٩٤٥ بۆ داکۆکی لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکانی ئێران دامەزرا و لە ١٩٤٦دا ڕۆڵێکی گرینگی لە دامەزراندنی کۆماری کورت تەمەنی مەهاباد گێڕا، تەنیا ماوەیەک لە مێژوودا کە کوردەکان شتێکی وەک دەوڵەتێکیان هەبوو. کۆمارەکە کە لەو شارەی هەڵکەوتوو لە رۆژئاوای ئێران راگەیەنرابوو، ساڵێک پاشتر هەڵوەشێندرایەوە، لە پاش ئەوە حیزبی دێموکرات نیزک بوو لە نێوچوون.

بەڵام ئەم حیزبە کوردییە بووژایەوە و لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێراندا بەشداری کرد کە شای پێرشیایان ڕووخاند. سەرەڕای ئەوەش، ئایەتوڵڵا روحوڵڵا خومەینی داخوازییەکانی کوردی رەت کردەوە، حیزبە سیاسییە کوردییەکانی قەدەغە راگەیاند و حیزبی دێموکراتی ناچار بە تاراوگەنشینی لە کوردستانی عێراقدا کرد.

بورنەسەر هاوکات کە دەستی لەسەر کوورەکە گەرم دەکاتەوە، دەڵێ: نەتەوەی کوردە چەندین و چەند ساڵە لە لایەن شای پێرشیا و رێژیمی ئایەتوڵڵاوە سەرکوت دەکرێ.

هاوکات، ئەو ئەندامەی حیزبی دێموکرات پێداگری دەکاتەوە کە ئەوان بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ خەبات ناکەن.

ئەو پێشمەرگە ٢٥ ساڵەیە کە سمێڵێکی ئەستووری هەیە، دەڵێ: ئێمە کوردستانێکی سەربەخۆمان ناوێ چونکە لە باری ئابووری و لە باری سیاسییەوە زۆر ئاڵۆزە. ئێمە خوازیاری سیستمێکی دێموکراتیک و فیدراڵین بەمەبەستی خاوەن بەش بوون لە سەرچاوەکانی ئێراندا.

بورنەسەر کە لە مەهاباد لەدایک بووە، لە ٢٠١١دا پەیوەستی حیزبەکە بووە. بۆ پێنج ساڵ لە نێوخۆی ئێران چالاکی نهێنیم هەبوو. بەڵام هاوینی ساڵی رابردوو بڕیارم دا بێمە شاخەکان و ببمە پێشمەرگە چونکە گەر لەوێ مابایەتمەوە، دەستبەسەر دەکرام.

هەر وەک بورنەسەر، زۆربەی یەکە ٢٠ کەسییەکە هێزی نوێن. فەرماندە مەنگووڕی دەڵێ: لەبەر هۆکاری ئەمنییەتی، ناتوانین بڵێین ژمارەی چەکدارەکانمان چەندە. بەڵام لەو کاتەوە کە خەباتی چەکداریمان لە دوو ساڵ پێش ئێستا دەست پێکرد، ژمارەیەکی زۆر لاو بە هێزەکانمان پەیوەست بوون.

پاش ١٩ ساڵ دووری لە چالاکی سەربازی، حدکا گەڕانەوەی خۆی بۆ چەکەکان راگەیاند کاتێک لە مانگی مای ٢٠١٥دا نازەنین خوسرەوانی، کچە کوردێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لە لایەن ئەفسەرێکی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە دەستدرێژی کرایە سەر.

کاتێک ئەو خزمەتکاری هوتێلە خۆی کوشت، مردنەکەی بوو بە هەڵایسانی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە سەرەکیترین شارە کوردییەکانی ئێراندا. بەرپرسانی رێژیم لانیکەم شەش خۆپیشاندەریان کوشت و دەیانی دیکەیان دەستبەسەر کرد. شەڕی چەکداری گەڕایەوە مەیدان.

- بووژانەوە لە نێو دەرگیرییەکاندا

پیاوە لاوەکانی بەردەم بنکەکە، چەکی کلاشینکۆف بەەست ئامادەی بەڕێکەوتن بە باریکەڕێگەیەکی نێو کێوە بە بەفرداپۆشراوەکان بە ئاراستەی ئێرانن، سەفەرێک کە چەند کاتژمێر دەخایەنێ، فەرماندە هاوار دەکات با بڕۆین.

سەرەڕای ئەوەی ئەو بەفرە قورسە رێگەکەی داپۆشیوە، هێزەکە بە خێرایی دەست دەکەن بە رێگەبڕین و هەر کامیان چەندین مەتر لەوی دیکە مەودای گرتووە.

سەعدی مورادپوور، ١٩ ساڵە و خەڵکی پیرانشار لە ئۆستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا کاتێک لە بەهاری ٢٠١٦دا لە ئێران دەرچبوو و بە هێزە پارتیزانەکانی حیزبی دێموکرات پەیوەست ببوو، بەم رێگەدا هاتبوو.

مورادپوور دەڵێ: بە شێوەی نایاسایی و بە نێو شاخەکاندا سنورم بڕی و هاتم بۆ ئێرە. دژوار بوو بەڵام ئەرزشی بوو.

مورادپوور دەڵێ: دەرسم دەخوێند بچمە زانکۆ و پێویستم بە کار بوو کە خەرجی خوێندنەکەم بدەم. بەڵام هەموو رێگەکان بۆ کوردەکان داخراون.

درێژەی دەدا: وەها نموونەیەکی هەڵاواردن وەک ئەوەی من هاندەری زۆرێک لە لاوانە بۆ هەنگاونان بەرەو پێشمەرگەبوون.

باوەگەورەی مورداپووریش پارتیزانێکی حیزبی دێموکراتی بوو و لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا بەدەستی رێژیمی ئێران کوژرا. ئەو دەڵێ: لە ماڵەوەماندا، لەو کاتەوەی لەدایک بووم، گوێم لە خەباتی چەکداری و سیاسی بووە. پێش لەوەی بێمە ئێرە، ئەندامێکی شانەی نووستوو و نهێنی حیزب بووم لە شاردا.

مەنگوڕی دەڵێ: لەو کاتەوە کە دەستمان کردووەتەوە بە خەباتی چەکداری، ٣٠ پێشمەرگەمان لە دەرگیری لەگەڵ پاسدارەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.

حیزبی دێموکرات تەنیا نیە. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش لە ئاوریلی رابردوودا گەڕانەوە بۆ خەباتی چەکداری راگەیاند.

لە چەند حەوتووی رابردوودا و دوابەدوای ئەوەی راگەیەنرا کە پارتیزانە کوردەکان بە زوویی دژی هێزەکانی ئێران هێرشەکانیان دەست پێدەکەن، تێکهەڵچوون هاتووتە ئاراوە.

لە ٢٧ی مایدا، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، گرووپێکی چەکدار لە ئێران کە سەر بە پ.ک.ک.، پارتی کرێکارانی کوردستان لە تورکیەیە لە تێکهەڵچوونێک لە نزیک شاری کوردی ئورمیەدا، دوو سەربازی سنووری کوشت و حەوتی دیکەی بریندار کرد.

بورنەسەر لەو کاتەدا کە لە پشت ژوورە بتوونییەکە لە نێوەڕاستی شاخەکاندا پشوویەک دەدا، دەڵێ: من ترسم لە چوونە بەرەی شەڕەوە نیە چونکە ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا گەورە بووین کە هەمیشە داستانی قارەمانەتی و بەرخۆدانی پێشمەرگەمان بیستووە.

ئەو بە دڵنیایی تەواوە دەڵێ: خۆمان بۆ خەبات ئامادە دەکەین و گرینگی بەوە نادەین دوژمنەکەمان چەندە بەهێز بێت.

وەکوو یارییەک، جەنگاوەرە کوردەکان دەست دەکەنە بە چاولێکردن لە دووربینی قەناسەوە و هەندێکیان بەرەو بەردێکی گەورە کە چەند سەد مەتر لە دوورییان هەڵکەوتووە، تەقە دەکەن.

فەرماندە دەڵێ: ئێمە چاوەڕوانی ئەوە لە ئیدارەی ترامپ ناکەین کە چەکوچۆڵمان پێ بدات یان یارمەتی ماڵیمان بدات، بەڵام لەو باوەڕەداین کە سەرکۆماری نوێ بەڵنییەکی توندوتۆڵی داوە بۆ وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران.

مەنگوڕی لەو باوەڕەدایە کە پەیوەندیی نزیکی نێوان دەوڵەتەکانی سەرکۆماری پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکان، باراک ئۆباما و سەرکۆماری ئێران، حەسەن رووحانی هەنگاوێکی باش نەبوون بۆ باشتربوونی بارودۆخی کوردەکان.

بەپێی راپۆرتێک کە لە لایەن هەنگاو، ماڵپەڕێکی کوردی ئێران لەسەر مافی مرۆڤ، بەرپرسانی ئێران ٣٢٨ کوردەیان لە ماوەی چوار ساڵی یەکەمی سەرکۆماری حەسەن رووحانیدا ئێعدام کردووە.

مەنگوڕی جەخت دەکاتەوە: ئەم یەکەی پێشمەرگە تایبەتە بە پیاوان، بەڵام ئێمە زۆر جەنگاوەری ژنمان هەیە لە بنکەکانی نزیک بە ئێرە.

بە پێچەوانەی میلیشیا کوردییەکانی دیکە، جەنگاوەرانمان ئیزنی ئەوەیان پێدەدرێ پەیوەندییان پێکەوە هەبێ و تەنانەت هەندێکیان پێکەوە زەماوەند دەکەن.

پاش تەمرین و دیسان گەڕانەوە بۆ بنکە سەربازییەکە، کاتی ئێوارەخوانە.

قابلەمەیەکی گەورە ماکارۆنی بە گۆشت و تەماتەوە هێنراوەتەوە نێوە بنکەکە بۆ بەخشینەوەی ئەو وزەی لەو پیاسەی ئێوارەیەدا بەکار هێنرا.

مونگوڕی دەڵێ: چێشت لێنان، خاوێنکردنەوە و هتد هەموویان چالاکیگەلێکی رۆژانە کە جەنگاوەرەکان فێری دیسیپلین دەکات.

پێشمەرگەکان لەسەر راخەرێکی پلاستیکی ناسکدا کە وەکوو سفرە تا دەکرێت، دادەنیشێرێن.

مورادپوور باس دەکات ئەگەرچی لە دەرەوەی ولات دەژی، بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ خزمەکانی چی دەکات.

بە شێوەی بەردەوام بە تەلەفوون پەیوەندییان پێوە دەگرم. هەندێ جار ئەوان بە شێوەی یاسای لە سنوور تێدەپەڕن و ئێمە دەتوانین لە شوێنێک لە کوردستانی عێراقدا چاومان پێک بکەوێت.

مورادپوور دەڵێ: دوو مامم و ئامۆزایەکم ئێستا لە بەندیخانەن. پێنج هاوڕێیشم بە گومانی هەبوونی چالاکی سیاسی دەستبەسەر کراون.

- تێپەڕین لە سنوور بە ئامانجی گەڕانەوەی ئازادی بۆ نیشتمان

مورداپوور لە باسی یەکێک لە سەرەکیترین چالاکییەکانی پێشمەرگەدا دەڵێ: ئێمە یارمەتی زۆرێک لەو چالاکە سیاسییانەی کە لە لایەن رێژیمەوە لە ژێر تەعقیبی قەزاییدان، دەکەین تا لە ئێران دەرباز بن و سنوور ببەزێنن.

سیاسەت و بارودۆخی ئێران هەموو باسەکانی پاش ئێوارەخوانەکەی داگیر دەکات. فەرماندە مەنگوڕی دەڵێ: ئێمە خوازیاری ئەو گۆڕانکارییانە نین کە لە عێراق، لیبی و سوریەدا روویان دا، راپەڕینگەلێک کە بە تەواوی لەنێو چوون. لە درێژەدا دەڵێ: رێژیمی دیکتاتوری لە ئێران دەبێ جێگەی بدا بە سیستمێکی دێموکراتیک. پاش ئەوە، ئێمە دەتوانین وتووێژ بکەین و داخوازییەکانمان بێنینە گۆڕێ.

فەرماندەی پێشمەرگە بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کەمایەتییە بەلووچ و تورکەمەنەکانی ئێرانیش هەمان ئاوات و ئامانجی ئەمانیان هەیە.

پێش چوونە جێگا، بورنەسەر شی دەکاتەوە کە حیزبەکە یارمەتییەکی کەمی ٤٠ دۆلاری بۆ هەر مانگێکیان پێدەدا و ئەوە زۆر نیە بەڵام یارمەتیمان دەکات هەندێ شتی پێ بکڕین. ئێمە نابێ لەبیرمان بچێت کە ئێمە خۆبەخشین و هەندێ لە پێشمەرگەکانیش پارەکەیان دەگەڕێننەوە بۆ حیزب.

بەیانی بە تیشکێکی تیژی خۆر کە دەلاقەکەوە دزە دەکاتە نێوەوە، دێت.

پاش چەندین ڕۆژ بەفربارینی قورس، ٤٨ کاتژمێری رابردوو ویشک بووە. بێ تاقەت لە ماندوویەتی و نووستن، پێشمەرگەکان دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی بەتانییەکان و ئاوی گەرمی چێشتخانەکە. بورنەسەر دەموچاوی خاوێن دەکاتەوە و سمێڵی بۆ شانە دەکات.

پاش بەیانی خوانی جۆراوجۆری تەماتە، زەیتوون، پەنیر، هێلکە و خەیار ـ بە شێوەی تیکەی بچووک بچووکی تێکەڵاو ـ ئێستا کاتی ئەوەیە پێشمەرگەکان چەکەکانیان خاوێن بکەنەوە یان بخوێننەوە.

بورنەسەر لە کاتێکدا کە خەریکی خوێندنەوەی ئایدیا شۆڕشگێڕییەکانی کارل مارکسە و لاقی لەسەر لاقی دانەوە دەڵێ: ئێمە سیاسەت و فەلسەفە دەخوێنینەوە چونکە رێبەری ئەفسانەییمان دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو دەڵێ ئەگەر ئێوە مێشکتان نەگۆڕن، ناتوانن کۆمەڵگا بگۆڕن.

ئەم کاتە لە ئارامش وا دەگەیەنێ کە باشترین کاتە بۆ بەجێهێشتنی شوێنی نهێنی حیزبی دێموکرات لە شاخەکاندا.

بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە رەنگە ئەو ئۆتۆنۆمییەی کە حیزبی دێموکرات دەیەوێ چەندە درێژماوە و رێگاکەی خوێناوییە، وێدەچێ شەڕی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی ئێران لەم هاوینەدا لە هەموو کات گەرمتر بێت.